ئایا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام دەدرێ؟

04/12/2023

دڵشاد ئەنوەر

بڕیارە ڕۆژی ١٨/١٢ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت، واتە تەنها ١٤ ڕۆژمان لەبەردەمدایە بۆ وادەی پرۆسەکە، بەڵام ١٤ ڕۆژی پڕ لە کێشمەکێش..
 هێشتا ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە تەحەدای گەورەی لەبەردەمدایە. هێزگەلێکی ناوخۆیی و ئیقلیمیش هەر یەکەو بە هۆکارێک لەگەڵ دواخستنیدان، هێزگەلێکی تریش دژی دواخستنین، بۆیە ئەنجامدان و ئەنجام نەدانیشی هەر بێ کێشە نابێت.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەهەڵبژاردنێکی گرنگ بۆ هێزە عێراقییەکان دادەنرێت، بەو پێیەی قەبارەی دەسەڵات و پێگەی لایەنەکان لەسەر ئاستی حکومەتە خۆجێیەتییەکان دیاری دەکات.

سەدر بەدوای کێشەدا دەگەرێت، دەیەوێت دۆخێک دروست بکات و ڕێگری لە هەڵبژاردن بکات، چونکە نایەوێ لە چوار ساڵی داهاتووی حکومەتی پارێزگاکان بێ پێگە بێت.
مالکی و جەماعەتەکەی تریش دەیانەوێ غیابی سەدر بقۆزنەوەو بەهەر نرخێک بێت بە بێ سەدر پرۆسەکە ئەنجام بدەن، چونکە گەر سەدر بێتە گۆڕەپانەکەوەو بەشداری بکات بۆ ئەوان کێشەیە.

لەم نێوەندەدا، تازەترین زانیاری ئاماژەبەوەدەکات ئێرانیش لەگەڵ دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاکاندایە بۆ ماوەی ساڵێک. هەندێک لە وڵاتانی نێودەوڵەتیش پشتگیری دواخستنی دەکەن، بەڵام ئیتاری تەنسیقی بە توندی دواخستنی ڕەتدەکەنەوە.

سەرباری کێشمەکێشەکان، ئەگەرو نەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لە ئاستی پارێزگاکان بانگەشە گەرمە، بۆیە گەر هەڵبژاردنیش ئەنجام بدرێت کە ئەگەری ئەنجامدانی زۆرە، هەڵبژاردنێکی بێ کێشە نابێت، گەر دواشبخرێت دیسانەوە مایەی سەرئێشەیە..
هاوکێشەکانی ڕۆژانی داهاتوو زیاتر بەرچاومان ڕوونتر دەکاتەوە..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی