_ ناگۆرنۆ قەرەباخ، هەرێمێکە سەر بە ئەرمەنستانە و ماوەی ساڵێکە دەوڵەتی ئازرباینجان گەمارۆی خستووەتە سەر بۆ ئەوەی فشارێک لەسەر گروپە جوداخوازەکان دروستبکات و لەوێ خۆیان تەسلیم بکەن و چەکەکانیان دابنێن، بەڵام دواجار گروپە جوداخوازەکان ملیان بۆ داواکەی ئازرباینجان نەدا تا دواجار دەوڵەتی ئازەر هێرشی سەربازی بۆ سەر ناوچەکە دەستپێکرد.
ڕۆژانە چەندین ژن و پیاو و مناڵی بێتاوانی ناوچەکە دەبنە قوربانی و کراوە بە مەیدانێک بۆ وێرانکردن و خوێن ڕشتن و کەس خۆی لێناکات بەخاوەن، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت دەوڵەتی ئەرمەنی بێدەنگ و بێ هەڵوێستە و بگرە تەواوی زلهێزەکانی جیهانیش لەم شەڕەدا هیچ هەڵوێستێکیان نییە چونکە بە هەموویانەوە شەرعییەت بەدەوڵەتی ئازەری دەدەن!
_ مەهێڵن سلێمانی ببێت بە ناگۆرنۆ قەرەباخی دووەم...
هۆشدارییەکانی وەزیری بەرگری تورکیا بۆ سەر سلێمانی هەمان بۆنی سیناریۆی ناگۆرنۆ قەرەباخ دەدات و ناکرێت نادیدە بگیرێت، ئەوەتا بۆ حەوت مانگ دەچێت گەمارۆی ئاسمانی و ئابووری دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ئەو شارە چڕبووەتەوە تا گەیشت بە ئاستی داخستنی فرۆکەخانەی سلێمانی و بۆردومانکردنی فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت! دوای ئەو هەموو ڕووداوە ئایا کام دۆست و کام هاوپەیمانی ئیقلیمی و ئەوروپی هاتە دەنگ و داوای لە تورکیا کرد بوەستێت!؟ دەبێت ئەوەندە خوێندنەوەمان هەبێت و تێگەیشتبین کە لە داهاتووشدا بەرامبەر هەر هەنگاوێکی تورکیا بۆ سەر سلێمانی دیسانێکە تەواوی جیهان بێدەنگ دەبێت و بێگومان عەفرین و گرێ سپیمان لەیادە و مێژویەکی کۆنی نییە...
بۆیە پێویستە پەکەکە هەمان ڕۆڵی جودا خوازەکانی ئەرمەن نەگێڕن و نەهێڵن سلێمانی بکرێت بە ناگۆرنۆ قەرەباخێکی تر، بەڵکو وەک شۆڕشگێرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن هەڵوێست بن و لەپێناو پارێزگاریکردن لە ئەمنییەت و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بڕیاربدەن و نەهێڵن سلێمانی ببێتە مەیدانی جەنگ و ڕێگە نەدەن لەوە زیاتر جەرگی دایکەکان بسووتێ.
سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری و هونەرە تکایە مەهێڵن هاوشێوەی کەرکوک تەسلیمی قەدەر بکرێت یان وەک ناگۆرنۆ قەرەباخ بکرێتە وێرانە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی