دیپلۆماسی لەسەر لێواری ڕوداوێکی گەورە، ئێران، ئەمریکاو جوڵەی هاوپەیمانانی ناوچەیی

53 خولەک پێش ئێستا

بەهرۆز ڕەئوف

لەکاتێکدا ڕۆژئاوای ئاسیا لە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەنێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوامن ، بەڵام جیاوازییە بنەڕەتییەکان لەسەر ڕیزبەندیی گفتوگۆی خاڵ و مەرجەکان و متمانەی نێوان هەردوو لایەن، هێشتا ڕێگرن لە بەردەم هەر ڕێککەوتنێکی نزیک. لە هەمان کاتدا، جووڵەی دیپلۆماسیی تورکیا، عەرەبستانی سعودی و پاکستان، لەگەڵ ناوبژیوانیی قەتەر و ڕاوێژکاریی ڕووسیا، پەیوەندییەکی نوێی بە دۆخی ئاسایشی ناوچەوە دروست کردووە.

کۆبونەوەی تاران؛ هەنگاوێک بەرەو ئارامکردنەوەی ناوچە
کۆبوونەوەی تاران لەنێوان نوێنەرانی ئاسایشی تورکیا، عەرەبستانی سعودی و پاکستان لەگەڵ ڕێبەرایەتی ئێران لەهەفتەی ڕابردوودا لەتاران، بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی ئاسایشی ڕۆژئاوای ئاسیا دادەنرێت. بابەتی سەرەکیی ئەم دیدارانە، گەیشتن بە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ ئاسایش و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان بوو .

لە دوای ئەم کۆبوونەوەیە، دیدار و ڕاوێژکارییە تایبەتییەکان لەگەڵ ڕێبەرایەتی ئێران بەردەوام بوون و بەپێی زانیارییە باڵوکراوەکان، هەندێک هەنگاوی داهاتوو و ئەگەرییەکانی ڕێککەوتن تاوتوێ کراون. لە هەمان کاتدا، پەیوەندییەکانی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبستانی سعودی و تورکیا لەگەڵ ڕووسیا، بە تایبەتی لە کۆبوونەوەی G20 کەلە ئەتلەنتا بەڕێوتەچوو، جەختیان لەسەر کەمکردنەوەی ئاڵۆزی و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ناکۆکییەکان کردەوە.

ناوبژیوانیی قەتەر و پاکستان؛ دوو ڕێڕەو یەک ئامانج
قەتەر لە ڕووکەشدا ڕۆڵێکی دیار و چالاک لە ناوبژیوانیی نێوان ئێران و ئەمریکادا دەگێڕێت و دەقی پێشنیار و گۆڕانکارییەکان لەنێوان هەردوو لایەن دەگوازێتەوە. بەڵام بەپێی هەندێک زانیاریی باڵوکراوە، پاکستانە ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە ناوبژیوانیی ڕاستەقینەدا هەیە و هەوڵەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕێبەرایەتی ئێران بەردەوامن.

ئەوەی لەم پرۆسەیەدا هەیە، پێداگریی ئێرانە لەسەر ئەوەی هەر ڕێککەوتنێک دەبێت لە چوارچێوەی یادداشت و ڕێککەوتننامەی ئیسلامئاباددا بێت؛ ڕێککەوتنێک کە بنەمای گفتوگۆکە و ڕیزبەندیی بابەتەکان دیاری دەکات.

جیاوازییە بنەڕەتییەکان؛ ڕیزبەندیی گفتوگۆو مەرجەکانی متمانە
کێشەی سەرەکی لەنێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر بابەتەکان نییە، چونکە هەموو بابەتەکان لەسەر مێزی گفتوگۆدان؛ بەڵکو جیاوازییەکە لەسەر ڕیزبەندی و شێوازی چارەسەرکردنیانە.

ئەمریکا دەیەوێت گفتوگۆ لە بابەتی ناوکییەوە دەست پێ بکات و بەڵێنی دڵنیایی لەسەر نەبوونی چەکی ناوکی لە ئێران وەربگرێت ، بەڵام ئێران پێداگری دەکات کە گفتوگۆی ناوکی دەبێت لە قۆناغی کۆتاییدا بێت، دوای جێبەجێکردنی هەندێک هەنگاوی سەرەتایی بۆ دروستکردنی متمانە.

لەدیدی ئێرانەوە، ئەم هەنگاوانە بریتین لە:
- گەڕاندنەوەی داراییە بلۆککراوەکان و پارەی ئێران.
- کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی.
- لابردنی سزاکانی سەر هەناردەکردنی نەوت.
- دەستپێکردنی گفتوگۆی ناوکی لە قۆناغی کۆتاییدا.
- کۆتاییهێنان بە هەموو شەڕ و هێرشەکان لە ناوچە، لە غەززە و لوبنانەوە تا یەمەن و عێراق و ئێران.

ئێران هەروەها جەخت لەسەر حەوت مەرجی سەرەکیی خۆی دەکاتەوە و دەڵێت هیچ ڕێککەوتنێک بەبێ جێبەجێکردنی ئەم مەرجانە قبوڵ ناکات.

کەنداوی هورمز، گرێبەستی ئابوریی‌و ئاسایشی جیهانی 
یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی گفتوگۆ، دۆخی کەنداوی هورموزە. لە هەندێک پێشنیاردا باس لەوە کراوە کە ئەگەر چاودێریی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی و هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی سزاکان بە هاوتەریبی پێش بکەون، ئەگەری کردنەوەی کەنداوی هورموز لە ماوەی حەوت ڕۆژدا هەیە ، تەنانەت لەوانەیە ئەم ماوەیە کەمتر بێت.

بەڵام لە دیدی ئێرانەوە، کردنەوەی کەنداوی هورموز بە تەنها بەس نییە، ئەگەر بەربەستی دەریایی و سزاکانی نەوت بەردەوام بن و داراییە بلۆککراوەکان نەگەڕێنرێنەوە. بۆیە ئەم بابەتە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئابووری جیهانی، بازرگانیی نەوت و ئاسایشی وزەوە هەیە.

ڕۆڵی ڕوسیاو هاوپەیمانییە ستراتیژییەکان
بەپێی زانیارییە باڵوکراوەکان، پەیوەندییەکی تەلەفونی  ڕاستەوخۆ لەنێوان ڤلادیمیر پوتین و مەسعودپزیشکیان سەرۆککۆماری  ئێران ئەنجام دراوە و لە ئەنجامدا، یارمەتیی ماددەیی، تەکنیکی و سەربازی لەلایەن ڕووسیاوە بۆ ئێران دابین کراوە. هەروەها باس لە پشتگیریی بەردەوامی ڕووسیا بۆ ئێران کراوە، لەگەڵ ئەوەی کە ئەگەری پەرەسەندنی ناکۆکی و هێرشێکی گەورەش تاوتوێ کراوە.

ئەم زانیارییانە هێشتا بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراونەتەوە؛ بەڵام ئەگەر دروست بن، دەتوانن کاریگەرییەکی گرنگ لەسەر هاوسەنگیی هێز و هەڵسەنگاندنی داهاتووی ناکۆکییەکە هەبێت.

هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاو ئەگەریی پەرەسەندنی ناکۆکی
هەڵبژاردنە ناوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژی سێشەممە، خاڵێکی گرنگی چارەنووسسازە لە داهاتووی ئەم ڕووداوانەدا. بەپێی هەڵسەنگاندن لەسەرکۆی ڕووداوەکان ، ئەگەری هێرشێکی ئەمریکایی بۆ سەر ئێران هێشتا لە ئارادایە، بەبێ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە تەنها بڕیارەکە بگۆڕێت.

ئەگەر ئەم هێرشە ڕوو بدات، ڕێڕەوی دیپلۆماسی بە خێرایی هەڵدەوەشێتەوە و ناوچە دەکەوێتە قۆناغێکی نوێی پڕ لە مەترسی و قۆناغێک کە ئەنجامەکانی دەکرێت لە سنووری ناوچە تێپەڕێن و کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ئابووری و ئاسایشی جیهانی هەبێت. بۆیە ڕۆژانی داهاتوو چارەنووسسازن ، یان دیپلۆماسی دەبێتە بناغەی ئارامی و هاوکاریی ناوچەیی، یان شکستی گفتوگۆکان دەکرێتە هۆی ئاڵۆزییەکی قووڵتر و شەڕێکی فراوانتر.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی