هەژماری من لەنێوان متمانە و خیانەتدا

29/03/2024

هونەر تۆفیق



دەوڵەت کەسێک ، بینایەک ، شوێنێک نیە ببینرێت . وەک حکومەت نیە شوێن و کەس بێت . دەوڵەت وەهمێکە کە هەمووان بڕوا بە بوونی دەکەن . دەکرێت هەبێت بڕوای بە حکومەت و کاربەدەستەکانی نەبێت ، بەڵام بەپێ ی ئەو متمانە دەستەجەمعیەی هەمووان بە دەوڵەتیان هەیە ، بێ بڕواییەکەیان بە حکومەت دەڕەوێتەوە و هەست بە مەترسی ناکەن...
کەواتە خودی بوونی ئەو شتەی ناوی دەوڵەتە ، بریتی یە لەو متمانەیەی لەنێوان مرۆڤ و دەزگاکانی حکومەتدا دروستی کردووە .
ئێمە لە خوێندنگەکاندا کەسی مامۆستاکە ناناسین ، بەو متمانەی هەمانە منداڵەکانمان دەدەین بەو کەسانە منداڵەکانمان بۆ پەروەردە بکەن .. ئەو متمانەیەش دەوڵەتە .
ئێمە ئەو فەرمانبەرە ناناسین لەبانکەکەدا کار دەکات و پارەکانمانی پێ دەدەین ، ئەو متمانەی بەینی ئێمە و فەرمانبەری بانکەکە دەکاتە دەوڵەت .
بۆیە ئێمە کە دەوڵەت نابینین ، هەستی پێدەکەین ، هەستەکەش متمانەکەیە .
لەم ژیانە تازەیەی ئەم سەردەمەدا ، باشترین چارەسەری گەندەڵی و وەختگرتنەوە و خێرایی لە ئیشوکارەکاندا ، بە ئەلەکترۆنی کردنی پەیوەندی نێوان کۆمەڵگە و دەزگا حکومیەکانە . ژیانی ئابووری و تەندروستی و فێرکاری و ئیداری کۆمەڵگەکانی هەر وڵاتێک کرابێت بە ئەلەکترۆنی ( ئای تی ) دەتوانن لەناو ئەم سەردەمە بژین و بەخوێندەوار دادەنرێن . ئەگەر وڵاتێکیش نەگەیشتبێت بە بەستنەوەی دەزگا ئابووری و تەندروستی و ئیداریەکانی بە تۆڕێکی پێکەوە بەستراوی ئەلەکترۆنیەوە ، نەخوێندەوارە و لەدەرەوەی سەدەی بیستویەکەمدایە .
دیجیتاڵ یان ئەلەکترۆنی کردنی ئابووری و بانکەکان ، سەرەکیترین پێویستی ژیانی ئەم سەردەمەیە کە تەنانەت وڵاتێکی دورەدەست و هەژاری وەکو بوتان لەو شاخانەی هیمالایەوە بانکەکەیان کردووە بە دیجیتاڵ .
کەوایە ئێمە بۆ دژین ؟ واتە دژی پرۆژەی هەژماری منەکەین ؟
لێرەدا دەچینەوە سەر پرسی متمانەکە .
خەڵک متمانەی دەوێت ، متمانە لە دەوڵەتەوە .
ئەزموونی خەڵک لەگەڵ حکومەتەکەیدا ، هیچ متمانەیەکی لەنێوانیاندا نەهێشتۆتەوە . ئەوان پارەی کۆشش و کاسپی خۆیان لەبانکەکاندا بوو بەبیانووی نەبوونی سیولەوە ، زۆرێک پارەکانیان بە لەسەدا حەفتا کەمتر لەحەقی خۆیان فرۆشتەوە ، ئەوەی چەکێکی بانکی یەک ملیارد دیناری هەبوو لەبانکدا ، لەبازاڕی دەڵاڵەکانی حکومەت و وەزارەتی داراییدا ، دەیفرۆشتەوە بە ٣٠٠ ملیۆن و ٧٠٠ ملیۆن دینار زەرەری دەکرد .
خەڵک بەبێ ڕەزامەندی خۆی موچەکەی پێنادرێت یان  حکومەت لەسەدا سی و چلی لێ دەبڕێت ، شوێنێک ، دەزگایەک ، دادگایەک ، دەوڵەتێک نیە ئەو مافەی پێبداتەوە ، چۆن دەتوانێت متمانە بە پرۆژەیەک بکات کە لە ئەسڵەوە بڕوای بە حکومەتی خاوەن پرۆژەکە نەماوە ..
هەتا حکومەت و دەستەڵاتی هەرێم ، لای خەڵکەوە بڕوا پێ نەکراو بێت ، متمانەش لەنێوانیاندا دروست نابێت .
هەیکەلی ئابووری و پەیوەندیە داراییەکان لە ئەساسەوە لەسەر متمانە ڕاوەستاوە ، پرۆژەیەکی ئابووری ئاوا گشتگیریش لەناو کۆمەڵگەیەکدا کە هیچ متمانەیەکی بەئابووریەکەی نەماوە ، جێبەجێکردنی وەک ئەوەیە بەزۆر کاغەزێکی ژمارەدار بەخەڵک بدرێت و پێیان بگوترێت ئەمە دراوە و لە کڕین و فرۆشتنەکانتاندا لەمەودوا ئەم کاغەزە لەبری دینار و دۆلار بەکاربهێنن .
ئاخر خەڵک متمانەی نیە ، چۆن دەکرێت بەزۆر كاغەزێک وەک دراو پەسەند بکات ؟؟؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی