خراب بەکارهێنانی دەسەڵات

05/02/2024

هیوا سەید سەلیم



*ئەوەی سەرەوە ناونیشانێکە وەڵامێکی پڕ بە پێستی ئەو تۆمەتانەیە کە دەسەڵات رۆژنامەنووس و نووسەر و چالاکوانان  بە تۆمەتی خراب بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندیپێ دەخاتە کونجی زیندان.

 لە هەرێمی کوردستان دەسەڵات کاتێک بیەوێت رۆژنامەنووسێک دەستگیر بکات،  دەزانێت یاسای کاری رۆژنامەنووسی ژمارە (35)ی کە لە ساڵی 2007 لە لایەن پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی رێکخستنی کاری رۆژنامەوانی دەرچووێندرایە،  هیچ خاڵ و بڕگەیەکی تێدا نیە کە باس لە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس بکات، بگرە لەو یاسایەدا مافی پشتەوانە (حەسانە)ی بە رۆژنامەنووس دراوە، بە روونیش لە یاساکەدا هاتووە کە نابێت رۆژنامەنووس لەسەر کاری رۆژنامەنووسی دەستگیر بکرێت،  یان کەناڵەکەی دابخرێت، بگرە توندترین سزا لە کاتی ساخبوونەوەی سەرپێچی یاسایی رۆژنامەنووسەکە بریتیە لە پێ بژاردنی پێنج ملیۆن دینار.

  تۆمەتی خراب بەکارهینانی ئامرازەکانی پەیوەندی کە رۆژنامەنووسانی پێ سزا دەدرێت، دەبێت چی دیکە نەکرێتە چەکی تۆڵەی دەسەڵات لەبەرامبەر کارێکی رۆژنامەوانی کە بەدڵی بەرپرسان یان دەزگاکانی سەر بەدەسەڵات نیە.

 ئەم پرسە لە ناوخۆدا وەک پشت تێکردن لە یاسا بەرکارەکانی هەرێم سەیر دەکرێت،  وە دەچیتە چوارچێوەی بەرتەسک کردنەوەی کاری رۆژنامەگەری و ئازادی بیروڕا.

 شایانی باسە تەنیا یاسایی (35)ی کاری رۆژنامەگەری نیە کە دەسەڵات جێ بەجێی ناکات، یان خراب شیکاری بۆ دەکات، بگرە یاساکانی دیکەش هەر بەو دەردە بردراون، نموونەش یاسای ریکخستنی خۆپیشاندان،  کە بە یاسایی ژمارە (11)ی ناسراوە کە ساڵی 2010 لە لایەن پەرلەمانی کورستان دەرچووە.

 لەم یاسایەدا کە وێڕای ئەوەی لە کاتی دەرچوونیدا ڕەخنەی زۆری لێکەوتەوە،  کە خاڵی وەرگرتنی مۆڵەت خراب دەقۆزرێتەوە، بە ئاڕاستەیەک دەبردرێت کە دەسەڵات چۆنی بیەوێت وای مامەڵەی لەگەڵ دەکات.

دەریشکەوت کە رەخنەکان لە یاسایی ژمارە (11)ی بێ هۆکار نەبوون، پێشتر و  لە ئێستاشدا هەر داوایەک بۆ خۆپیشاندانی ئاشتیانە و لە چوارچێوەی ئەم یاساییە پێشکەشی دەسەڵاتداران کرابێ،  یان بکرێت،  زۆربەی جار بە بیانووی بێ بنەما داواکە ڕەتکراوەتەوە، مۆڵەت بەو گردبوونەوەیە یان خۆپیشاندانە نەدراوە، خۆ ئەگەر ڕەتیش نەکرابێتەوە بە پێی ماددەی سێیەم لە خاڵی 4 کە دەڵێت ( لە حاڵەتی وەڵام نەدانەوەی داواکارییەکە کە لە لایەن لیژنەیەکەوە پێشکەش کراوە دوای تێپەڕبوونی (48) کاتژمێر بەسەر مێژووی پێشکەش کردنی داواکارییەکە، ئەمە بە ڕەزامەندی لەسەر رێکخستنی خۆپیشاندانەکە دادەنرێ)، بەڵام وێڕای بوونی دەقێکی وا ڕوون زۆربەی کات دەزگا ئەمنیەکان رێگربوونە لە گردبوونەوە و خۆپیشاندان بەتایبەت ئەگەر بەدڵی دەسەڵات نەبووبێت.

خراب بەکارهێنانی دەسەڵات باجێکی قورسی بۆ خودی دەسەڵات دەبێت، بە تایبەت لە ئاستی دەرەوە وەک پشت کردنە یاسا و بەر تەسکردنەوەی ئازادی بیروڕا و ئازادی خۆپیشاندان و کاری میدیایی سەیر دەکرێت.






ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە