کورد لەباشور چی لێدێت؟

02/12/2023

زەبەنگ بەهادین

لە جوگرافیای سیاسەتدا هەرچی کار و کارلێکی سیاسی هەیە لە جیهاندا هەمووی پەیوەستە بە یەکەوە ، وەک دەڵین ئەمرۆ بە هۆی تەکنەلۆژیاوە جیهان بۆتە گوندێکی گەورە ،رۆژهەڵاتی ناوین لە ئێستادا یەکێکە لە هەستیارترین ناوچەکانی جیهان کە بە بەردەوامی تەنگژە و هەڵچون و داچونێکی زۆر دەبینێت بە خۆیەوە لە روی سیاسی و جیۆپۆلۆتیکەوە ، وەک چەقی ململانێی نێوان جەمسەرە بەهێزەکانی جیهان خۆی گرتوە ، هەر گۆرانگاریەکی ئابوری و سیاسی روبدات یەکەم کاریگەری لەسەر ئەم ناوچەیە دەبێت ، لە نێویاندا عێراق ، بۆ شیکردنەوەی کیمیای سیاسەتی هەر ناوچەیەک دەبێت لە هاوکێشە بچوکەکەو لە ناوچە بچوکەکەوە ووردە ووردە وەرد بینە ناو هاوکێشە گەورەکانی جیهان ،بەڵام لێرەدا بە پێچەوانەوە دەکەین هاوکێشەکە ووردتر دەکەینەوە و دەچینە ناو تاکەکانی ناوچەکە و بە تایبەت کوردوستان .

سەرەتا دەبێت ئەوەمان لا رون بێت هەر دەسەڵاتێکی دی بێ لە هەرێمی کوردوستان ئەگەرەی زۆر دانینی هەیە نەک هەڵبژاردن ، هێزە گەورە سەرمایەدارەکانی جیهان بەرژەوەندی و بازار و ساغکردنەوەی کاڵای خۆیان دەوێت هەرچی دەڵێن لە بارەی مافی مرۆڤ و ئازادی و پێکەوە ژیان هەمووی دورە لە راستی تەنها نمایشێکە بۆ دەستکاریکردنی هەر ناوچەیەک کە بەرژەوەندیان پێی بخوازێت ، کۆمەڵێک ستاندەر هەیە دەبێت لامان رون بێت کە ئەم هێزە جیهانیانە دەیانەوێت و نایانەوێت ، ئەوان نایانەوێت هیچ میللەتێک ببێتە بەرهەم هێن و خاوەن ئابوریەکی جێگیری سەربەخۆ ، وە دەیانەوێت هەمیشە ئەم وڵاتە لاوازانە بازاری ساغکردنەوە بن ، ئەوان نایانەوێت پەیوەندیەکانی هیچ میللەتێک دروست و هاوسەنگ بێت بەڵکو میللەتیش  دەسەڵاتەکەشی دەکەن بە دوو بەشەوە هەر لایەک سەر بە جەمسەرێک بێت بۆ ئەگەری گوێ را نەگرتن تا پێکیان بدات و بگەرێنەوە ژێر رکێف ، کەواتە هیچ هێزێک سەرمایەدار نابێتە فریاد رەس و لەمەی ئێستا باشتر نابێت بەمەش دەرەنجامی ئەوەمان بۆ رون دەبێتەوە کە ئەو دەسەڵاتەی ئەڵقە لە گوێی ئەوان بێت ئاواتی چاک بوون و نیشتیمان بوونی لێناکرێت چونکە گەر گوێرایەڵ و پابەند نەبێت هەر چۆن خۆیان هێنایان بە پەرۆیەکی پیس خۆیان هەڵی دەگرن و فرێی دەدەن ، ئەوەی دەمێنێتەوە کۆمەڵگایە کە تا چ رادەیەک هوشیارە و تێدەگات کە هەڵبژاردن تەنها بۆ شەرعیەت دانە بە دکتاتۆریەت و سەرمایەداری و چەوساندنەوەی زیاتری میللەت ، باشترین فێڵ بۆ هەڵخەڵەتاندنی میللەت و جیهان بابەتی هەڵبژاردنە کە بە ناوی دیموکراسی کۆمەڵێک دز و سەرمایەدار دێنە سەر کورسی دەسەڵات .

چارەسە چییە ؟ ئەوە ووشەیەی هەمومان بە دوای دەگەرێین ، ئەگەر بڵێین چارەسەر نییە رەنگە بە رەش بین و نەزان بدرێین لە قەڵەم ،بەڵام لە دۆخێکدا کە ئاستی هوشیاری میللەتێک تازە بەرەوە سەلەفیەت و وەهابیەت و بەرەو کۆمیتە و ناوچەو مەکۆ و بارەگا بگەرێتەوە ، میللەتێک تازە بەرەوە روکەشیەکانی ژیان و سەرمایەی هەڵتۆقیو بەشدار بوون لە گەندەڵی بگەرێتەوە بە دڵنیای چارەسەر نییە ، بگرە رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت ، سیستمە جیهانیەکە بە شێوەیەک میللەتی کەرت کەرت و پەرش و بڵاو کردوە لە ئێستادا ئەستەمە چاکبونی ، ئەوەی لە دەست تاکەکان دێت تەنها هوشیار بوون و زانینە ، ئەویش بە ئومێدێکی کەمەوە ، دەرەنجام ئەمەی تێیداین سەرەتایە و خراپتر لە رێگایە ، بێ ئومێدی نییە ئەمە راستیە هەر کات دانمان پێدا نا رەنگە ئەو کات بە دوای چارەیەکی دروستدا بگەرێین یان تەواو هەپرونی کەین بە خۆمانە و یان هەپرونی دەکەن بەسەرمانا دەنا رێگەی دی نییە و هەرچی بڵێین لە دۆخی ناوچەکە ئەوەی زەرەرمەند و ماڵوێران دەبێت سەرەتا و کۆتای خۆمان و نەوکانمانە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی