با عیبـرەتێـک لە دانیـال وەرگرین

15/09/2023

فـازیـل شــەوڕۆ





هەرچەندە پێشکەوتن و داهێنانی زانستی و تەکنەلۆژی ئەم سەردەمە، بە تیژڕەوی و خێراییەکی هێندە عەجیب، ڕۆژ دوای ڕۆژ، گۆڕانکاریی یەکجار سەرسوڕهێنەرمان دەخەنە بەرچاو و بەردەست، لێ، تاوەکو ئێستا هیچ زانا و دانایەک لەو سڕ و نهێنییە مەحکەم و قووڵ و ئاڵۆزە، سەر دەرناکەن، کە هێندە جوان و  ڕێک و بە ئەندازەیی هاوسەنگ و تەراوزووی ئەم گەردوونەیان ڕاگرتووە. هاوسەنگیی و هەندەسە و بەڕێوەبردنێک کە بە بچووکترین و وردترین پێوەری نانۆش، نە هەڵەی تێدایە و نە کەمووکوڕی و بە قەد ملیار بەش لە کەرتێکی حیسابیشدا هەڵە قبوڵ ناکات.

کە خودا لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێ:"ۆخَڵقَ كُلَّ شَیْ‌وٍ فَقَدَّرَهُ تَقْدِیرًا"، لێرەدا دەستەواژەی "هەموو شتێک"، هیچ دەرفەت و کەلێن و درزێک بۆ بچووکترین بچووکترین  شت ناهێڵیتەوە، کە "یەکێک" بتوانێ بە ئارەزووی خۆی چەکووشکاری و دەستکاریی تێدا بکات.
جا لەوەتەیی ئەم گەردوون و هەسارە جوانانە خەلق بوون – کە تەمەنیان بە سەدان ملیون ساڵ دەخەملێندڕین، قەت بە قەد ئەو سەت ساڵەی دواییدا، ئێمەی ناحەز ژینگە و گەردوون و بوون و ژیان، تێکدر و کاولکەر و دوژمنی بابەکووشتەی ئەوان نەبووین. تێكڕای زیان و کاولکاری و شێواندنی وەحشیگەرانی ئێمەی بە ناو مرۆڤ، بۆ ئەو تاقە ژینگە و زەمینە، هێندە گەورە و خراپ و وێرانکارانەیە، کە بە کۆی سەروەت و سامانی هەموو جیهان، جارێکی دێ نە نۆژەن دەکرێتەوە و نە وەک خۆی لێدێتەوە. سەدان کلیۆمەتر لە قووڵای دڵی زەمین، بەردەوام خەریکی هەڵکۆڵینین، دەیان ملیۆن هێکتار زەوی سەوز و ڕەنگینمان کردە بیابان، ڕۆژانە نزیکەی ٩٣ ملیۆن بۆشکە نەوت دەسووتێنین و دوکەڵەکەی هەڵدەدەینە نێو بەرگەی هەوا. ئەوا باسی ئەو هەزاران هەزار تۆن لە  خراپترین و موزڕتین باڕووت و چەک و تەقەمەنی هەر مەکە، کە ڕۆژانە خۆمان  خۆمانی پێدەکوژین.

لەوەتی گەردوون خەلق بووە، هیچ گیاندار و بوونەوەرێک، لە  غەیری بەشەر، نییە و نە بووە، کە بە قەد سەر دەرزییەک زیانی بە ژینگە و گەردوون و هەسارە  گیاندبێ، بە پێچەوانەوە، ئەوان ڕاگڕیی ئەو هاوسەنگییە ئەندازەییە جوانەی خالقن.  هەر بۆ  نموونە، مێروولە، ڕاگری هاوسەنگیی ژیانی سەر زەمینە. نەمان و قڕبوونی مێروولە، نەمان و فەنا بوونی ژیانی هەموو بوونەوەر و درەختێکە  - بە خودی مرۆڤیشەوە.

ڕاستە لە ئەزەلەوە، ڕووداوە سرووشتییەکان کاری خۆیان کردووە، لێ ئەو حیکمەتی پاراستنی ئەو هاوسەنگییەی تێدایە. بەڵام زانستاییە سەلمێندراوە، کە باعیزی ڕوودانی زۆربەی کارەساتە سرووشتییەکانی ئەو دواییە، مرۆڤە، واتا خۆمانین.

کە شووشەی پەنجەرەکەی ژوورەکەت بە ئەنقەست دەشکێنیت، سرووشت هاوین و زستان، تۆڵەی خۆیت لێ دەکاتەوە و دەستی خۆی دەوشێنێ. کەواتە کە هاوسەنگیی ئەم بوون و گەردوونە دەشکێنی، ئەو تۆڵەی خۆیت لێ دەکاتەوە و بە قەد سەرە دەرزییەک، دەستدرێژیی ئێوە قبوڵ ناکات.

زریانەکەی دانیال و بوومەلەزرەکانی ئەم دواییەی تورکیا و مەغریب و ئاگرکەتنەوەکانی کەندا، مرۆڤەکان ڕادەچلەکێنن و ئاگاداریان  دەکەنەوە، بۆ نموونە لە هەرێمەکەی خۆمان دەپرسێ:
ئەرێ، گەر خوانەخواستە، لافاو و زریان و ئاگرێکی وا بێ ئامان، لەناکاوڕا ڕووبدا، ئامادەکاریتان چەندە بۆ فریادڕەسی و کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانی و زەرەرو و زیان؟
ئایە سوپا و لەشکر و هێزی لاوانتان، مەشق و ڕاهێنانی تاییەتیان پێکراوە بۆ ئەوەی زیرەکانە ببنە فریادرەس و نەبێتە گەرەلاوژە و هاوار هاوار؟
ئایە، کەرەستە و کەلوپەل و شتوکەکی پێویست بۆ ئەو ڕۆژە سەختان، ئامارکراون؟ دابین کراون؟ بەردەستن؟ لە داودەرمان و خێوەت و نوین و خوارک و خواردن و خواردنەوە؟ ئایە بووجە هەڵگیراوە هەیە بۆ ئەو ڕۆژانە؟
ئایە، هاوڵاتیان، لە ژن و منداڵ و پیاو و لاو، هۆشیاریی خۆدەربازکردن و خۆپارستن و فریاردەسیان، لە ڕێی میدیا و مەڵبەندەکانی پەروەردە و ناوەندە  ئایینییەکان پێ دراوە؟ ئاگادار کراونتەوە؟ بە کردار، لەو شوێنانەی خەڵکی زۆری تێدا، چیی بکەن؟

ئایە ئامێری دەنگی و بڵندگۆ و ئینزارکردنی تایبەت دابین کراون، کە بە پاتری و  بێ وزەی کارەبا کارەدەکەن و لە شوێنی دیاری کراوی شار و شارەدێیەکان جێگیرکراون؟
پێویستە، هەم بەرپرسانی هەرێم و هەم هاووڵاتییان، ئەم پرسە بەو پەڕی جددیەتەوە وەرگرن. ڕۆژانە بە دەیان وتار و بابەت لە هەموو میدیاکان سەر ئەو خەڵکەی پێ دەهێشێنن، کە لە چاو خوانەخواستە ڕووداوێکی وەکو زریانی دانیال، هیچ هیچ بایەخێکیان نییە.
با تەماشای شارە جوانەکەی درنەی لیبیا بکەین، کە بە جەنەتی لیبیا دادەندرا و بە چاوی خۆمان بیبینین، کە بە سی خوولەک، چۆن لەسەر نەخشە سڕایەوە. لە کاتێکدا  دەکرا، یەک هاووڵاتی ئەو شار و دەڤەرە نەبن بە  قوربانی، گەر پێشوخت ئامادەکاریی  و ئاگادارکردنەویان بۆ بکرابایە.
با عیبرەتێک لە دانیال وەرگرین.
دررود لە ڕۆحی هەموو قوربانییەکان، لە هەر کوێیەک بن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە