لە ئەگەری نەکەوتنی ڕژێمی ئێراندا چی ڕوودەدات؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

گۆران هەڵەبجەیی

ڕژێمی ئێران یەکێکە لەو ڕژێمانەی لە ڕۆژی پەیدابوونیەوە بەر لە [٤٧]ساڵ تا ئەمڕۆ بەهۆی زەبر و چەوساندنەوەو کووشتنەوە درێژەی بە ژیانی خۆی داوە، زیادەڕۆیی نیە گەربڵێم کەم ڕۆژ تێدەپەڕێت کەسێکی تێدا لەسێدارەنەدرابێت. دەرکردنی سزای لەسێدارەدان هێندە ئاسانە وەک خواردنەوەی پەرداخێک ئاو وایە. گیانی هاوڵاتیانیان هێندە لا بێنرخ و بەهایە بەوەی پرۆسەی لە سێدارەدانیان گواستوەتەوە بۆ گۆڕەپانی باژێڕەکان کە ئەمەش جۆرێکە لە چاوترساندن.
دەسەڵاتدارانی ئێران گەر بیانویستایە دەیانتوانی بەجۆرێکی دیکە وڵاتیان بەڕێوە ببردایە، ئەو دەمە لەبری ناڕەزایی و دژایەتی،  سۆز و خۆشەویستی خەڵکی ئێرانیان بۆ خۆیان ڕادەکێشا .بۆنمونە ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەند وفرەبەرهەمە، بەتایبەتی نەوت و غاز کەداهاتێکی باشیان بۆ وڵات هەیە،بەڵام دەسەڵاتداران لەبری  ئەوەی  بەشێک لەو داهاتانە  بۆ خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان  خەرج بکەن ،بێکاری پێ چارەسەر بکەن، کەچی بەخشیانە هاوپەیمانەکانیان وەک حیزبوڵای  لوبنانی،حووسیەکانی یەمەن،حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستینی،حەشدی شیعەی عێراق.
لە حاڵەتێکی ئەوهادا  بێگومان دیوارێک لەنێوان خەڵک و  دەسەڵاتداراندا درووست دەبێت ،بەجۆرێک تا چەوساندنەوەو نادادی  زیاتربێت چینەکانی دیوارەکەش بەرزتر دەبنەوە .
 لە مێژە ڕژێمی ئێران شەرعیەتی مانەوەی  لەدەستداوە، ڕێژەیەکی کەم نەبێت کە چارەنووسیان بەدەسەڵاتەوە گرێدراوە  ئیدی زۆرینە ناڕازین .
لادانی دەسەڵاتی مەلاكانی ئێران گەر بەدەستی خەڵکی ستەمدیدەی ئێران بێت ئەوە باشترین دەستکەوت دەبێت ،لێ بەداخەوە ئەو دەرفەتە لە ئێستادا لاوازە.
پێشتر چەندین ڕاپەڕین خۆپیشاندانی مەزن ڕوویاندا کە نوێترینیان دوومانگ لەمەوبەربوو ،ئومێد هەبوو ببنە هۆی ڕوخاندنی دەسەڵات ، بەتایبەتی ئەوەی  بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینیەوە ڕوویدا ،کە هەموو ئێرانی  گرتەوەو عەرشی دەسەڵاتی لەرزان ، لێ مەخابن بەسییج و پاسداران بەدڕندانەترین شێوە خامۆشیان کرد و بێباکانە هەزارەها خەڵکیان کووشت.ئێستەش هەڕەشەدەکەن  و دەڵێن دەستمان لەسەر [پەلەپیتکەیە]  .
ترسەمەزنەکە لەوەدایە گەر ئەم جەنگە کۆتایی بێت و ڕژێمی ئێران نەکەوێت،ئەودەمە دۆخێکی مەترسیدار چاوەڕێی گەلانی ئێران و ناوچەکەدەکات. ڕاستە لەهەموو لایەکەوە بریندارە ،ژمارەیەکی زۆر لە ڕیزی یەکەم و دووەمی سەرکردە حکومی و سەربازی و ئیداریەکان کوژراون ،هاوکات ڕاستە کە وڵات وێران بووەو سەدەها دامەزراوەی سەربازی و ئیداری  جەنگی و خزمەتگوزاری وێران کراون ،ئەمانە هەموو ڕاستن بەڵام لەکن ڕژێمە سەرکووتکەرەکان ئەمانە زۆر  گرنگ نین، بەڵکو مانەوەی  خۆیان لەهەمووشت گرنگترە کە ئەوەش بەسەرکەوتن دەزانن.لە حاڵەتی  مانەوەیان لە دەسەڵاتدا، بەبۆچوونی من  سرووشتی دڕندەی ئەو ڕژێمە دەگۆڕدرێت بۆ دڕەندەتر،گەر بۆیان بکرێت وڵات و دەسەڵات دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی هاتنی خومەینی کە مەترسیدارترین سەردەم بوو .سەرکووتکردن و چەوساندنەوەی نەتەوەکانی غیرە فارسی ، وەک کورد ئازەر بلوج عەرەب و ئەوانی تر زیاتر و تووندتر  دەبێت.لەلایەکی ترەوە ئەو دەسەڵات و کیان  و حیزبانەی ئەم ڕژێمە هاوکاری کردوون ، ئەوانیش بارگاوی دەبنەوە و پۆز لێدەدەن و هەڕەشەش دەکەن ،بەتایبەتی حیزبوڵای لوبنان و حەشدی شیعەی عێراقی.
سەبارەت بەدەرەوەی ئێرانیش ،گەر بزانن هەر حیزبێک یا دەسەڵاتێک بەجۆرێک لەجۆرەکان هاوکاری ئیسرائیل و ئەمریکای کردوە، یاخود بێ هەڵوێست بووە بەرامبەر بە مەحکومکردنی هێرشەکانی ئەو دوو وڵاتە ،ئەوە  بێبەش نابن  لە  فشارو سەرزەنشت و دژاییەتی.
 دەربارەی هەرێمیش پێدەچێت پارتی بەشی شێری بەربکەوێت لە غەزەبی دەسەڵاتدارانی ئێران ،چونکە هەست دەکەن پارتی بەپپێی خواستی ئەوان نەجوڵاوەتەوە .
لەلایەکی ترەوە لەوانەیە هەندێک لەبزافە ئیسلامیەکانی  ڕۆژهەڵاتی نێوین  مانەوەی ئەو ڕژێمە بەدەسکەوت و سەرکەوتن بۆ ئیسلام هەژماربکەن ، ئیدی شیعەبن یاسوونە و  بکەونە جوڵە .
لەڕاستیدا و لەبەر ڕۆشنایی ئەزموون کە پێمان دەڵێت  پاش دەربازبوونی هەر ڕژێمێک لە قەیرانێکی  قوڵ گەرەکە  پەندووانەی لێ  وەربگیرێت ،بەوەی  سیاسەت و  ڕەفتاری لەگەڵ گەلەکەی خۆی  و دەورووبەردا  بگۆڕێت و  داوای لێبووردن لە خەڵکەکەی  بکات.
من ئەو نیەتە  لە ڕژێمی ئێراندا بەدی ناکەم ،چونکە خەسڵەتی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان وامان پێ ناڵێت ،بەڵکو لەکنیان گچەکەترین تەنازل بەشکستی و تەسلیم بوون دەزانن،کەواتە ناکرێت چاوەڕێی هیچ جۆرە گۆڕانکاریەک  لەو ڕژێمە بکەین .ئەوەی لە ئێستادا بەسەر ڕژێمی ئێراندا دێت، ئەنجامی سیاسەتی چەوت و مەترسیداری کەڵەکەبووی  خودی  ڕژێمەکەیە ،کە ئێستا بەگرانی باجەکەی دەدات.
بۆیە من  وای بۆدەچم و دڵنیاشم زۆرێک لە ئازادیخوازان هاوڕامن کە لەنێوچوونی ئەو ڕژێمە  لەبەرژەوەندی گەلانی ئێران و ناوچەکەدایە، وە مانەوەشی مەترسیە بۆ خەڵکی ئێران و دەڤەرەکە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی