کوێ شارە؟

14/11/2023

ئەحمەدی مەلا



لە هەشتاکان، هێشتا لە شاری ژنێڤ دەژیام، گوتارێکی ئەدۆنیسم بەرچاوکەوت باسی شاری دەکرد، ئەو دەم، پێی وابوو، لە دنیای عەرەبدا، بەیروت و قا‌هیرە شارن، بەڵام، دوای ٣٠ ساڵ زیاتر، رەنگە بەیروت ناوی شاری لێ نەنرێت و قاهیرەش بە تەنیا بمێنێتەوە. چونکە، پێوەری بە شاربوون پێوەرێکی جێگیر نییە. ئەگەر لە چاخەکانی ناوەند، کۆردوبا/قورتوبە/قرتبە بە یەکێک لە گەورەترین شارەکانی ئەوروپا ئەژمار دەکرا، ئەوە ئەمڕۆ، لە چاو پاریس و شەنگەهای و نیویۆرک، تەنها وەکو شارۆچکەکەیەک حیسابی بۆ دەکرێت. ئەگەر کۆنترین زانکۆی ئەوروپا لە سەلامانکای ئیسپانیا بوو، ئەوە ئەمڕۆ هەمان زانکۆ نەبۆتە سەنتەرێکی زانستی گرنگ. یۆنانی دێرین کۆنترین جێگەیە لە دنیایادا کە نەک تەنها شوێنی سەرهەڵدانی فەلسەفە و زانست بووە، بەڵکو جێی مشتومڕی شارستانی و دین و میتافیزیک و زانستەکانی سروشت بوو، کەچی ئەمڕۆ، ئەگەر ئەوروپا نەبێت، رەنگە نغرۆی تەنگژەی ئابووری ببێتەوە. ئەگەر ئەوروپا لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدە سەنتەری دنیا بوو، هەم لە رووی زانست و فەلسەفەدا، هەم وەک شوێنی سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی و هونەر و ئەدەبیات و سینەما و شانۆ، کەچی ئەمڕۆ، هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە لە نەخشەی جیهاندا وەکو هێزێک حیسابی بۆ بکرێت و بمینێتەوە.

بە کورتی پێوەرەکان هەتا هەتایی نین.
با هەولێر کۆنترین شاری دنیا بووبێ، کەچی لە سەدەی نۆزدەم لە شاری کۆیە بچووکتر بووە، راستە، ئێستا شارێکی گەورەیە، وەک پانتایی بەڵام، ئەم شارە نەبووە بە سەنتەری لێکۆڵینەوە، نە جێگایەکە بۆ سەهەڵدانی هونەر و ئەدەبیات و شانۆ و سینەما، نە بەستراوەتەوە بە کەناڵەکانی دنیا، بەڵام، لە پەراوێزدا، لەبەر هۆکاری پیترۆ دۆلاردا، گەشەیەکی زۆر نوقسانی کردووە، گەورە دەبێ، بەڵام گەشەی نەکردووە. پێوەری گەشەسەندن پێوەرێکی جیهانییە، تەنها بە چاوی کورتبینەوە سەیر ناکرێت.

راستە سلێمانی شارێکی نوێیە، بەڵام، کاتێک، عوسمانییەکان دەکشێنەوە، سلێمانی وەکو قەزا لە تۆماری عێراقیدا ناونووس دەکرێت. سلێمانی تەنها لە ماوەی چوار ساڵدا دروست کرا، کەچی کاتێدرالەکەی پاریس، یەک سەدە زیاتری ویست تاکو بنیات نرا. دوو سەد ساڵ زیاتر ویست تاکو بە تەواویی کۆتایی هات...

شار لە لای ئێمە گەورە دەبێ، چونکە، رێژەی منداڵبوون زۆرە، مردنی منداڵ کەم بۆتەوە، زۆریش کەمبۆتەوە لە چاو جاران، داهاتی نەوت زۆرە، ئەمەش وایکردووە کە دانیشتوانی باشوور زیاد بکات، هەر ئەمەشە وایکردووە کە شارەکان گەورە ببن، بەڵام، هێشتا، شار، بە مانای هاوچەرخەکەی لە لای ئێمە دروست نەبووە.
چونکە، شاری ئێمە بە بێ سیستەم بەڕێوەدەچێ، شارگەلێکی بێ بەرهەمن، هەم ماددی، هەم مەعنەوی، هەموو زانکۆ و قوتابخانەکان دابخرێن هیچ روو نادات، هێزی بەرهەمێنانمان نییە، بۆیە هەرگیز نەبۆتە فشار بۆ حکومەت و وەکو وەرەقەی فشار سەیرناکرێت، هەر ئەمەشە وایکردووە حکومەت گوێی لە قسەی کەس نەبێت. هەولێر لە سلێمانی دابڕاوە، بڕوا ناکەم هیچ سیستەمێک کۆیان بکاتەوە لە کۆکردنەوەی پارەی سنوورەکان نەبێت، ئەویش هەر نادیارە.

شارانی ئێمە هیچ رۆڵێکیان لە دنیادا نییە، ئەوەی بە دنیا دەیانبەستێتەوە، بۆڕییەکانی نەوتن، ئەویش لەدەست ئێمە نەما...
ئێمە شارەکانی خۆمانمان خۆش دەوێ، بەڵام قسەکردن لەسەر شار وردیی زیاتری دەوێ. ئەوەندە زوڕنامان بۆ لێمەدەن!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی