بەشی یەكەم
24\9\2023
لەسەروبەندی ریفڕاندۆمدا، زنجیرە وتارێكم دەربارەی ریفڕاندۆم نووسی، كە لەكتێبی (كوردستان بەرەو كوێ) دا، لەساڵی 2018 چاپ و بڵاوكرایەوە، بۆیە لێرەدا زۆر شت هەیە نامەوێت دووبارەی بكەمەوە، بەڵام دوای ریفڕاندۆم، ئەو شتانەی، كە لێی دەترساین، وا بەزیادەوەش هاتۆتەدی وبەداخەوە لەچاوەڕوانی ئەوەداین خراپتریش بێتەدی.
بەكورتی ریفڕاندۆم جگە لەئامڕازێك بۆ پێوانەكردنی رای گشتی دەربارەی مەسەلەیەكی دیاریكراو زیاتر نییە، واتە ریفڕاندۆم خۆی لەخۆیدا ئامانج نییە، بەڵكو ئامڕازێكە بۆ هێنانەدی ئامانجێك، بەڵام لە ریفڕاندۆمی هەرێم هیچ ئامانجێك لە ئارادا نەبوو، لەبەرئەوەی لەزۆرینەی لێدوانەكاندا بەرپرسەكانی كورد دەیانگوت ریفڕاندۆم بۆ راگەیاندنی دەوڵەت نییە، بەڵكو بۆ ئەوەیە رای گەلی خۆمان وەربگرین! كە ئەمە هەر لەسەرەتاوە، ئەگەرچی وا نیشان دەدرا، وەكو تەكتیكێك بەكاردەهێنرێت، ریفڕاندۆمەكەی لە كرۆكەوە بێبەها كرد ودواتریش، تەنیا رۆژێك دوای ریفڕاندۆم، دەركەوت، كە ئەو قارەمانانەی، هەڕەشەیان دەكرد، دەستیان بە پاڕانەوە كرد بۆ ئەوەی دانوستانیان لەگەڵ بكرێت، لەكاتێكدا ریفراندۆم هەموو كارتەكانی دانووستانی سووتاندبوو.
كەس ناتوانێت نكوڵی لەوە بكات، كە كورد، وەك زۆربەی گەلانی جیهان مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت، هیچ تاكێكی كوردیش نییە دەوڵەتی كوردی نەوێت، مەگەر لە بنەچەوە فرچكی بەخیانەت نەگرتبێت وهاوكات ئەو دەوڵەتەش مافەكانی بۆ مسۆگەر بكات و مرۆڤبوونی بپارێزێت، لەبەرئەوە گفتوگۆو گەنگەشەكان لەكاتی ریفڕاندۆمدا لەسەر ئەوە نەبوو، كە كۆمەڵگای كورد بۆتە دوو بەش، ئەوانەی دەوڵەتیان دەوێت وئەوانەی دەوڵەتیان ناوێت، بەڵكو لەسەر كاتی ریفڕاندۆمەكە بوو، كە هەندێك لە خەڵكی كوردستان، بەپێچەوانەی رای دەسەڵاتی سیاسی، پێیان وابوو، كە كاتەكەی بۆ ریفڕاندۆم گونجاو ولەبار نییە!.
شەوی 24\25رۆژنامەنووسێكی ژاپۆنی هاتە لام وچاوپێكەوتنێكی دوورو درێژی لەگەڵ ساز دام، گفتوگۆیەكی قووڵ لەنێوانماندا روویدا، ئەو لەگەڵ ئەو بۆچوونەی مندا نەبوو، كە كاتەكە گونجاو نییەو هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان گۆڕاون، پێم گوت كاكە من ئەگەر ئەهریمەنیش ریفڕاندۆم بكات بۆ سەربەخۆیی كوردستان، من بە بەڵێ دەنگی بۆ دەدەم، لەبەرئەوەی ناتوانم دەنگ بۆ سەربەخۆیی میللەتەكەم نەدەم، بەڵام دڵنیا بووم لە ئەنجامەكەی، ئەوەی كەمێك لەو گۆڕانكارییانە تێگەیشتبوا، كە لەهاوسەنگی هێزی جیهانی روویدابوو، هەمان ترسی لەلا دروست دەبوو، بۆیە رووداوەكانی دوای ریفڕاندۆم لای من شتێكی ئاسایی وچاوەڕوان كراو بوو، تەنانەت لە یەكێك لەبەشەكانی ئەو زنجیرە وتارەی دەربارەی ریفڕاندۆم نووسیم، ئاماژە بە ئەگەری ئەوە كرا بوو، كە دەرفەتێكە بۆئەوەی بنەماڵەی تاڵەبانی تۆڵەی 31 ئاب لە بنەماڵەی بارزانی بكەنەوە.
ئەوەی لە ریفڕاندۆم جێگەی سەرنج بوو، وتارەكانی بازرانی بوو، كە وەك ئامادەكارییەك بۆ ریفڕاندۆم لەشارەكانی هەرێم پێشكەشی دەكرد، ئاستی ئەو وتارانە هێندە لاواز بوو، كە لەگەڵ ئەزموونی سیاسی كەسێك نەدەگونجا، كە وەك بانگەشەی بۆ دەكەن، هەر لە هەرزەكارییەوە لەناو سیاسەتدا بووە، ئەو هەڕەشانەی بارزانی دەیكردو ئەو بەڵێنانەی دەیدا، هیچ گومانێكی لای خەڵك نەدەهێشت، كە لەسەر ئاستی هەرێمی ونێودەوڵەتی هەموو شتێكیان تەواو كردبوو، بەڵام دواتر بە پێچەوانەوە وا دەرنەچوو! تەنانەت راشكاوانە لە وتارێكیدا بارزانی پەنجەی بەرزكردەوەو گوتی:" ئێمە هێندە حیساب بۆ یەك بەشەری ناكەین"، كە لەراستیدا ئەمە وتارێكی سیاسیانە نەبوو، لێرەدا شتێكم بیرهاتەوە، لە سەروبەندی هەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێم، لە مەكتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام، تاڵەبانی وبارزانی وبەشێكی زۆر لە بەرپرسانی هەردوولا كۆببوونەوە، بارزانی لەو دانیشتنەدا هەڕەشەی لە توركیا كردبوو، لە راگەیاندنەكانیش ئاماژەی بەوە دەكرد، كە ئەوان كوردستان بۆ سوپای توركیای دەگەنە گۆڕستان، لەو كاتەدا مام جەلال گوتبووی، دوای رووخانی سۆڤیەت ژمارەیەكی زۆر بۆمبی ئەتۆمی بزر بووەو دیار نەماوە،دەبێت كاك مەسعود هەندێك لەو بۆمبانەی دەست نەكەوتبێت، كە ئێمە ئاگادارنین وا هەڕەشە دەكات!"
هەڕەشەكانی ریفڕاندۆمیش هەمان ئەنجامیان هەبوو، ئەو هەزاران ێشمەرگەی لەسەر سنوورەكان بوو، نەیانتوانی بۆ یەك رۆژیش بەرگە بگرن، كاك مەسعودیش لێی بێدەنگ بوو، وەك پێشتر بانگەشەی بۆ دەكرد، بەرسیاریەتی ئەو شكستەی نەخستە ئەستۆی خۆی، كە دەبوایە وابكات، چونكە ناكرێت تۆ لەمەسەلەیەكی وا پشت بەكەسانێك ببەستیت، كە پێشتر دەبابەی بەعست بۆ هێنابن وچاوەڕوانیش بكەیت، لەوەدا پشتگیریت بكەن، كە ببیت بە قارەمانێكی نیشتمانی!....
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی