ئەمریکا لەگرژییەکانی ئۆکرانیاو تایوان‌و غەززەدا

19/11/2023

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

چیرۆکی ناکۆکی نێوان (ئۆکراین ــ روسیا)، (تایوان ــ چین) و (غەزە ــ ئیسرائیل)، سێ وێنەی تائەندازەیەکی زۆر لێکچووە لەڕووی سێبەری زلهێزێکی وەک ئەمریکاوە لەناو ئەو ناکۆکییانەدا، ئەم ئاماژانە پێمان دەڵێت لەلایەک ئەمریکا هێشتا بڕوای بە هێزی رەق ماوە بۆ دەرهێنانی دۆستەکانی لەژێر چنگی دەوڵەتە زلهێزەکان، لەلایەکی دیکەشەوە ئەم جەنگانە بۆ تێگەشتنی ئەمریکا لە گەورەبوون و بەرەی نەیارەکانی شتێکی باشە و قەبارەی راستەقینەیان بۆ ئەمریکا دەردەکەوێت.

ئەم سێ جوگرافیایە، سێ جوگرافیای گرنگە بۆ یەکلاییکردنەوەی هەژموونی ئەمریکا بەرامبەر نیوەجەمسەرەکانی! وەک روسیا و چین و ئەو هێڵە ناوچەییەش کە بە گوتار پشتیوانی حەماسی فەڵەستینی دەکەن، دەرکەوتنی ئەمریکا لەم سێ پنتە ناکۆکەی دۆستەکانی لەگەڵ نەیارەکانیاندا، بەجۆرێک لەجۆرەکان دەرخستنەوەی پێگە ئەمریکایە وەک زلهێز و جەمسەری یەکەمی جیهان، کەواتە: ئەو بۆچوونەی ئەمریکییەکانیش پشتڕاست دەکاتەوە کە دەڵێت "ئێمە لە جەنگداین"، جا ئیدی جەنگی رەق یان نەرم یان زیرەک ـ دیپلۆماسی بێت.

لە هەرسێ میحوەرەکەدا، تائێستا ئەمریکا باڵا دەستە:

ــ لە ئۆکرانیادا، بە روون و رەوان، ئەمریکا ئەوەی بە روسەکان وت کە تاکو ئەمریکا لە پشت ئۆکرانیاوە بێت و پشتیوانی لێ بکات، ئەو وڵاتە دەتوانێت ململانێی روسیا بکات و تەسلیمی روسیا نابێت. هەرواش دەرچوو، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەرزوو دەروونێکی روخاوی ئۆکرانییەکانیان گۆڕی بۆ دۆخێکی پڕ دڵنیایی و شانازی، ئێستا تاکی ئۆکرانی ئەو کەسێتییەیان تێدا دروست بووە کە هەموویان دەڵێن "شانازییە ئێمە ئۆکرانیین". ئەوەشمان بیرنەچێت سەردانی سەرۆکی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆکرانیا، ئەو وڵاتەی بردە قۆناغێکەوە کە جارێکی دیکە روسیا ناتوانێت بڵێت ئەو خاکە بەشێکە لە روسیا، ئەگەریش ببێتە ئەندام لە ناتۆدا ئەوکات بەتەواوی شتێک نامێنێت بەناوی تێکەڵی مەلەفی روسیا و ئۆکرانیا. هەموو ئەوانەش لێدانی ئەمریکایە لە روسیا.

ــ لە تایوانیشدا، ئەم چیرۆکە سیگناڵەکانی دەرکەوتووە بەڵام بڵێسەکەی ماوە بەرزببێتەوە و جیهان بیبینێت، ئەمەش راستەوخۆ دوای ئەوە دەرکەوت کە درەنگانێکی شەوێکی ساڵی 2022، فرۆکەکەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە تایوان نیشتەوە و رایگەیاند: ئەمریکا ئامادەی پشتیوانی و هەماهەنگییە بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک رووبەرووی ئەو وڵاتە ببێتەوە، لەکاتێکدا چین هەمیشە تایوانی بە هەرێمێک لەخۆی زانیووە و سەرۆکی ئەو وڵاتە رایگەیاند: ئەمریکا دنەی ناکۆکییەکانی نێوان چین و تایوان دەدات. بەڵام گلەییەکانی چین لە ئەمریکا هیچی لێ شین نەبوو، ئێستا تایوان و ئەمریکا پرۆتۆکۆڵی ئابووری و دیپلۆماسی لەنێوانیاندا هەیە و ئەمەش بەروونی لێدانە لە چین.

ــ لە غەزەشدا، هەر لە چرکەساتی یەکەمی ڕووداوەکەوە گەورە بەرپرسانی ئەمریکا گەیشتنە ئیسرائیل و پشتیوانی تەواوی ئەمریکایان بۆ ئەو وڵاتە دووپات کردەوە و نامەی هێز و قووەتی ئەمریکایان بەڕووی دۆستەکانی حەماسدا بەرزکردەوە و پانتایی جەنگەکەیان واڵا کرد و زۆر بەسادەیی وتیان "کێ کوڕە و دێتە مەیدان"، لەڕاستیشدا تاکو ئێستا هیچ وڵاتێک زاتی ئەوەی نییە بە ئیسرائیل و ئەمریکا بڵێت "منیش حەماسم".

ئەم وێنە لێکچووانە پێماندەڵێت هەرگیز ئەمریکا لەدەرەوەی جەنگ نەبووە، ئەم هەمیشە لەجەنگبوونەی ئەمریکادا بۆ هەمیشەییبوونی جیهانە لەسەردەمی ئەمریکادا، لێرەدا دەگەینە خاڵێک کە بڵێین هەرگیز جەنگ لە زیانی ئەمریکا نەبووە و نییە، بەڵکو لەقازانجێتی تاکو هەمیشە وەک سەردار و جوڵێنەری رووداوەکانی جیهان دەربکەوێت و هەر خۆیشی ئیدیعای ئاشتی جیهانی بکات و بتوانێت کورەیەکی تاودراوی جیهانی، سارد بکاتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی