”دۆخی قۆرخکاریی ھەمەلایەن وایکردوە جوڵەی سەرمایە لە هیچ شوێنێکدا، هێندەی هەرێم، سنوردارو کۆنترۆڵکراو و دەستبەسەرداگیراو، نەبێت. سەرمایە لە هەرێمدا، لە هەر بوارێکدا بکەوێتەکار، بەر هێزی ڕێکخراویی خێزانیی و حیزبیی و نوخبەویی دەسەڵاتدار، دەکەوێت و لەبەردەمیدا نوچئەدات. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو لۆژیکەی لە ھەرێمدا حوکمی کایەی ئابوریی دەکات، لۆژیکی ئابوریی خۆی نەبێت، بەڵکو لۆژیکی کەڵەکەکردن و پاراستنی قازانج و دەسکەوتی خێراو هەمەلایەنەی نوخبە حوکمڕانەکەی ھەرێم بێت، ئەوهشی ئەم لۆژیکە ئاڕاستە دەکات هێزە، ھێزی رووت، بەمانا هەرە سەرەتایی و داخراوەکەی.
ئەم دۆخە وایکردوە، لە سەرێکەوە کۆمەڵگاکە تەواو خاڵی بێت لە بوونی هەر «سەرەتایەکی یەکسان» کە بتوانێت ئەگەری پێشکەوتنێکی کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ، یان نیمچەسەربەخۆ، بخاتە بەردەستی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایە. لە سەرێکی دیکەوە کۆمەڵگاکە پڕکراوە لە دەنگەدەنگ و چەنەبازییەکی کەم وێنە، کە ئیشیان ئەوەیە دەنگی راستەقینەی کۆمەڵگاکە نەبیسرێت. ئەوەیشی زۆرجار ڕووئەدات بەریەککەوتنی ژاوەژاو و جنێو و تۆمەتکارییەکی رۆژانە بێت، کە لە دەیان کەناڵی میدیاییەوە دەڕژێنرێتە ناو کۆمەڵگاکەوە. بە کورتییەکەی ئەوەی لەناو ئەم ژاوەژاوەدا رووئەدات، بزربوونی هەموو بابەتێکە کە پەیوەندی بە ژیانی گشتیی و خواستی گشتیی و قازانجی گشتیی کۆمەڵگاکەوە هەبێت.
بەمەش کۆمەڵگاکە لە ئەگەری هەر ململانێیەکی راستەقینە بەتاڵکرابێتەوە. سیستمە سیاسییەکەش گۆڕابێت بۆ تۆڕێک بەدەوری قازانجی ئەو خیزان و بنەماڵانەدا کە یەکەمین قسە و دواهەمین قسە لەسەر شێوازی ئەو حوکمڕانییە دەکەن.“
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی