لەنیمچە دەوڵەتەوە بۆ هەرێمۆچکە!

23/09/2023

دڵشاد ئەنوەر

تا پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەساڵی 2017، هەرێمی کوردستان تەنها هەرێمێک نەبوو لە چوارچێوەی عێراق دا، بەڵکو نیمچە دەوڵەتێکبوو، تەنها بەناویش لە چوارچێوەی عێراقدا بوو.

هەرێم پارەی لەبەغدا وەرنەدەگرت، دەسەڵات و هێزی هەبوو، تەواوی ناوچە کێشەلەسەرەکانی لە ژێر کۆنترۆڵدابوو، فڕۆکەخانەو دەروازەو پەیوەندی دەرەکی و هەمووی بێ حسابکردن بۆ عێراق بەڕێوەدەبرد. تازە شەڕی داعش کۆتایی هاتبوو، پاڵپشتییەکی بەهێزی نێودەوڵەتی هەبوو.

دەکرێت بپرسین؛ لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم چی بوون؟
تا پێش ڕیفراندۆم، تورکیاو ئێران دوو سیاسەتی پێچەوانەیان بەرامبەر هەرێم پەیڕەو دەکرد، بەڵام ڕیفراندۆم لە دژی هەرێم یەکیخستن، لەیەکتری نزیکیکردنەوە و هەماهەنگی دروستبوو، تا پێکەوە بەر بە مەترسییەکانی سەریان بگرن.

جیاواز لەوەی هەموو وڵاتانی نێودەوڵەتی تەکلیفیانکرد، تا ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرێ، بەڵێنی گەورەشیاندا گەر پرۆسەکە دوابخرێ، لەگەڵ ئەوەشدا هۆشدارییاندا لە هێرشی عێراق و وڵاتانی هەرێمی بۆ سەر کورد، گەر گوێڕایەڵییان نەکرێ، بەڵام دواجار ریفراندۆم ئەنجامدرا و ئەنجامەکەشمان بینی.

واتە ڕیفراندۆم تەنها پرۆسەیەک نەبوو، هەڵوێستی ئێران و تورکیا یەکبخات، بەڵکو پرۆسەیەکبوو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشی لەهەرێم تا ئەندازەیەک دوورخستەوەو وایکرد بێدەنگی هەڵبژێرن لە هێرشی عێراق و ئێران بۆسەر ناوچە کێشەلەسەرەکان و گرتنەوەی ئەو ناوچانە لەلایەن عێراقەوە.

بۆیە دەبێت بڵێین؛ لەدەستدانی ٥١٪ خاکی هەرێم، یەکخستنی هەڵوێستی تورکیاو ئێران و لەیەکترنزیکبوونەوەیان، نیگەرانبوونی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە گوێ لێنەگرتنیان، دەستبەرداربوونی بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم، دروستبوونی مەترسی لەسەر ناوچەکانی ناوچوارچێوەی هێڵی 36، هەروەها گەورەبوونی قەیرانی ئابووری لەوکاتەدا کە دواجار بەناچاری بەشێک لە بۆری نەوت بە کۆمپانیای روزنەفت فرۆشرا بۆ دابینکردنی بودجە، لەدەستدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، هەموو ئەمانە لێکەوتە هەنوکەییەکانی ئەوکاتی ڕیفراندۆم بوون، بەڵام ئەو دۆخە نەخوازراووی ئێستا هەرێمی تێدایە کەدواتر دێمە سەری، لێکەوتە دوور مەوداکانی ڕیفراندۆمە.

پرسیارێکی تر دێتە پێشەوە، ئایا سەرکردایەتی ئەوکاتی هەرێم نەیاندەزانی ئەمە ڕوودەدات؟
پێموانییە نەیانزانیبێت، بەڵام هەندێک هۆکار وایکرد مەترسییەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە جدی لە بەرچاو نەگیرێت. بەندە وەکو ڕۆژنامەوانێک چەندین وتارم پێش ڕیفراندۆم نوسی و وتارەکان ماون، باسم لە کۆنترۆڵکردنی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان کردبوو، گەر پرۆسەکە ئەنجام بدرێت.

زۆر بەرپرسم ئەوکات تا ئاستی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتیش بینی، لێم پرسین: گەر ڕیفراندۆم بکرێت، کورد ناوچە کێشەلەسەرەکان لەدەست دەدات و هەرێمی کوردستانیش بۆ "هەرێمۆچکە" لە قاڵب دەدرێ، ئێوەش هاوڕان؟

بەشی زۆریان پێیانوابوو قەبارەی مەترسییەکانی ڕیفراندۆم بەو ئەندازە گەورە نییە، ڕەنگە هەندێک تەق و تۆق لەناوچە کێشە لەسەرەکان ڕووبدات، واتە بێ ئاگابوون لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ڕیفراندۆم!

چەند ڕۆژێک دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، نەجمەدین کەریم پارێزگاری ئەوکاتی کەرکوک کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە دیوانی پارێزگا ئەنجامدا، بەندە لەوێ ئامادەگیم بوو، کۆنگرەکە ئێستاش ماوە، لێم پرسی ڕیفراندۆم ئەنجامدرا، ئایا هەست ناکەن لەمەودوا ڕووداوی گەورە ڕووبدەن؟ لە وەڵامدا وتی"زۆر هەرێم و ناوچە ڕیفراندۆمی ئەنجامداو دواتر ئەمری واقعیان دروستکرد، هیچیش ڕووینەدا."

کاتێک وەڵامی بەرپرسانی کوردم دەبیست، هەمان پرسیارم ئاراستەی بەرپرسانی شیعە دەکرد، کاتێک ڕاستەوخۆ بۆ کاری ڕۆژنامەوانی دەچوومە لایان، دیاربوو ئەوان ئاگایان لە ڕوودانی شتی گەورەبوو، دەیانگوت"چاوەڕێ بکە، بزان چی ڕوودەدات‌!" هێندەی تر دڵنیادەبووم، شتی گەورە بەڕێگەوەیە...

ڕاستە ئەوکات خەڵک بەو شێوەیە فریودرا، گوایە ئەمەریکاو ئیسرائیل لە پشت ریفراندۆم و دەوڵەتی کوردییەوەن، ڤیدیۆی فرۆکە نیشاندەدرا گوایە هاتوون بۆ پشتگیری کورد، بێ ئەوەی ئەمە ئەسڵ و ئەساسی هەبێت. هەندێک کاربەدەستی خانەنیشینکراوی دەرەکیش هێنرابوون، گوایە ئەمانە پلان داڕێژەری ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردین، ئەمەش بەشێکبوو لە جۆشدان و بزواندنی هەستی خەڵک.

 هەندێک لە لایەنە کوردییەکانیش خرانە ژێر باری ئەمری واقیع تا پشتگیری ڕیفراندۆم بکەن، گەر نەیانکردایە بە نەیاری سەربەخۆیی تۆمەتبار دەکران، بەڵام زۆر کەسایەتی سیاسی کوردی هەبوو دۆخی دوای ڕیفراندۆمی لێوەدیاربوو.

یەکێتی لە سەروەختی ڕیفراندۆمدا بە دۆخێکی پڕ لە پەرتەوازەیی و فرە مینبەریدا تێدەپەڕی، بەشێکیان دژی ریفراندۆم و بەشی زۆریان پاڵپشتبوون، ئەمە دەرفەتێکی باشبوو بۆ بارزانی تا لە ڕێگەی پاڵپشتەکانەوە ئەوانیتریش ناچاری ڕازیبوون بکات، هەرواشیکرد، ئەگەرچی تا دوو ڕۆژ پێش ئەنجامدانی پرۆسەکە، لەناو رێکخستنی ئەو حزبە مشتومڕ بوو لەسەر ئەنجامدان و نەدانی.

خودی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی حکومەت، ژیرانە مامەڵەی دەکرد، دیاربوو لەگەڵ ڕیفراندۆمدا نەبوو، نەشیدەتوانی بە ئاشکرا دژی بێت، بۆیە هەمیشە دەیگوت"ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە نییە لە عێراق." تەنانەت دوای ڕیفراندۆم و کۆنترۆڵکردنی کەرکوکیش لەلایەن عێراقەوە، کاتێک نێوان یەکێتی و پارتی گەیشتە ئاستی جنێودان بە"دایک و باوک"ی یەکتری، نێچیرڤان نەیهێشت شەڕەکە بڕواتە ناو حکومەتەکەی، بۆیە یەکێتی و پارتی وەکو حزب نێوانیان وێرانبوو، بەڵکو دۆخەکە ناو حکومەت شتێکی تربوو.

ڕەنگە بارزانی ئەوکات تێگەشتنی هەبووبێت بۆ خراپی دۆخەکە و مەترسییەکانی ڕیفراندۆم، فشارەکانی سەریشی گەورەبوون، بۆیە لە کەرنەڤاڵێکدا گوتی"هێندە حساب بۆ کەس ناکەین."..بەڵام کشانەوەی بە عەیبە دەزانی، قوڵی ناکۆکییەکانیشی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق وایکرد بێ لێورد بوونەوە، درێژە بە یارییەک بدات ئەوسەری دیار نەبێت.

کاتێک پرۆسەکە ئەنجامدراو مەترسییەکانی لێکەوتەکانی پرۆسەکە ڕوونبوویەوە، بارزانی هاتە سەر تی ڤی و وتارێکیدا، ڕایگەیاند،"ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە نەبووە، داوا لە سەرۆک وەزیران عیبادی دەکەم هەوڵی هێورکردنەوە بدات."

دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، قۆناغی 16 ی ئۆکتۆبەر و هێرشی ئێران و عێراق بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان دەستیپێکرد، بێگومان بەڕەزامەندی و پاڵپشتی تورکیا و بەسود وەرگرتن لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە ئەوکات لەسەر گوێڕایەڵی نەکردنیان لەهەرێم نیگەرانبوون.

لەشکرکێشی بۆ سەر ناوچە کێشەلەسەرەکان گەورەو فراوانبوو، لەبەرامبەریشدا هێزی کوردی پەرتەوازە و ماندوو، لەڕووی ژمارەو چەک و تەقەمەنییەوە شەڕێکی ناوهاوسەنگ. ڕەنگە گەر بەشێک لە یەکێتی نەچووبایەتنە ناو هاوکێشەی تاکلایەنەی ڕێککەوتنەوە دۆخەکە ئاقارێکی تری وەرگرتبا، بە تایبەت دوور نەبوو گەر کوشتاری زۆر ڕوویدابایە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچاربوون بێنە دەنگ.

بەڵام لێرەدا هاوکێشەیە تر دەهاتە پێشەوە، گەر شەڕەکە بەردەوام بایە، کوشتاریش ڕوویدابا و گڵۆپی سەوزی دەرەکی بۆ لەشکرکێشییەکە درێژەی بایە، ئەوکات دۆخێکی تر ڕوویدەدا، خەڵکی زۆر ئاوارەو دەربەدەر، تەواوی حزبە کوردییەکانیش لەکەرکوک دەردەکران و ئێستا هاوشێوەی پارتی ڕێگەی گەڕانەوەیان پێنەدەدرا.

پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا 16 ی ئۆکتۆبەر خیانەتبوو؟
16ی ئۆکتۆبەر خیانەتبوو، چونکە نەدەکرا تۆ لەلایەک پشتگیری ریفراندۆم بیت و لەلاکەی تریش بچیتە ڕێککەوتنێکی ترەوە، دەبووایە گەر لەگەڵ ریفراندۆمیت هەڵوێستەکەت تا سەر بایە، گەر دژیشی بووی هەر لە سەرەتاوە دژ بای.

لەگەڵ ئەوەشدا، خیانەتی 16 ی ئۆکتۆبەر هۆکاری لەدەستدانی ناوچە کێشەلەسەرەکان نەبوو، بەڵکو 16 ی ئۆکتۆبەر دەرئەنجامێکی جوزئی ڕیفراندۆمبوو، گەر ریفراندۆم نەکرایە، گەلە کۆمەی ئیقلیمی و لەشکرکێشی بەو جۆرە ڕووینەدەدا. خۆ گەر ریفراندۆمیش نەکرایە، ڕووداوەکان بە شێواز و جۆری تر ڕوویاندەدا، بەتایبەت ڕەنگە کەرکوک وەکو شار چاوپۆشی مانەوەی لە ژێر دەسەڵاتی کوردی تاڕادەیەک لێکراباو گرتنەوەی زۆر دواخرابا، بەڵام کێڵگە نەوتییەکان بە"هێز بایە یان ڕێز" لەکورد دەسەنرایەوە.

ئەی گەر ڕیفراندۆم سەری گرتایە و لەشکرکێشیش نەکرایە چی ڕوویدەدا؟ ئەی کوا تاپۆ ڕەشەکەی ریفراندۆم؟
خۆ گەر ریفراندۆمیش سەری گرتباو بێدەنگیشی لێکرابایە، کورد هیچ دەستکەوتێکی لەو پرۆسەیە دەست نەدەکەوت. هەرێم لە نێو گەمارۆی چەند دەوڵەتێکدایە هەموویان دژی پرۆسەکە بوون، ئەوەتا چەند مانێگە تورکیا ناردنی نەوتی ڕاگرتووە، هەرێمی ناچاری بە تەنازولی دونیا بۆ عێراق کردووە. دۆخی تۆ لە ڕووی جوگرافیاوە بەمشێوەیە بێت، چۆن دەتوانیت بێ حسابکردن بۆ دەوروبەر و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، سود لە ئەنجامی ڕیفراندۆم وەربگری؟

تا ئەم چرکەساتەش بانگەشەی ئەوە دەکرێت گوایە ڕیفراندۆم تا پۆی ڕەشە!
تاپۆی ڕەش، واتاکەی ڕوونە، بێگومان دەبێت لەکاتی پێویستدا بەکاربهێنرێت و ئاقاری ململانێکەی بەلای بەرژەوەندی خۆتدا پێ یەکلایی بکەیتەوە. هەرێم ئێستا لەهەمووکات کۆڵەوار و دەردەدارترە، بەغدا حسابی بۆ ناکات، ئێران و تورکیا خنکاندوویانە، گەر ئەم بانگەشە دروستە، ئیتر ئەم تاپۆ ڕەشە بۆ کەی؟ چ کات لە ئێستا زەروورترە؟!

لەکۆتاییدا پێویستە بپرسین: ئایا لێکەوتە دوور مەوداکانی ڕیفراندۆم چین؟
بێگومان وەک سەرەتا ئاماژەم پێکرد، لەدەستدانی ٥١٪ خاکی هەرێم، یەکخستنی هەڵوێستی تورکیاو ئێران و لەیەکترنزیکبوونەوەیان، نیگەرانبوونی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە گوێ لێنەگرتنیان، دەستبەرداربوونی بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم، دروستبوونی مەترسی لەسەر ناوچەکانی ناوچوارچێوەی هێڵی 36، هەروەها گەورەبوونی قەیرانی ئابووری لەوکاتەدا کە دواجار بەناچاری بەشێک لە بۆری نەوت بە کۆمپانیای روزنەفت فرۆشرا بۆ دابینکردنی بودجەو لەدەستدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، هەموو ئەمانە لێکەوتە هەنوکەییەکانی ئەوکاتی ڕیفراندۆم بوون.

لە سەروبەندی 16 ی ئۆکتۆبەردا، پارتی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە، ژیرانە هەموو تۆپەکەی لە سەری یەکێتیدا شکاندەوە، هەموو کێشەکانی گێڕاندەوە بۆ تەنها ڕۆژێک، کە ڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەربوو...چاوی لەسەر ریفراندۆم و ئەو گەلە کۆمە ئیقلیمییە لادا کە بووە هۆی ڕوودانی 16ی ئۆکتۆبەریش. ئەم هەنگاوەی پارتی بۆ کاتی خۆی هەنگاوێکی ژیرانەبوو، بۆ لابردنی چاو لەسەر هەڵە گەورەکانی خودی بارزانی، بەڵام بۆ درێژ مەودا و بەتایبەت لەمەودوا، وردە وردە شتەکان ڕوون دەبنەوە و خەڵکیش لە هاوکێشەکان تێدەگات.

هێدی هێدی لاوازبوونی پشتگیرییەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ هەرێم، متمانە نەبوونی یەکێتی و پارتی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان، تۆخبوونەوەی دابەشبوونە ئیقلیمییەکان، کۆڵنەدانی تاران و ئەنکەرە لەسەر قاڵبدانی هەرێم و نەڕەوینەوەی ترسەکانی سەردەمی ڕیفراندۆمیان، قوڵبوونەوەی درزی ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدا و چێژ وەرگرتنی عێراق لە ئازاردانی زیاتری هەرێم، هەموو ئەمانە بەشێکن لە لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم.

بۆیە ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێش ڕیفراندۆم نیمچە دەوڵەتێک بووین، بەڵام دوای 30 ساڵ موچەی مانگێکمان پێنادرێت، چاومان لەدەستی بەغدایەو لە ئەندامێکی شۆڤێنی لیژنەی دارایی دەپاڕێینەوە تا سکاڵا تۆمار نەکات لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێم، ئەمە دەلالەتە لەوەی هەرێمەکەمان نەک گەیشتووەتە ئاستی هەرێمۆچکە، بەڵکو لەسەرە مەرگیشدایە...

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی