خۆپیشاندانی مامۆستایان بەرەو کوێ؟

04/12/2023

وریا حسێن



زۆنی سەوز ئێستا دووەم ئەزموونی خۆی لەبواری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دوای ١٧ی شوبات بەڕێدەکات، خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران، کە ئێستا لە دەستی ئەو دوو چینە بەتەواو دەرچووە و سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکان لەسەر مێز مامەڵە و گرەوی لەسەر دەکەن، بووەتە دووەم ڕووخساری ناڕەزایەتی سنوری زۆنەکە.

بەتایبەت کاتێک مامۆستایانی ناڕازی لە کۆتا بانگەوازی خۆپیشاندانی ڕۆژی یەک شەممەی ڕابردوو، لەبەر هەر هۆیەک بێت دەستیان شلکرد بۆ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، بە بانگهێشتێک ناڕاستەوخۆ فەرموویان لێکرن کە خۆپیشاندان قەرەباڵخ بکەن.

ئێستا من دەتوانم بە بەبێ هیچ ڕتووشێک بڵێم، خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران لە خۆپیشاندانی چینیکی دیاریکراو دەرچووە کە داوای مافی خۆیان دەکرد، لەهەمووشی مەترسیدارتر لەدەستی ئەو مامۆستایانە نەماوە کە ١٠ ساڵە لەسەر شەقام هاوار دەکەن، ڕاستە ئەو ڕووخسارە بێگەرد و پاکانەی ١٠ ساڵ لەمەوبەر بەهیوای گۆڕانکاری چونە سەرشەقام، هەموو ڕووخساریان ژاکا، بەڵام لەگەڵیشدا دەستکەوتی زۆریان هەبوو، بەداخەوە ماندووبون زۆربەیانی خستە کەندەڵانێکەوە قورسە خۆیان قوتاربکەن.

بەتایبەت کاتێک ئێستا ڕووخساری خۆپیشاندان هەمان ئەو ڕووخسارەیە لە دوا ڕۆژەکانی ١٧ی شوبات هەبوو، هەر پارت و گروپی ئۆپۆزسیۆن بەجۆرێک سودی لە ناڕەزایەتیەکان وەردەگرت و دەیویست پیشانی بدات، ئەو خاوەنی خۆپیشاندانە، ئیدی نەک کەس داوا سەرەکیەکەی دەناسیەوە و نە گوتاری کەسیش لەکەس دەچوو، بۆیە لەکۆتایدا، چینیک بوونە خاوەنی مەنسەب و پارە و ڤێلا، چینیکی دیکە خوێن لەدڵیان دەچۆڕا.

تاپیش خۆپیشاندانی ڕۆژی یەک شەممە، خاڵی لاوازی خۆپیشاندان زۆر کەمبوو، خاڵی هەر لاوازیش ئەوەبوو ئەم خۆپیشاندانانە تەنها لەزۆنی سەوزن، کە خۆپیشاندان تێیدا زۆر ئاساییە، بەجۆرێک وایلێهاتووە پەرلەمانتار هەیە لە قەڵاتەوە بەرد هەڵبدە پەنجەرەی ماڵەکەی دەشکێنی، بەڵام لەسلێمانی خۆپیشاندان دەکات، مامۆستا هەیە لەهەولێر و دهۆک لەسەربانیش خۆپیشاندانی پێناکرێت لەسلێمانی خەشمی خۆی هەڵدەڕێژێت.

من بیرم دێت ١٧ی شوبات هەمان دۆخ بوو، کاتێک پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستیان بەسەردا گرت، شەوێکی کاتژمێر ١٢ی شەو هەمووان پێکەوە بڕیاریاندا خۆپیشاندان کۆتایی بێت کاتێک سنوری دێگەڵەیان نەبڕی زانیان سلێمانی تەحصیل حاصڵە و هیچیان پێناکرێت، بۆیە هەریەکەو نوێنەری خۆی کشاندەوە و ئەنجومەنی سەرای ئازادیش مایەوە تاپۆیەکی بێ هیوا، هەر ئەوکات فاروق ڕەفیق کە ئەجێندای ڕوون نەبوو دەچێتە لای کاک نەوشیروان پێی دەڵێت:"قبوڵی ناکەین"، بەڵام ئەو بەیەک بزەی شیرین وەڵامی دەداتەوە... من ڕۆژێک دوای کۆتایی هاتنی خۆپیشاندان لەباخی بەردەم تەلاری هونەر د.فاروق ڕەفیقم بەنهێنی بینی کە خۆی حەشاردابوو، هێندە بێتاقەت بوو "تاقەتی قژ داهێنانی نەبوو"، وای تێگەشتم "ئەوەی بۆی چووبوو، دەستخاڵی لێی هاتەووەتە دەرەوە لێی".
 
 پیم وایە ئێستا خاڵە لاوازەکانی خۆپیشاندان زیادبوون، یەکێک لەوانەش مامۆستایان خۆیان بە هەر نرخێک بێت و لەپێناو هەر نرخێک بێت دەرگایان بۆ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان کردەوە تا ئیدارەیان بکەن، ئەمە پێم وایە:"مەلیکی ناو یارییەکە ناچار دەکات جوڵە بکات".

بڕوایەکی پتەوم بەوەهەیە، ئەم دۆخە لەسودی مامۆستایان نیە.. ئەو گریانە پڕ هەست و سۆزەی کە دڵی هەموومانی هەژاند ساڵی ڕابردوو لەکاتی شکانی بایکۆت کردیان زۆر ئازایانە و دڵگەرمانە تربوو، وەکو لەوەی ئێستا دەستی سیاسیەکانیان واڵاکرد تاوەکو ئیدارەیان بدەن، چونکە دوای ئەو گریانە دەیان هەزار دڵ خرۆشا تاوەکو ئەمساڵ بە گوڕێکی گەرمتر دەست پێ بکەنەوە بۆ مافەکانیان، بەڵام ئەمجارە ئەگەر خۆپیشاندان کۆتایهات دەبێتە دووەم مێژووی پاش ١٧ی شوبات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی