سەردانی ماڵی ئێمیل زۆلا لە فەرەنسا

20/09/2023

ئەردەڵان عەبدوڵڵا


ئا: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

  ماڵی ئێمیل زۆلا، سەنتەرێکی کەلتوری گرنگی فەرەنسایە و تایبەتە بەم نووسەرە مەزنە. ئەم سەنتەرە  دەکەوێتە شوێنێکی تەواو دڵگیر و خۆش و ناوچەیەکی سەوزایی زۆر و دارستانی جوانی تیایە. لەم ماڵەدا زۆلا دوایین ساتەکانی ژیانی بەسەربردووە.

لە ماڵەکەدا بەشێکی زۆری دەستنووس، کتێب و شمەکەکانی ئەم کەڵە نووسەرە بەشێوەیەکی باش و مۆدێرن پارێزاوە. هەروەها بۆتە شوێنێکی گەشتیاریش کە خەڵکی بە پارە سەردانی دەکەن و سەیری کارو بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە مەزنە دەکەن. جگەلەوەش لە ماڵەکەدا هەموو ئەو رۆژنامە و گۆڤارانە هەڵگیراوە، کە زۆلا شتی تێدا نووسیون، یان لە دژی زۆلا بابەتیان بڵاوکردۆتەوە، تەنانەت ئەو رۆژنامانەشی کە بە خراپی باسیان کردووە. جگە لە نمایشکردنی فیلمی سینەمایی لەبارەی زۆلا و بەرهەمەکانییەوە، کە لە هۆڵی سەنتەرەکەدا نمایش دەکرێت.

لە بەشێکی تری ماڵەکەدا، تایبەت کراوە بە دۆسێی دریفۆس، ئەو ئەفسەرە جولەکەیەی کە لە کۆتاییەکانی سەدەی پێشوودا هەرایەکی گەورەی نایەوە و تاوانبارکرا بەوەی جاسووسی ئەڵمانیایە و خیانەتی لە فەرەنسا کردووە، ئێمیل زۆلاش بەوپەڕی دڵسۆزییەوە داکۆکی لێکرد. ماڵەکە حەوشە و باخێکی گەورەی هەیە، شوێنێکی تەواو دڵگیر و خۆشە و خەڵکێکی زۆریش سەردانی دەکەن.

سەردانی ماڵی نووسەری ناوداری فەرەنسا و جیهان ئێمیل زۆلا.  یەکێک بوو لە وێستگە گرنگەکانی ئەم سەردانەی دواییم بۆ فەرەنسا. زۆر سوپاسی دکتۆر محەمەد هەورامی  لە ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە فەرەنسا دەکەم، کە هاوکارییان کردم بۆ ئەم سەردانە و تەرجەمەکردنی قسەکانمان.


لە میانی سەردانەکەمدا چاوم کەوت بە  فیلیپ ئۆڕیۆل، بەڕێوبەری سەنتەرەکە و کتێبەکانی خۆمم پێشکەش کرد، کە ئەوانیش هەردوو نۆڤڵێتی لافاو، جەژنەکەی کۆکۆڤیل بوون، کە لە زمانی ئەڵمانیی و عەرەبییەوە  وەرمگێڕاوە. هەروەها کتێبی ئێمیل زۆلا، کە تێیدا باسی ژیان و شێوازی نووسین و قوتابخانەی سروشتگەراییم کردووە و خوێندنەوەم بۆ کۆمەڵێک کاروبەرهەمی زۆلا کردووە.

 فیلیپ ئۆڕیۆل زۆر دڵی بەم کارانە خۆشبوو، خۆشحاڵ بوو کە بەرهەمەکانی زۆلا کراون بە کوردی و نووسەرێکی کوردیش هێندە گرنگی بە زۆلا داوە. ماوەیەکی زۆریش لەگەڵی باسی زۆلا و کاری سەنتەرەکەمان کرد. هیوادارم ئێمەش لە کوردستانن گرنگی بە نووسەرانی خۆمان بدەین، سەنتەر یان ماڵی تایبەتی هاوشێوەی ماڵەکەی زۆلا بۆ نووسەران و ئەدیبان و هونەرمەندانمان بکەینەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی