خنکاندنی سلێمانی

06/02/2024

خالد سلێمان


یەکێک کە خەسڵەتە هەرە جوانەکانی شاری سلێمانی، هەڵکەوتە جوگرافی و سروشتییەکەیەتی. بەبێ ئەزمەڕ، گۆیژە، پیرەمەگروون و قەرەداغ، هیچ تایبەتمەندییەکی نامێنێت، بەتایبەتی گۆیژەو ئەزمەڕ کە لە ڕووی سروشتی و ژینگەییەوە، پارێزەری شارەکەن. 
لەوانەیە کەسانێک هەبن و بڵێن ئەم دوو چیا ڕووتەڵە کە ژمارەیەک داریان پێوەیە، بەڵکی چی دێن و بۆ نەکرێنە ڤیلاو باڵەخانە؟ هەڵبەتە ئێستا ئەم پرسیارە لە پرسیاردا نەماوە، گۆیژەو ئەزمەڕ کە بە ملیارەها ساڵ دروست بوون، کەوتوونەتە بەردەم ڕەحمی شۆفەڵ و حەفارەی کۆمپانیان. 
لە هەموو لایەکەوە چاویان تێ بڕێندراوەو بەبێ هیچ حیسابێک بۆ شارو دانیشتوانەکەی دەستی چیمەنتۆ ئاسا خراوەتە هەناوی هەردوو چیاکە. لە ڕووی پێکهاتەی سروشتییەوە، بناری ئەزمەڕو گۆیژە تێکدراوەو لە داهاتوودا کاریگەری ئەم تێکدانە، ژینگەی شارو ناوچەکە بەرەو وێران بوون دەبات. 
یەکەم: خاکی ئەم بنارە سەختەی چیا، عەمبارێکی سروشتیی گەورەیە بۆ هەڵمژینی دووەم ئۆکسیدی کاربون، هەروەها سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی هەمە-جۆریی ڕووەک و وردیلەکانی خاکە. کاتێکیش ئەم ناوچە سروشتییە دەگۆڕن بۆ باڵەخانەو کۆنرێت، لە بری هەڵمژینی کاربۆن و گەرمیی، دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ بەخشینی گەرما. ئەمە جگە لەوەی ئەم پرۆژانە بەشێوەیەکی زەبەلاح پێویستیان بە وزەو ئاو هەیە، ئەویش لەسەر حیسابی دانیشتوان و لێرەوە ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی زیاتر دەبێت لەوەی هەیە. 
دووەم: چیاکان تەنانەت ئەگەر بەردەوام سەوزیش نەبن، سەرچاوەی گلدانەوەی شێی هەورەکانن. کاتێک هەوری شێدار یان بارگاویی ڕووبەڕووی چیاکان دەبێتەوە، پێش بەرزبوونەوەو تێپەڕبوون، بارەکەی دادەگرێت. بەم شێوەیە چیاکان دەبنە هۆی دابارین. کاتێک پارچەی زەبەلاحی چیمەنتۆو ئاسن، جێگەی خاکەکە دەگرنەوە، لەبری هەوایەکی سروشتیی، خانوبەرەو باڵەخانەو پارەچە زەبەلاحەکانی کۆنرێت، تەوژمێکی گەرم دەر ئەدەن و خەسڵەتی ڕەوتەکانی هەوا دەگۆڕن.
سێیەم: چیاکان سەرچاوەی ڕەوتی بای جیاجیان و ڕۆڵیان هەیە لە هەمەجۆری و گۆڕینی ئاوهەوادا. گۆڕینیان دەبێتە هۆکاری گۆڕان لە ئاوهەوادا.
چوارەم: چیاکان خەسڵەتی جوانتر دەبەخشنە دەوربەریان، دەشتاییەکانی نزیک چیاکان وەک هەمان ئەو دەشتایانە نابینرێن کە لە بیاباندا هەن. کاتێک باڵەخانە جێگەی چیا دەگرێتەوە، شار دەبێتە بیابان.
پێنجەم: جگە لە ژێرخانی باش و بەهێز، یەکێک لە میکانیزمە بەهێزەکانی شار لە بەرەنگاربونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا، نزیکردنەوەیەتی لە سیستمی سروشتیی. بۆ نموونە دروستکردنی ڕووبەری تایبەتە بۆ هەمە-جۆریی (بەتایبەتی هەڵگرو گواستەوەرەکانی هەڵاڵە، وەک باڵندەو مێروو). دروستکردنی ڕووبەری تایبەت بۆ سیستمی ژینگەیی لە ناو شاردا، بە یەکێک لە خەسڵەتەکانی شاری زیرەک دادەنرێت لە پلانی درێژخایەندا. بەڵام لە سلێمانیدا، بەپێچەوانی ئەم سیاسەتە ژینگەییەوە، کۆمپانیاکانی نیشتەجێبوون، دیواری کۆنکرێت بەچوار دەوری سییەکانی شاردا دروست دەکەن.
جێگەی ئەسەف و داخێکی گەورەیە، لەبری ئەوەی پەرە بەو خەسڵەتە سروشتیانە بدرێت و بپارێزرێن، ئەمڕۆ چەند کۆمپانیایەک بێ ڕەحمانە بەربوونەتە گیانی سروشتی سلێمانی و تێکدانی زنجیرە چیایەک کە تەمەنی لەگەڵ تەمەنی زەویدا. بەڕاستی ئیتر، سلێمانی نە خاکی گەوهەرەو نە ئاوی کەوسەرە، تەنانەت سروشتەکەشی کەوتووەتە ژێڕ هەڕەشەی نەمان و لەناوچونەوە.
دوو پرسیار
یەکەم: باشە ئەم ڕووبەرە سروشتییانە موڵکی گشتین و بەشێکن لە سیستمی هەناسەدان و تەندروستی خەڵک، ئەوە چی یاسایەکە دەیانبەخشێتە کۆمپانیاکان؟
دووەم: قەیرانی نیشتەجێبوون لە ئارادا نیەو ئەمڕۆ بازاڕی کرێ و کڕین و فرۆشتن لە سلێمانی و کوردستاندا لەوپەڕی هەرزانیدایە، ئەم چیایە لە پێناو چیدا دەبڕن و دەیکەنە شوقەو ڤیلا؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە