به‌ڕێزتان كام جۆر سه‌ركرده‌ن؟

16/09/2023

سمکۆ ئەسعەد

هنرى كسنجه‌ر سیاسه‌تمه‌دارى ناوبانگى ئه‌مریكا له‌دوا كتێبیدا به‌ناوى (سه‌ركردایه‌تى ـ leadership) ئه‌ڵێت: سێ جۆر سه‌ركرده‌ هه‌یه‌:

یه‌كه‌میان: كارى به‌ڕێوه‌بردنى گشتیى حوكمڕانى‌و ئابورى‌و سیاسى ده‌وڵه‌ت ئه‌كات، بۆ به‌جێگه‌یاندنى به‌رنامه‌یه‌كى دیاریكراو.

دووه‌میان: ئاستى له‌یه‌كه‌م به‌رزتره‌، ده‌وڵه‌ته‌مه‌داره‌، وشیاره‌و ئه‌زانێت به‌رژه‌وه‌ندى وڵات له‌كوێیه‌و له‌چ ئاراسته‌یه‌كى مێژووییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یگرتووه‌، له‌سه‌ریه‌تى ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ به‌ئامانجبگه‌یه‌نێت، خۆى به‌به‌رپرس ئه‌زانێت به‌رامبه‌ر نه‌وه‌كانى ئاینده‌...
سێیه‌میان: به‌رزترین ئاستى هه‌یه‌، پێشڕه‌وو ئاینده‌ بینه‌، خاوه‌نى فه‌لسه‌فه‌یه‌كى حوكمڕانییه‌، له‌توانایدایه‌ ڕابه‌رایه‌تى میلله‌ته‌كه‌ى بكات به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى جیاوازو واقیعێكى نوێ..

ئه‌و پێشه‌كیه‌، له‌كتێبه‌كه‌ى (كسنجه‌ر) بۆ هه‌ر به‌ڕێزێكه‌، خۆى به‌سه‌ركرده‌ ئه‌زانێت، پێویسته‌ كرده‌وه‌و بڕیارو ڕابردووى خۆى به‌و سێ جۆر سه‌ركرده‌یه‌ به‌راورد بكات، بزانێت خۆى به‌كامیان ئه‌بینێت، ئه‌گه‌رنا، با به‌رۆكى میلله‌ت به‌ردا، ئاوڕێك له‌ڕێچكه‌ى شكسته‌ سیاسى‌و ئابوورى‌و سه‌ربازى‌و یاسایى‌و كارگێڕییه‌كانى ماوه‌ى (سه‌ركرده‌ ـ بوونى) بداته‌وه‌و وازبهێنێت.

هه‌ر به‌ڕێزێك خۆى به‌سه‌ركرده‌ ئه‌زانیت، با له‌خۆى بپرسێت (ئایا من سه‌ركرده‌م):
كاتێك قووت‌و كه‌رامه‌تى میلله‌تێكى به‌شخوراو ئه‌خه‌مه‌ قوڕگى شێره‌وه‌.
كاتێك چاره‌نووسى میلله‌تێك، به‌گره‌وكردن له‌سه‌ركۆمپانیاو بۆرییه‌ك، ئه‌به‌ستمه‌وه‌.
كاتێك په‌لى سه‌ربازى سوپاى عیراق ئه‌گرم‌و تا دوا لوتكه‌ى سه‌رسنوورى كوردستانى ئه‌به‌م.
كاتێك به‌به‌رچاومه‌وه‌، پۆستاڵى سه‌ربازى هه‌مان سوپا، ماڵ به‌ماڵى كورد له‌كه‌ركووك ئه‌شێلێت، منیش باس له‌(ئارامى‌و پێكه‌وه‌ژیان) ئه‌كه‌م.

له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌ڵێم: سه‌ركرده‌ نه‌بویت‌و نیت‌و نابیت، تا خاك‌و میلله‌ت به‌بارمته‌ى به‌رده‌وامبوونى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ت بزانیت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی