کاک مەسعود قەت لەخۆتت پرسیوە بۆ؟

28/02/2024

رێبوار کەریم وەلی

لە دوا گفتوگۆی رۆژنامەنوسیدا، لەگەڵ مێدیای بیانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، سەرەتا بە گلەیی و گازەندە لە حکومەتەکەی سودانی دەست پێدەکات و بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکان تۆمەتباری دەکات. بەڵام بۆ؟

وەڵام: ئایا کاتێک وەک سەرۆکی پارتی، دوای هەڵبژاردنەکانی 2021، رێککەوتنێکی نەنوسراوی نهێنیتان(کە جگە لە هۆشیار زێباری لەناو حزبەکەشتاندا کەس ئاگاداری نەبوو) لەگەڵ سەدر و حەلبوسی بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە لە بەغدا پێکهێنا و هیچ حیسابێکتان بۆ ئیتاری تەنسیقی نەکرد، نەتاندەزانی ئەوە بە کەرتکردنی ماڵی شیعی لێک دەدرێتەوە؟ بەشداریتان لە حکومەتی سودانیدا، هیچ منتەتێکی بۆسەر شیعە تێدا نییە؛ بەشداریی پارتی لە ناچاری بوو، ئایا هیچ رێگەیەکی دیکەتان شک دەبرد؟
*
سەرۆکی پارتی دەڵێت لە عێراقدا، دیموکراسی هەڕەشەی لەسەرە. ئەدی لە کوردستان، دیموکراسی حاڵی چۆنە؟
وەڵام: ئایا ئەو رۆژەی کە زانیتان پەرلەمانی کوردستان گوێڕایەڵی فرمانەکانی ئێوە نابێت و بۆ دوو ساڵ قوفڵتان لە دەرگای پەرلەمان دا و سەدان هەزار دەنگدەری کوردستانتان لە نوێنەرایەتیی سیاسی بێبەش کرد، رێگەتان نەدا سەرۆکی پەرلەمان پێبنێتە هەولێر و وەزیرەکانی گۆڕانتان ناردەوە ماڵێ، قەت بیرتان لەوە نەدەکردەوە کە رۆژێک بەغداش هەمان شتتان لەگەڵ بکات؟ ئێستا هەرێمی کوردستان لە پێشێلکردنی مافە مەدەنییەکانی هاووڵاتیانی گوڵی سەرسەبەتی عێراقە. قەت لە خۆتان پرسیووە کە ئەوە 5 ساڵە بۆ یەک خۆپێشاندانیش لە هەرێمەکەی ژێر دەستەڵاتی جەنابتان روو نادات؟ قەت پرسیوتانە ئەو هەموو خەڵکە بۆچی لەسەر بیروڕا، یان لە زینداندان و یان شاربەدەر کراون!؟
*

بارزانی لە خراپیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیدا، نیگەرانە! بەڵام بۆ؟
وەڵام: پتر لە 15 ساڵە خۆتان و حزبەکەتان، ئیشوکارتان تێکدانی ناوماڵی یەکێتی بووە. لەو رۆژەوەی مام جەلالتان ناردە بەغدا، کۆنتڕۆڵی هەموو جومگەکانی دەستەڵاتتان کرد و دوای مردنی مام جەلالیش ئیتر لای ئێوە یەکێتی کۆتایی هات. پێتانوابوو کە کوردستان وارا پارتی و، پارتیش واتا کوردستان. لە بڕیاری ئابوریی سەربەخۆ، لەدەرکردنی گۆڕان لە حکومەت، لە ریفراندۆم و شەڕی داعشدا، یەکێتی لە ژێر فەرمانی جەنابتاندا بوو! لە دوایین هەڵبژاردنی پارێزگاکانیش داوایان کرد کورد بە یەک لیست بەشدار بێ، بەڵام موزەمیت محمەد دوزی(کەمال کەرکوکی) بەناوی جەنابتانەوە تەسریحی دا کە لەگەڵ خیانەتکاراندا ناچنە ناو لیستەوە. ئەوە چەند ساڵە هەر هەوڵێک بۆ لێک نزیکردنەوەی پارتی و یەکێتی درابێت، لەلایەن کەسانی ناو بارەگاکەتانەوە، زەڕبی سفر کراوە. هەوڵێکی جددی و بەهێز بە ئاراستەی دوو ئیدارەیی لەنێو پارتەکەی خۆتاندا، هەیە و ئێوەش بێدەنگن لێی.!
*

دیسان ئەوە دوبارە دەکرێتەوە کە دادگای فیدراڵی نادەستورییە و قەرارەکانی ناشەرعین. بەڵام بۆ؟
وەڵام: جارێ هەقە بپرسن کە کاتێک بە تاکڕەوی و زۆرە ملێی، هەوڵی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانتان دا ئەوەتان نەدەزانی کە ئەمە لە دەستوری عێراقدا، رێگەپێدراو نییە؟
بۆ تا کات لەبەردەمدا بوو، کۆمیسیۆنتان نوێ نەکردەوە؟ بۆ واتان نەکرد کە رێکبکەون و رێگر بن لەوەی ناکۆکییەکان لە شکڵی دەعوا بچنە بەردەم دادگا؟!
مادام دادگای فیدراڵی کە لەسەر دەستی ئەمریکا و لە سەردەمی پۆل بریمەر دامەزراوە ناشەرعییە و دانی پێدا نانێن، بۆ لە 2021 نوێنەرتان بۆ نارد؟ بۆ جارێک ئەو نوێنەرەی ئێوە هەڵوێستی نەبوو؟!
*

ئەگەر رۆژێک ئەو پرسیارانەتان لە خۆتان کرد و، راشکاوانە خستتانە بەر دادگای ویژدانی خۆتان، ئەو دەمە زۆر شت دەگۆڕێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە