ساڵی دامەزراندن و ناولێنانی سلێمانی هێشتاکە پێویستی بە پشکنین و لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە.
دۆزینەوەی ساڵی ڕاستەقینەی دامەزراندنی سلێمانی دەتوانێت لەبەینی سلێمانەکاندا ، سلێمان پاشای بابان ١٧٥٤-١٧٦٥ و والی بەغدا سلێمان ئەبولەیلە ١٧٤٩ -١٧٦٢ و سلێمان پاشای گەورەی والی بەغدا ١٧٨٠-١٧٨٢ دا یەکلابێتەوە سلێمانی بەناوی کامیانەوە نراوە .
وەکیلی بەسرەی کۆمپانیای هیند لە نامەکانی ١٧٧٤ دا بۆ حکومەتی بەریتانی باسی شکایەتێکی مەحمود پاشای بابان دەکات لای کەریم خانی زەند کە والی بەغدا فەرمانی کردووە لە دەستەڵاتی بخات . کەریم خانیش عەلی مورداخان ڕادەسپێرێت بەخۆی لەشکرەکەیەوە بچن بەهانای مەحمود پاشای بابانەوە . پەیوەندی بابانیەکان بە زەندیەکانەوە پەیوەندیەکی زۆر باش بووە . هاوکاری یەکتربون . وەک چۆن کەریم خان لەشکر دەنێرێت هاوکاری بابانیەکان بکەن ، بابانیەکانیش هاوکاری زەندیەکان بوون لە شەڕی مازندەرانی دژ بە هۆزە قاجاریەکان . لەماوەی حوکمی زەندیەکاندا ١٧٥٠ -١٧٩٤ بابانیەکان کێشەیەکی گەورەی وەهایان لەگەڵیاندا نەبووە کە ببێتە هۆکاری گواستنەوەی پایتەختەکەیان لە قەلاچۆلانەوە بۆ سلێمانی لە ١٧٨٤ دا .
لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەیەمەوە ١٧٥٠ کە سەرەتای دەوڵەتی زەندیەکانیشە ، گۆڕانکاری سیاسی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ڕویانداوە کە کاریگەریان بەسەر ناوچەکەوە هەبووە .
- سێ جەنگی گەورەی بەریتانیەکان لەگەڵ ئەمریکیەکان و ئیسپانەکان و فەرەنساوەیەکاندا .
- جەنگی عوسمانی و هاپسبۆرگیەکان لەلایەک و لەگەڵ ڕوسەکاندا لەلایەکی ترەوە کەلەهەردوو بەرەکەدا عوسمانیەکان دۆڕاندویانە .
- شەڕی قەبیلە عەرەبیەکانی کەعب و مونتەفەق و هێرشە توندەکانی وەهابیەکان بۆ سەر ولایەتی بەغدا و هاوکاری بابانیەکان بۆ والی بەغدا .
- مەمالیکەکان لەبەغدا دەستەڵات دەگرنە دەست و حوکمی عوسمانیەکان لاواز دەبێت .
- زەندیەکان ولایەتی بەسرە و بەشێک لەبەغدا ( ناوچەی زەهاو ) داگیردەکەن .
لەناو ئەو ڕووداوانەدا بابانەکان بەهێز دەبن . سنوری ئیمارەتەکەیان فراوان دەبێت، بۆیە پێدەچێت گواستنەوەی پایتەختەکەیان لە قەلاچۆنەوە بۆ سلێمانی پێچەوانەی ئەو بۆچوونەبێت کە بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە گواستبێتیانەوە بۆ دیوی خۆرئاوای چیای گۆیژە ، دەشێت بەهۆی فرانبوونی نفوز و سنورەکەیانەوەبێت کە ویستبێتیان مەرکەزی حوکمەکەیان نزیکتر بکەنەوە لەو ناوچانەی کەتۆتە ژێر دەستەڵاتیانەوە . ئەو ماوەیەش دەکەوێتەی ساڵانی حوکمی سلێمان پاشای بابان ١٧٥٤-١٧٦٥ ەوە . هەروەها ساڵانی حوکمی والی بەغدا سلێمان ئەبولەیلە ١٧٤٩-١٧٦٢وە.
نێوان هەردوو سلێمانەکەی والی بەغدا و میری بابان لەوپەڕی باشی و خۆشیدابووە . سلێمانەکەی بەغدا بەشێکی زۆر لەسنووری ولایەتی شارەزوور ( کەرکوک) دەخاتە سەر سنووری میرنشینەکەی بابان و لە باج و خەراجیش دەیبەخشێت . پەیوەندی و حوکمی ئەو دوو سلێمانە بە مەنتیقی مێژوو دەشێت ناونانی سلێمانیشی لێکەوتبێتەوە کە بەهەمان مێژووش دامەزراندنەکەشی دەباتەوە بۆ نێوان ساڵانی ١٧٥٠ -١٧٦٠ . واتە بیست ساڵێک زیاتر لەو ساڵی دامەزراندنەی بۆی دانراوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی