ئەگەری هاتنی تورکیا فەرامۆش مەکەن

19/03/2024

سۆزان حەمەتاتە

بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداریی نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ململانێکانی بردە قۆناغێکی قورسترەوە، بەشێوەیەک خەریکە هەر هەوڵێکی چارەسەر وەکو نەزۆک و بێ ئاکام لێی دەڕوانرێ.

‎هەرچی پارتییە لە هەڕەشەکردن ناکەوێ، عیراقیش بڕیار دوای بڕیاری لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە دەیدا، لەو نێوانەدا کارەکتەری هەرێمایەتی رۆڵیان زۆرە، بەتایبەت تورکیا و ئێران کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستوەردان لە کۆی کاروبارە سیاسییەکانی عیراق دەکەن، رەنگە ئەوە ململانێکان بەرەو ئاقاری خراپتر ببات.

‎ئێران لەسەر ئاستی هێز و هەژموون کاریگەریی زیاتری لەسەر بڕیاری عیراقی هەیە، بەتایبەت شیعەکان کە خاوەن بڕیار و هێز و دەرچوواندانی یاساکانن، هەرچی تورکیایە کاریگەریی لەسەر پارتی و تورکمانەکان و سوننەکان هەیە کە زیاتر لە بەرگریدان لە مانەوەی پێگەکەیان نەک بڕیار دروستکردن.

‎تورکیا زوو زوو بە بیانووی بوونی پەکەکە هێرش و پەلامار دەدات، هەروەها باسی هاتنە ناوەوەی زیاتر دەکات، بیرمان نەچێت تورکیا چاویشی لەسەر موسڵە و لە ساڵی 1925وه‌ تائێستا بەشێوەیەکی رەمزی بەشە بودجەی بۆ دیاری دەکات، لە دەرفەت دەگەڕێ بۆ ئەوەی هۆکارێک بکاتە بیانوو و وەریبگرێتەوە، ناکرێت تێکچوونی شیرازەی عیراق وەکو ئەگەرێک بۆ هاتنە ناوەوەی زیاتری تورکیا بۆ عیراق وەرنەگیرێت.

‎تورکیا لە هەر شوێنێ بارەگا و بنە بخات ئاسان لێی دەرناچێ، ئێستا ئامادەیی سەربازیی زۆری هەیە و زۆرتریشی دەکات، کێشەکانی کوردستان و عیراق وا دەکەن بە لایەنی کەمەوە ئامادەیی تورکیا لە کوردستان و ناوچەکانی موسڵ زیاتربێت و وردە وردە هەژموونی زیاتری لەسەربێت، ئیتر کێشەکان دەچنە قاڵبی ئەستەمەوە و تا دورمەودا چارەسەرنابن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی