سەرەتای كابینەكە، لەڕێگەی میدیاكانییەوە، لەرێگەی ستایشكەرانەوە، وەك رزگاركەری كێشە بوونیادییەكان ناسێنرا.
ئەو حیزبانەش بەشداری كابینەكەیان كرد، كەوتنە دەسماڵباشی بۆی، هەر هەموویان پێكەوە تەنها لەڕوكەشدا سەیری كابینەكەیان دەكرد و، بنەوانی كێشەكانیان نەدەبینی. هەر ئەمە وایكرد، بەماوەیەكی زۆركەم، دەركەوت كابینەكە بە تەواوەتی پەكی كەوتووە و، هیچ میدیایەك و هیچ حیزبێكی بەشداربوو، بە سەفسەتەكانی ناتوانێت چارەسەری نەخۆشی ئەم لاشە گەورەیە بكات.
دۆخی ئەم كابینەیە، سەرنجم دەباتە سەر كتێبەكەی مێژوونووسی یۆنانی_ هیرۆدۆت_ کە لە كتێبەكەی خۆیدا، لەو فەسڵەی باسی مێژووی_بابل_ییەكان دەكات، دیمەنێكی سەرنج راكێش دەگێڕێتەوە. دەڵێت: " لە سەردەمی بابلییەكان، هێشتا پزیشك وەك پیشە نەهاتبووییە ئاراوە، بۆیە لەناوەراستی شاردا سەكۆیەك دروستكرابوو، سەكۆكە پێیاندەوت سەكۆی نەخۆشەكان. هەركەس نەخۆشێكی هەبووایە دەیهێنا لەسەر سەكۆكە دادیدەنا. ئەم نمایشكردنی نەخۆشە بۆ ئەوەبوو، خەڵكی ناوبازاڕەكە و رێبوارەكان نەخۆشەكە ببینن و، بزانن چ جۆرە نەخۆشییەكی هەیە، بەپێی ئەو زانیارییە مێژووییەی هەیانبوو لەسەر جۆری نەخۆشەكە، چارەسەرەكەیان بە خاوەنی نەخۆشەكە دەوت، ئیدی هەندێك لەنەخۆشەكان پێشوتر نەخۆشی لەو جۆرە روویدابوو، چارەسەریش لای خەڵكی دۆزربابووییەوە و چارەسەرەكەیان بە خاونەكەی دەوت، هەندێكیشیان نەخۆشییەكەیان تازەبوو، هیچ كەس زانیاری لەسەری نەبوو، بۆیە بە نائومێدی دەگەڕێنرایەوە ماڵ، تا بمرێت."
ئەم دیمەنە هەمان دیمەنی ئەم حوكومەتەیە. حیزبە بەژداربووەكانی كابینەكە، بەتایبەتی حیزبە بچووكەكان (ئەوانەی شاگەشكە دەبن بە دوو پۆستی حوكومی و لەخۆشیا دەمیان پاندەكەنەوە.) لەسەرەتادا بەبێ ئەوەی نەخۆشەكە بناسن، لەرێگەی سەفسەتە چییەكانیانەوە، هەمووچارەسەرێكیان دەخستە روو. پاشان كە تێگەیشتن ئەم نەخۆشە تەنها لەیەك لاوە نەخۆش نییە، ئێستا سەری خۆیان كزكردووە و زۆر بڵێكانیان هیچ ناڵێن.
ماوەتەوە سەر ئەو میدیا زەبەلاحە ناوبۆشەی ، لەسەر داهاتی میللەت دەژی و لەناو دونیای سیخوریدایە، ئەو میدیایە لەپێناو ئەو موفتخۆرییەی لەسەری دەژیت ناچارە بەرگریی لەم كابینە تێكشكاوە بکات.
كابینەكە تەنها دوو شتی ماوە، دروستكرنی دۆخی سایكۆلۆژی شێواو بۆ كۆمەڵگە لە رێگەی زمانی رانتخۆرەكانەوە، لەگەڵ هێزی میلیشاییی حیزبی. ئەم دوو كۆڵەكەیەی بەكاردەهێنێت بۆ داپۆشینی پەككەوتنەكەی خۆی. ئەو پڕە پارانەش لە ناوەندەوە دێن، بەتایبەتی موچەی فەرمانبەران، لەلایەن كابینەكەوە یاریی پێدەكرێت و شەڕێكی سایكۆلۆژی گەورە لەگەڵ موچەخۆراندا دەكات. رەنگە بۆ هاوڵاتییان ئیدی پێویست بەوە نەكات چاوەڕێی فەرمانی ئەم كابینەیە بن تا بچنەوە سەر ئیشوكاری رۆژانەی خۆیان، چونكە دۆخێكی سادیسی لەناو كابینەكەیە، چێژ دەبینێت لە ئازاردانی سایكۆلۆژی خەڵك.
كابینەكە نە توانای موچەی هەیە، نەتوانای دروستكردنی بازار، نە توانای دامەزراندن و دۆزینەوەی كار. لەگەڵ ئەوەشدا لەژێر بیانوی زۆر كۆمیدیدا، دەیەوێت فریوی هاوڵاتییان بدات. میدیای موفتخۆریش، لەگەڵیدا دەستو پەنجە نەرمدەكات و بەهەمان شێوە هەوڵی ئەوەدەدات، پەككەوتنەكەی كابینەكە بشارێتەوە. ئەشێت مفتە خۆرەکان ئەو باڵۆنەی پڕیانكردبوو لە هەوا و وێنەی رزگاركەریان بۆ دروستكردبوو، ئیدی نەتوانن لەوە زیاتر دەست بە باڵۆنەكەوە بگرن و، كەمێك لەوە تێگەیشتبن كابینەكە هێندە لاواز و نەخۆشە، لەو نەخۆشە دەچێت هیچ كەسێك و هیچ ڕێبوارێك ناتوانێت تەواوی نەخۆشییەكەی دەستنیشانكات.
ئێستا لەسەر سەكۆكە نەخۆشێكی گەورەمان هەیە. نەخۆشێك تەواوی خانەكانی دەرد دەكەن، پیسخۆرە، دەوری پڕە لە مشەخۆر، دامەزراوەكانی قورس و بێكارن، خۆی خستوەتە دۆخێكی باركراوی گەورەوە، قەرزی لەسەرە، حیزب و میلیشیاكانی بوونەتە بخۆری، هیچ چارەسەرێكی نەبۆخۆی نە بۆ كۆمەڵگە پێنییە. لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت لەرێگەی زمانێكی ئایدۆلۆژییەوە هەوڵی ئاوەژوكردنەوەی راستییەكان بدات، واتە هێشتا نایەوێت ماهییەتە بەتاڵەكەی خۆی بناسێنێت.
، ئەمما هەرئەوانەی لەو ماوەیەدا ستایشیانكرد زۆر نابات پەشیماندەبنەوە و سیما راستەقینەكەی دەردەكەوێتەوە. لە شەڕێكی ئایدۆلۆژی و سایكۆلۆژیدا دەژیت، چ لەگەڵ خۆی چ لە گەڵ دەرەوەی خۆی. متمانەی بەتەواوەتی دابەزیوە بۆ ساتی خۆی. بەشێكی زۆری خەڵك بڕوایان بە قسەو بەڵێنەكانی نەماوە. ناچاریشە فەنتازیای ئابووری سەربەخۆ شكست پێبهێنێت و بە تەواوەتی بگەڕێتەوە باوەشی ناوەند، لەهەموو حاڵەتێكدا ئەوەش چارەسەری نەخۆشییەكانی ناكات، چونكە دەردەكانی لەناو بونیادی خۆیدان.
پوختەكە ئەوەیە: لە بنەوانەوە نەخۆشییەكانی بنبڕنەكرێن، بەم شەكەتییەوە تا شوێنێك دەڕوات. نەخۆشەكەی سەر سەكۆكەمان، گەرچی نمایش بكرێت، دەردەكانی لەوە زیاترن بەزانیاری رێبوارەكان چارەسەر بكرێت. ئەودەنگە دەنگكەرە بەرێزانەی ناو حیزبە بچوكەكانی بەژداربووی ناو كابینەكە، كە پێشتر شیوەنیان بۆ چاكسازییەكەی دەكرد و خۆیان بۆ دەڕڕنی، وابزانم ئیتر بێدەنگ بوون. (لەبارەی ئەركی پەرلەمانی موچە قەبەوە، هیچ ناڵێین، چونكە هۆڵی بوكەشوشەكان بۆماوەیەك داخراوە.باشتر كە داخراوە، چونكە لەم سەردەمەدا زۆرترین قسە لەسەر دۆخی خەڵك و چارەسەركردنی كێشەكان، هەر ئەوانە دەیكەن موچەیەكی قەبەیان هەیە، دونیای شاشەكان بووە بە دونیای موچە قەبەكان بۆ سەرئێشاندنی خەڵك.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی