نازانم گوێمان لێدەگرن یان نا

18/09/2023

زەبەنگ بەهادین

پارەی زۆر و دەسەڵاتی زۆرتان بۆچییە ، هەموو مرۆڤێک لە ٤٠گم گوشت و ٢٠ گرام سەوزە و ١٠ گرام نانی زیاتری پێناخورێ ، ئەو جلەی بەرت مارکەی فیرساجی بێت یان کراسێکی ئاسای بێت هەر پۆشتەت دەکات و لەسەرما و گەرما دەتپارێزێ ، کام کەسایەتی لە مێژوو ناوی بە باشی مایەوە لەبەر ئەوەی رۆژی شەش جار نانی چەوری خواردوە ، کام سیاسەتمدار چوەە مێژوو بە نەمری لەبەر ئەوەی قاتەکەی بەری دۆلچی بوو ، ئەمرۆ بەسەربەرزی بژی مێژووش سەربەرز راتدەگرێ ، سەربەرزی دەسەڵات لە باشکردنی ژیان میللەتەکەیدایە .

ئەگەر دەسەڵات دەرگاکانی بەروی میللەتی خۆیدا  بکاتەوە  هەرگیز ناچار نابێت بچێتە بەردەم دەرگای بێگانە ، ئەگەر گوێ بۆ میللەتی خۆی بگرێت ، ناچار نابێت گوێ بۆ بێگانە شل کا ، کامیان باشترە لە بێگانە بپارێیتەوە یان داوا لە میللەتی خۆت بکەی ، جولەکە بۆیە سەرکەوتن خۆیان ئاڵتونەکانی بەری خۆیان دەبرد بۆ دەسەڵات چونکە دەسەڵاتەکەیان راست و باش بوو لەگەڵیان .

لێرە بە دوا لە نەوت و بازرگانی و تاڵانی و سیتی و زەوی و پارە گەرێن ، ئەوەندەتان هەبێ کە سەر و ماڵتان بە ئاشتی بەرێکرێ ، ئەوندەتان بەسە کە شەرفەمەندانە بژین و ناوتان بە جوانی لە مێژوودا بنوسرێ ، بۆ جارێکیش بێ گوێمان لێگرن ، بۆ جارێکیش بێ سەریرێکی چوار دەورتان بکەن بزانن ئەوانەی لە دەورتان راستیتان پێدەڵێن ، یان لە پاڵ ئێوەدا بە بلۆک دولار و باڵاخانەی بەرز بنیات دەنێنن ، لە دوایشدا دەبێ ئێوە بچنە بەر قاپیان و ئێوە زەرەرمەند بن ئەوانیش بزەی سمێلیان دێ ، هەر ئەو پارەی دەیدەنە کوێلە و دووروەکان  هەزار قوتابخانە و خەستەخانەی پێ دروست دەکرێ ، سبەی کوپەڵەتان بەتاڵ بێت هەر ئەوانەی دەورتان بەشەق کوپەڵەکە دەشکێنن ، کێ براتە تورک یان فارس یا عەرب یان کوردێک لە هەر بستێک ئەم کوردوستانە گەورەیە بێ ، کێ فریات دەکەوێ هاوزمان یان ئەوانەی هەر نایانەوێ ناوی کورد ببیسترێ ، لەو بەرزیە وەرنە خوار ووردە ووردە کارێک بکەن میللەت خۆشی بوێن ، لە بیرتان دێ لە ساڵانی نەودەکان خەڵک بە نانە رەقە رازی بوو بەس ئازاد و سەرفراز بێ ، بەخۆتانا بچنەوە هیچ زەرەر ناکەن ئێستاش درەنگ نییە با هەمویمان لە کیس نەچی . جا ئییتر نازانم گوێمان بۆ دەگرن یان بەردەوام دەبن تا واتان لێدێت  ئیتر لە هیچ کوێ گوێشتان  بۆ ناگیرێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی