دەردەکە خۆتانن دەمانەکەش لای خۆتانە

19/09/2023

مەجید ساڵح



ئەم هەفتەیە لوتکەی لاوازی دەسەڵاتدارانی کوردی باشور بوو لە بەرامبەر داگیراندا، جگە لە خودی بەرپرسەکان نەبێ ئەگینا زۆرکەس پێشبینی ئەم دۆخەی کردبوو، ئەوان کە لە هەڕەتی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و سەربازی خۆیاندا بوون، خەڵکیان پشتگوێ خست. پێیان وابوو هەموو شتێک بەو ئاراستەیەدا دەچێ کە خۆیان دەیانەوێ، تا هەبوو داهات و سامانیان برا بەش دەکرد. کە نەما کەوتنە ماڵ جیایی وپیلان دارشتن بۆ یەکتر لاواز کردن. جگە لە شێوازە تەقلیدییە کۆنەکانی شەڕی برا کوژی، لە رێگەی سۆسیال میدیا و میدیا زەبەلاحەکانیانەوە یەکتریان داشۆری و لەبەرچاوی خەڵک خوا سوکورسوا کرد، بێمتمانەیان گەیاندە رادەیەک ٢٠٪ خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندابەشداریان کرد. پەرلەمان و حکومەتیان وا لاواز کرد لە بەغاوە فەرمانی داخستنی پەرلەمانی کوردستانیان بەسەردا بسەپێنرێ،غافڵ بوون لەوەی لە پایتەختەکانیدەوروبەر بە بەغاشەوە، لە پشتی پەردە چ نەخشەیەک بۆ لاوازکردنی هەموو کورد، نەک بە تەنیا هەرێم لە ئارادایە.

نازنم ئەم رووداوە چەند راستە، بەڵام دەگێڕنەوە دوای شکستی کۆماری کوردستان، بارزانی داوای لە قازی کردوە خۆی رادەستی عەجەمان نەکات و لەگەڵیدا بچێت، چونکە ئەوان گەر ژێر کەوتن پێڵاوت ماچ دەکەن، بەڵام گەر سەرکەوتن بەسەرتا ملت ئەقرتێنن. ئێستا زروف گۆڕاوە،(بەغا) هەست بە سەرکەوتن دەکات، باوباوی مل قرتاندن و ئەنفالکردنیش نەماوە، بەڵام (بەغا) ئەیەوێ میللەتێک سەرشۆڕ و رسیوا بکات.

 کەرەستەی دەستی بەغدا بۆ ئەم رسواکردنە نە سوپای عێراق و نە حەشدی شەعبی و نە راگەیاندەکانی عێراقە، بێ تەقە و بێ هەراوهوریا وبێ خەرجکردنی یەک دینار، گەیشتونەتە ئامانجەکانیان کە نەهێشتنی متمانەی گەلی کوردە بە دەسەڵاتەکەی. ئەوان لە رێگەی خۆشکردنی ئاگری دووبەرەکی و دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان هێزە سیاسەیەکانی کوردستان، کارێکیان کردوە نە بە مەلیک فەیسەڵ کراوە کە لکاندنی کوردستان بوو بە عێراقەوە، نە بە سەدام کرا کە ئەنفال کردنی کورد بوو.

بەداخەوە، لە جیاتی دەرس وەرگرتن لەم شکستەی کە تێدان، بە پەلەپڕوزە دەچن بۆ بەغا و دەپاڕێنەوە بۆ ئەوەی ٥٠٠ ملیارەکەیان بۆ بکات بە ٧٠٠ ملیار، لەولاشەوە نامە بۆ سەرۆکی ئەمریکا دەنێرن کە کوردستان خوێنی لێ دەچۆڕێ تکایە فریامان بکەوە...!!

بەڕێزان وەک چۆن دەردەکە خۆتانن دەرمانەکەش لای خۆتانە، لە جیاتی پاڕانەوە لە بەردەم دەرگای محەمەد سودانی، لە جیاتی کڕوزانەوە لە سەرۆکی ئەمریکا و.....  کە هیچی لێ سەوز نابێ جگە لە بچوک بوونەوەی زیاتر، فەرموون بۆ یەک جاریش بووە ئەو کارە بکەن کە دەبوایە هەر لەسەرەتاوە بکرایە،  کە بریتیە لە رادەستکردنی دەسەڵات بۆ چوار ساڵ بە کەسانی شارەزا و تەکنکرات و دەستبەرداربوون لە یەکتری سوک کردن و داوای لێبوردن لە گەلەکەتان و یەکخستنەوەی ماڵی کورد و لە هەمووی گرنگتر نەچوونە ژێرباری شەڕی برا کوژییە کە قۆناغی دووەمی پیلانی داگیرکەرانە...
    

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە