غەززە هاوکێشەی گۆڕاوەکان

15/11/2023

عومەر مەرگەیی

جەنگی عەرەب - ئیسرائیل زیاتر لە 75 ساڵی تێپەڕاندووە، بەیەکێک لەدرێژترین جەنگی نێوان دوو وڵات دادەنرێت کە زۆرترین زیانی مرۆیی‌و ئابووری بەگەلەکانیان گەیاندبێت. زۆرترین کات عەرەبەکان خۆیان ململانێی عەقلانیان لەگەڵ واقیعەکەدا نەکردووەو زەرەرمەندی سەرەکیش گەلی فەڵەستینی چەوساوەی بووە. عەرەبەکان لەجەنگەکانیدا لەگەڵ ئیسرائیلیەکان هەمیشە خۆیان بەمەزن‌و بەرامبەریان بەبچووک بینیوە، بەنموونە لەجەنگی پێنجی حوزەیرانی ١٩٦٧ تەنیا سێ رۆژ پێش شەڕەکە ڕوناکبیری ناسراوی عەرەب محه‌مه‌د حسنین هیکل لەڕۆژنامەی الاهرامدا دەنووسێ : (مهما یکن و بدون محاوله‌ لاستباق الحوادث فان اسرائیل مقبله‌ علی عملیه‌ انکسار تکاد تكون محققه‌ .... سوا‌و من الداخل او من الخارج)، ئەو هەموو دڵنیایە لەشکستی ئیسرائیل خراپ خوێندنەوەیەکی واقیعەکەیە، یان ڕۆژنامەی الجمهوریه‌ی میسری لە ٢١ ی ئایاری ١٩٦٧ بڵاویکردەوە کە (له‌چەند کاتژمێرێکدا بەبێ بەکارهێنانی هەموو چەکەکانمان دەتوانین ئیسرائیل وردو خاش بکەین)، سەرەنجام بەکەمتر لە ١٥ کاژێر ئیسرائیل سەرکەوتنی بەدەستهێنا ، لەم شەڕەی ئێستاشدا  ( هاندان و هاشوهوشی ڕاگەیاندن لەسەر شکستی تەواوەتی جولەکە و سەرکەوتنی لا مەحال ی جیهادیەکان ... تاد ) ، دۆخێکی نەخوازراوی بۆ لێقەوماوانی فەلەستین دروستکرد کە ڕۆژانە لە چاوەڕوانی فریادڕەسێکدا بەدیار شیعار و وتارە عاتیفیەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و جیهادیخوازەکانی ئیسلامی سیاسی دونیای ئیسلامی ەوە تاڵترین دوا ڕۆژەکانی ژیانیان بەسەر دەبەن . دکتۆر صادق جلال العڤم له كتێبەکەیدا ( النقد الژاتی بعد الهزیمه‌ ) دەڵێ عەرەب هەمیشە خوێندنەوەی نادرووستی بۆ توانستەکانی خۆی و ئیسرائیل و جەنگیش کردووە ، تەنانەت لە شکستەکانیشدا لەجیاتی هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە هۆکارەکان شکستەکە ، فاکتەری دەرەکی تاوانبارکردووە و هیچ ئۆباڵێکی شکستەکەی لە ئەستۆی خۆی نەگرتووە .لە مێژووی جەنگی عەرەب - ئیسرائیل لە سەرەتاوە جەنگێکی گشتگیر بووە بەسیما  شوناسی ئایینی - ناسیۆنالیستی سەرسەخت و هەمەچەشن بە کێرڤی جیاوازو ناجێگیر لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی و لە چەقی فەلەستیندا بەجەنگی سڕینەوەی بەرامبەر سەریهەڵداوە.

وەهمی عەزەمەتی پەیام و قەڵەمڕەوی عەرەبی فێندەمێنتالیستانە، تاڵاوی دەیان شکستی گەورە و بچووکی هەمەجۆری بەو وڵاتانە چەشتووە . دوا جەنگی پڕ لە ئاڵنگاری و گۆڕانکانی کە زیاتر لە پێنج هەفتەی وەک شەڕی جینۆساید تێپەڕاند ، جگە لەوەی پرۆسەیەکی ئاڵۆزو سەخت و چاوەڕوانکراو بوو ، شێوازێکی تریش بوو لەپرۆسەی پاراستنی بەرژەوەندی جەمسەرەکانی هێزی ڕۆژھەڵاتی و ڕۆژئاوایی لەناوچەکەو پێشێلکردنێکی قێزەون‌و ئاشکرای ماف‌و بەها مرۆیی و ئەخلاقیەکانیش بوو کە گەورەترین کارەساتی مرۆیی سەدەی نوێی تێدا تۆمارکرا.

یەکێک لەگرفتە گەورەکانیش ئەوەبوو حەماس دۆزی گەلی فەلەستینی لە کێشەیەکی ئایینی - ناسیۆنالیستیەوە گۆڕی بۆ کێشەیەکی دینی ڕووت، واتە لەدەستی ناسیۆنالیستی عەرەبی دەرهێناو تەسلیمی ئێران و تورکیای ئیسلامی کرد ، دیارە ئەوانیش دوای پێشکەشکردنی بڕێکی زۆر جبەخانەی جەنگی بەحەماس ، قەزیەکە دەکەنە کارتی سیاسی و مامەڵەی پێوە دەکەن . جەنگێک پێشتر ئامادەکاری بۆ کرابوو ، دەڵێن ئاگر لە کوێ بێت باهۆز ڕوو لەوێ دەکات ، کەواتە هەڵبژادنی فەلەستین لەوەوە هاتووە حکومەتی نەتەنیاهۆ و حەماس دوو هێزی فێندەمینتاڵی گونجاو بوون تا ببنە هەوێنی جەنگە گەورەکە.

* نیگەرانیەکانی ئەمریکا کەم نەبوون لەسەر فراوان بوونی پەیوەندیە ئابووری و دیبلۆماسیەکانی چین لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ، بەتایبەتیش دوای ئەوەی بڕیار درا لەساڵی نوێدا بەشێک لەو وڵاتانە ئەندامێتی کۆمەڵەی بریکس یان پێببەخشرێت.

* چین و ڕوسیا بەرامبەر پشتیوانیەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا و تایوان پێویستیان بەوەبوو ئەمریکا لە جەنگێکەوە بگلێنن، پێش جەنگی حەماس - ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەر، ئەمریکا زیاتر لە3000 سەربازو چەند کەشتیگەلی جەنگی‌و فڕۆکەهەڵگرو جبەخانەی جەنگی زۆری لەدەریای ناوەڕاست‌و دەریای سوورو کەنداو کۆمکردبوو، تەنانەت بۆ یەکەمجاریش بوو فرۆکەی f 35 بەسەر ئاسمانی سووریادا سوڕاندەوە.

پێمانوایە لە دەرهاویشتەکانی ئەم پرۆسە ئاڵۆزە ئەمانەش شیمانەی گرنگن:

* حەماس ناتوێنرێتەوە بەڵکو ماوەیەک لەناو بازنەی دانوستان و گفتوگۆدا دەیهێنن و دەیبەن تا حەماس پێگەو متمانە سیاسی و مەزهەبەکەی لە دەست دەدات و وەک ئالیەکی بێ کاریگەر دەمێنێتەوە .

* چۆن ١١ی سیبتەمبەریش گەردەلوولی راماڵینی قاعیدە بوو ، پێدەچێ ٧ ی ئۆکتۆبەریش کۆتایی داعش و حەماس و فێندەمینتاڵی کلاسیکی بێت و بزاڤێکی نوێ توندڕەو وابەستەی خۆیان بەناوێکی نوێ لە جوگرافیایەکی نوێدا دابمەزرێنن.

* ئیسرائیل چیتر دێوەزمە زەبەلاحەکە نیە وەک وێناکرابوو ، بەخاپوورکردنی تۆڕی تونێڵەکان و داگیرکردنی غەززەش پارێزراو نابێت بەڵکو ئەگەر لۆژیکیانە خۆی ڕەخنە نەکات ... شێوازی حوکمی نەگۆڕێ ... دانوستانی جددی لەگەڵ فەلەستینیەکان نەکات ، ساڵ دوای ساڵ لە هەڵوەشان نزیک دەبێتەوە .

*  ئەمریکا و ڕۆژئاواییەکانیش بۆ پێشگرتن لە هەستانەوەی ورچە سپی ڕوسی و هەژموونی فراوانخوازی چینییەکان ، هەوڵی پێکهێنانی بلۆکێکی نوێی سیاسی - ئابووری لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بدەن وەک هێزی سێیەم لە نێوان G7 و بریکس.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی