ئەمریکا باشترە یاساکە بگۆڕێ‌و تەقە نەکات

08/02/2024

ئاسۆ عەبدولـلەتیف

کاتێک گروپگەلی میلیشیایی سوپاکانی حەشدی شەعبی زیاترە لە فەیلەق و سوپا نیزامیەکانی خودی دەوڵەت، ئەوە بە یاساکراوەو بەپێی قانونی وەزیفی وەزارەتی دارایی موچەیان بۆ بڕاوەتەوەو ئەمریکاش ئاگادارە، پاشان بەپێی زانیاری ورد زیاتر لە 300 هەزار سوپای میلیشیایی حەشد وجودی هەیەو مەترسین لەسەر کۆمەڵگای مەدەنی و دیموکراسی و کایەی ئازادی و پلوڕالیزم، ئەمریکاش دەیەوێت بەو نقورچگرتن و زەبرە وردانە برینەکە ساڕێژ بکات و کەلێنەکە پڕبکاتەوە،کە هێزە وەلائیەکان خۆیان داهێنەری جەنگی نەریتی و کلاسیکیانەی تفەنگ و خوێن و باروتن و خۆیان بۆ یەومولمەوعودو شەهیدبوون نەزرکردوەو عاشورا لایان پیرۆزترین ڕۆژە.

سوپای مەهدی و سەرایا سەلام لەژێر کۆنترۆڵی موقتەدا سەدردا بوو ساڵەهای ساڵ ئەمریکیەکانیان تۆقاندو ئینجا بوون بەهێزی سەرەکی و جەماوەریان زیادی کرد، حەشدی شەعبی کە لە ڕووی یاسایی و ڕێکخراوەییەوە لای چوارچێوەی هەماهەنگییەو مالیکی و عامیری و خەزعەلی سەرۆکاریان دەکەن بەتەمان بەو شەڕە دەرونییە سەربازییە قەبارەی خۆیان زیاد بکەن و ئەمریکا جڵەویان بۆ شل بکات و کۆنترۆڵی عێراق بدەنە دەستیان لەداهاتوودا.

کەواتە ئەمریکا دەبێت واز لە موجامەلەی هێزە کۆنزێرڤاتیڤ و مەزهەبی و وەلائیەکان بهێنێت و پشتگیری هێزە مەدەنیەکان بکات کە ئێستا کەمینەن لە عێراق بە کوردو بەشێک لە سوننە ڕادیکاڵەکانیشەوە.

یانی ئەمریکا نازانێت سوپای میلیشیایی عەسائیبی ئەهلی حەق، قەیس خەزعەلیی بەڕێوەی دەبات و خەریکی چین و ئیمتیازات و موچەو دەرماڵەی یەک سەربازیان زیاترە لە پزیشکێکی موقیم و ئەندازیارێکی مەدەنی.

یانی نازانێت میلیشیاکانی بزوتنەوەی نوجەباو سەربازەکانی مەرجەعیەت، سەربە شێخ ئەکرەم کەعبیەو لەدەرەوەی عێراقەوە هاتوون و لەداهاتی ئەم وڵاتە دەخۆن.

هێزی بەدر، ئایەتوڵا محمد باقر حەکیم دروستی کرد ئێستا لای هادی عامیرییەو دیسان هەڕەشەن لەسەر سەقامگیری عێراق.

حەشدی شەعبی زیاتر لە 70 فیرقەی میلیشیایی شیعییە و دەوڵەتی قووڵ سەرپەرشتی دەکات و بەیاسای فەرمی و  پەڕلەمانی و بودجەی خەیاڵی و نەرمونیانی ئەمریکا دروست بوون و عێراق بەڕێوە دەبەن بەو جۆرەی خۆیان دەیانەوێت.

ئیتر بابوەستێ میلیشیاکانی سەرایای خۆراسانی سەربە عەلی یاسرییە، حیزبوڵاو ڕەبعەڵاو سەید شوهەداو ڕۆژی دوایی و زولفەقارو عاشوراو دەیان گروپ و فیرقەی سەربازی تری ئەو کامپە هەر بۆ هەڕەشە دروست بوون لەعێراق یاساو سیستم نەبێ و یاسای چەک بەرقەرار بێ، ئەوە دیسپلین و عەقڵییەتی عەرەبییە کەچی ئەمریکاش دێت هەر چەک بەکاردێنێ و ئەوانیش هەر کەیفخۆشن بەو دۆخە چونکە خۆیان خاوەنی ئەو بیرۆکەیەن و ئەزمونیان کردوە.

ئەمریکا دەبێت یاسای چەک و توندوتیژی و باروت بگۆڕێ بەیاسایەک کە میلیشیاکان نەیانبێ و حەزی پێنەکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە