سوڵتانی بکوژەکان و چاوڕاستەکانی

20/09/2023

خالد سلێمان




بکوژەکانی ژمارەیەک گەنجی کوردستان لەسەر خاک و زێدی خۆیان، بەئاشکرا پێمان ڕادەگەیەنن کە ئەوان نەک تەنها دووژمنی ئێمەن، بەڵکو چاویان لە ئاستی هیچ شتێکدا هەڵنایەت ناوی کوردی پێوە بێت. هەموو شێوازێکی کوشتن و بڕین بەرامبەرمان  بەکاردەهێنن، تەنانەت درەخت و گیانەوەرە کێوییەکانیشمان جینۆساید دەکەن. لەم دەورانی زیرەکی دەستکردەشدا، فاشیستەکانی تورکیا، بوونەتە خاوەن هێزێکی دیاری وێراکنکردن و ئیتر پێویستیان بە فڕۆکەوانێک نیە خوێن لە جەستەیدا بێت و خوێنیش بڕێژێت، ئەوان لە رێگەی درۆن و زیرەکی دەستکردەوە، بەخوێنێکی سارد خوێنی گەرمی هەر کوردێک دەڕێژن کە بە دڵی سوڵتانی بکوژەکان نەبێت.

مەترسی و هەڕەشەکانی ئەم فاشیزمە تەکنۆکراتەی تورک، درێژکراوەی مێژوویەکی دوورو درێژی دووژمنایەتیکردنی کوردو ئارەزووی لەناو بردنیەتی. تورک لەسەر جەستەی ئەرمەنەکان ئیعلانی ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی کردو دووای زیاتر لەسەدەیەک، دەیەوێت لەسەر جەستەی کورد مێژووی دڵڕەقی و ڕەگەزپەرستیی خۆی بەتەواوەتی جێگیر بکات.

ئەوەیان خاڵێکی ئاشکرایەو هەموو کوردێکی دەرەوەی بازنەی خزمەتکاری و گوێڕایەڵیی بەردەم ماڵی ئەردۆگان دەیزانێت، بەڵام ئەوەی نائاسایی و نا لۆژیک و ناپەسەندو نا ڕەسەنییە، ئەوەیە کە کورد ببێتە زمانحاڵی فاشیزمێکی تورکی کە سڵ لە هیچ بەهاو بەربەست و ئەخلاقێکی مرۆیی ناکاتەوە.

یادی بەخێر بێت، ساڵی 1998 نووسەرو مێژووناسی گەورەی عیراقی هادی عەلەوی، ڕەتیکردەوە لە گەورەترین کۆنگرەی بیرمەندانی دنیا لە ئەستەنبول ئامادە بێت. بەلای ئەوەوە ئامادەبوون لەو کۆنگرەیەدا کە بۆ فیکرو دیالۆگی نێوان گەلان تەرخانکرابوو شتێکی بێمانایە، لە کاتێکدا کورد لە تورکیادا ڕووبەڕووی لەناوبردنی فیزیکی و کولتووریی دەبێتەوە. دووای تێپەڕبوونی 2 دەیە بەسەر ئەو هەڵوێستە دەگمەنەی عەلەوی-دا، ئەمڕۆ لە کوردستان، نوخبەیەک بوونەتە دەمڕاستی تورکەکان و شەرعیەت دەدەنە هەموو تاوانێک لەسەر زێدی خۆمان ئەنجامی دەدات. ئەمانە چاوڕاستی فاشیزمێکی نێودەوڵەتین کە دنیا بەدووژمنی خۆی دەزانێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی