خەڵك نەخۆش نین، بەراورد ئەکەن!

26/09/2023

هادی حەمەرەشید


نەك دەسەڵاتی جوتحیزبی هەرێم، بەڵکو بەشێك لە بەناو ئەکادیمیستی مژخۆشکردوو لە پۆست و پێگە ئەکادیمییەکان و بگرە چەند ڕۆشنبیری سەرڕاست و ئازادییخوازییش، پێیان وایە کە ئەوە نەخۆشیی دەروونیی(سەندرۆم)ـە کە خەڵکی قوربانیی هەرێم ستایشی جەلادێکی وەك سەددام ئەکەن.

بەڵام لەڕاستییدا خەڵك جەللادپەروەر و ستاییشکاری دیکتاتۆر نین، بەڵکو دەرئەنجامی ڕووداوەکان و بەراوردی نەهامەتیی و دەستکەوتەکان گەیاندنی بەو بڕوایە!
بۆ ئێمەومانان بەشی یەکەمی هەڵگرانی ئەو سەرنجە هیچ بایەخیان نییە، چونکە ئەرکدار کراون کە چەواشەکاریی بکەن، خەڵك بخەنە خانەی نەخۆشی دەروونیی و بە شێت و سەرلێشێواو وێنایان بکەن.

بەڵام بەشی دووەم کە مرۆڤی پاك و بێ منەتن لە دەسەڵات و ئیمتیازاتەکانی، پێویستە وردتر لە دیاردەکە بڕوانن!
کە بەعس ۱۹۹۱ لایەنی کەم لەم چەند پارێزگایە دوورئەخرێتەوە، ئایا هێشتیان هزر و بڕواکانی لەگەڵ خۆی ببات؟
بەتایبەتیی ئەم نەوەیەی ئێمە وامانزانی هەموو شتێك کۆتایی هاتووە، بێئاگا لەوەی کە بەشێك لە(بەناو پێشمەرگە و تێکۆشەران)هێشتا لەشاخ بوون لەگەڵ بەعس لە پەیوەندیدا بوون و ڕەنگە تا ڕۆژگاری دوای کەوتنی بەغدا و ڕووهەڵماڵرانی مەلەفەکانیشیان بەردەوام بووبن!
پاشان پاش سێ ساڵ لە تاوانی کیمیاییباران و ئەنفال؛ سەرکردەکانی کورد(خودی بارزانیی و تاڵەبانیی) نەچوونە بەغدا و دوور لە ئەتەکێت و پڕۆتۆکۆڵاتی دیپلۆماسیی و وەك مناڵێکی گوێڕایەڵ لەبەردەستی سەددامدا دانەنیشتنەوە؟!
ئینجا لە سی و یەکی ئابی ساڵی نەوەد و شەش پارتیی بە سەما و هەلهەلە پێشوازییان لە سوپاکەی نەکرد؟!
ئەمانە هەموو بەلایەك، توانرا فرمێسکی خەڵك بسڕن و نموونەیەکی جیاواز لە سەددام پێشکەش بکەن، لە بەڕێوەبردن، پەروەردە، کرانەوە و دیموکراسیی و فرەیی، لە بەرخورد لەگەڵ ئەویتردا، لە دەزگای پۆلیس و زیندان و پەیوەندیی حیزب و حکومەت و سەرمایەی نیشتیمانیی و هەواڵگریی هەرێمایەتیی و شکۆی تاکی کورد و تاد؟!
عەزیزان  ئێوە زۆر سەیرن؛ بەیانییەك لە خەو ڕائەبین و ئەبینین کە ئێوە دەسەڵاتی هەرێم بە تۆتالیتار و دیکتاتۆر و ژنکوژ و ڕۆژنامەنووسکوژ و ئازادییخوازکوژ و بکوژی خەونی مرۆڤی کورد ناوئەبەن.

کە ئەم بڕوایەی ئێوە بە لۆژیك و فاکت ئەبێت بە ڕای گشتیی، هەر خۆتان دێنەوە و وانەو مەترسیی(خودنەفرەتیی) و نەخۆشی دەروونیی(سەندرۆم)مان پێئەدەن!
د.فەرهام جارێك لە هەفتەنامەی(وێران) بە مانشێتێکی باریز ووتی:((میز بکەن بە نیشتیماندا) هەر ئەوەش نا، بەڵکو بە کاریکاتێر وێنەی ئامێرێکی نێرینەی گەورەی کێشا بوو کە میزی ئەکرد بە نەخشەی کوردستاندا!
کەچی چەند ساڵ دوای ئەوە کە گەنجان چوونە سەر شەقام بۆ مافی خۆیان، ئەو لە زاگرۆس و کەی تیڤی دەیان تەشهیری بەو خەڵکە کرد!
  بەختیار عەلیی لە (ستایشی من بۆ دەسەڵاتداران)دا ئەم وەڵامەی دایەوە، کە بۆچی خەڵکی ئێمە گەیشتە ئەو دەرئەنجامە؟!
خەڵك نەخۆش نییە، بەڵکو مافی خۆیەتی بەراورد بکات!
((ئەمە دیاری ئێوەیە؛
     میللەتێك بە سەد دەست لێتان ڕادەکات
نەتەوەیەك هەزار قاچ قەرز دەکات و
دەچێتە ناو هەزار ئاگر و هەزار باڵ دەخوازێت و
بە هەزار نینۆك بە سەر زەمینی هەزار بێگانەدا دەڕوات، میللەتێك خۆی بە هەزار ڕەشەبا و هەزار جەنگەڵ و هەزار دەریا دەبەخشێت
گیرفانەکانی پڕ دەکات لە تووتڕکی هەموو میللەتانی‌تر. دەنووشتێتەوە بۆ هەزار دەریاوان و دەلیل و ئەستێرەناسی‌تر.
ئێوە واتان کرد
بۆ یەکەمجار جەهەنەم لە بەهەشت جوانتر بێت.
دەریایەك لە خۆڵەمێشتان بۆ داناین و گوتتان ئەمەیە ڕووناکی، لمتان بۆ کردینە کاس و گوتتان ئەمەیە شەراب
شەیتانتان بۆ ڕازاندینەوە و گوتتان ئەمەیە خودا
کینەتان دەرخوارداین و گوتتان ئەمەیە ئازادی.
ئێوە واتان کرد بۆ یەکەمجار تاراوگە لە ماڵ جوانتر بێت.

ئەمە خەڵاتی ئێوەیە؛
میللەتێك لە با دەپاڕێتەوە دەریای لێ نزیك بکاتەوە.
میللەتێك قیامەت بە کرێ دەگرێت
مەحشەر زەخرەفە دەکات، تابووت دەژمێرێت، کفن بە سەر ئێوارەکاندا دابەشدەکات!
بە تلیاکی هەموو جەنگێك خۆشنوودە، بە حەشیشی هەموو کینەیەك ڕازییە.))

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی