کۆیلە کێیە ؟ پڕۆفیسۆر
« پاتریزیا دیلیبانۆ » لە کتێبەکەیدا ( کۆیلایەتی لەسەدەمی مۆدێرنەدا ) پێناسەی کۆیلە
بەم شێوەیە دەکات و دەڵێت :- « کۆیلە» ئەوەیە کە « کەسێکە خۆی بێبەشکردووە لە
ئازادیە کەسیەکەی ، یان «ئەو» بۆتە مولکیەی تایبەتی کەسانی تر » هەر پەیوەست بە هەمان
بابەت «ئەریک فرۆم »ی زانای سایکۆلۆژی و
هزرمەندی گەورەی ئەمەریکی بەڕەچەلەک ئەڵمانی دوای بەجێهێشتنی وڵاتەکەی لەترسی نازیەکان
و چوونی بۆ ئەمەریکا ، لەساڵی 1941 کتێبە بەناوبانگەکەی « هەڵاتن لە ئازادی یان
ترس لە ئازادی» بڵاوکردەوە ، کە باس لە قەیرانی کۆمەڵگەی پیشەسازی دەکات و ، ئاماژە
بەوەدەکات کە دوای خەباتکردنی چەندین نەوە لەپێناو ئازادی و هەڵسان بەشۆڕشی دیموکراسی
دژی ستەمکار و دەسەڵاتدارانی سەرکووتکەر ، کەچی خەڵک وایانلێهات لە ئازادی هەڵبێت
بۆ چوونەناو ستەمکارێکی نوێ ، هەروەها فرۆم لە کتێبەکەیدا دەڵێت :- کۆیلە ئەو کەسەیە
«مەیلی ئەوەی هەیە دەستبەرداری سەربەخۆیی خۆی بێت و ، خۆی لەگەڵ کەسێکی تردا لەدەرەوەی
خۆی تێکەڵ بکات» و پاشان بەسەرگەردانی و ملکەچی دەژیت و لە ئازادی هەڵدێت ، (بەوپێیەی
کە مرۆڤ بەسروشتیخۆی بونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و ، دەشێت ترسی گۆشەگیریەکەی پاڵی پێوەبنێت
بۆ هەڵاتن لە ئازادی و ، بەئیرادەی خۆی و لە ڕووی جەستەیی و روحیەوە خۆی باوێتە
ناو شێوەیەکی نوێ لە کۆیلایەتی و ، جارێکی تر بخلیسکێتە ناو نامۆبوونێکی نوێی زۆر
توونتر لەوانیتر ، چونکە ئەو نامۆبوونە بە ویست و ئارەزووی خۆی بووە) ، جالێرەدا ئەشکالیاتی
نێوان کۆیلە و ئاغا « العبد و السيد » گۆڕانی بەسەردا دێت گۆڕانێک کە بەپێی قۆناغ
و سەردەم خەسڵەتی تایبەتی خۆی دەبێت ، ئەوەی فرۆم باسیدەکات کەسەکە دەچێتە ناو کۆیلایەتیەک
کە خۆی هەڵیبژاردووە .
فەیلەسوفی گەورە «هیگڵ
» لە بەشێکی کتێبە بەناوبەنگەکەی (فیومۆنۆلوژیای روح- ظاهریات الروح- دیاردەناسی
روح» کە ناونیشانەکەی « دیالێکتیکی ئاغا و کۆیلە - جدلیة السيد و العبد » تەفسیری
ئەوەدەکات کە چۆن کۆیلە دەچێتە ناو قاوغی ئاغا و مۆرکی« ئەو» وەردەگرێت ، لەگەڵ ئەوەی
« ئەریک فرۆم » بە خۆتێکەڵکردنی کۆیلە لەگەڵ کەسێکی تر لەدەرەوەی خۆی ، هەردوو حاڵەت
پەیوەندی بەهێزی بە تیۆری خۆیەکگرتن یان
چوونە قاوغی دەستدریژیکار « التوحد بالمعتدي »وە هەیە ، حالەتی مەیلی چوونە قاوغی
دەستدریژیکار یان خۆنواندنی کۆیلە وەک ستەمکار
لەناو هەموو گەلاندا بەپێی پێشکەوتن و ئاستی هۆشیاریان هەیە و چەندین جۆرن ، لەوڵاتە
دواکەوتووەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لەناو حزب و دەسەڵات و گەلێکی دواکەوتووی
وەک ئێمەدا بەزەقی دیارە ، کە خۆی لەتەسەروفاتی هەندێک بەرپرسان بەرانبەر ئەوانی سەروی
خۆیان و ئەوانی خوارووی خۆیان بەدیاردەکەوێت ، کۆیلەیە بەرانبەر سەیدەکەی ، ئاغایە
بەرانبەر کۆیلەکەی ، یان هەندێک تەسەروفاتی سەیروسەمەرە لە هەندێک بەرپرسانی کورد
بەدیدەکریت کە کورد خۆی «لە دوا کاروانی شەمەندەفەری پێشکەوتنی گەلان نەک هەر جێگای نابێتەوە بەڵکە بەجێماوە و سەربەست نیە » کەچی
ئەوان مەستی وەهمێکن وەک سەیدێک خۆی نمایش دەکات و وا پێشانی دوروبەر و جیهان دەدن
وەک ئەوەی هەموو وڵاتانی ناوچەکە و زلهزەکان پێویستیان بەوەو و چاویان لەسەر کوردستانە !!! جۆرێکی
تری پەیوەندی کۆیلە و ئاغا لەوەوە خۆی دەبینێتەوە ، کە کۆیلەیە مۆرکی ئاغاکەی وەرگرتووە
و ، وەک ئاغایەک لەناوخۆ هەڵسوکەوت دەکات
وەک ئەوەی ئەو خاوەن ڕاستی ڕەها بێت ، وەک کۆیلەیەکیش هانا بۆ ئاغا دەبات و نوێنەرایەتی
دەکات و ، داوایلیدەکات سوپا و هێز بنێریت
بۆ داگیرکردنی نیشتیمانەکەی وەک ئەوەی ئێستا کەسانێک لەهەرێمی کوردستان داوای دەکەن
، کۆیلەیەکە داوا لە دەستدرێژیکار دەکات دەستبەسەر
نیشتیمانەکەیدا بگرێت لە ڕقی کەسانی هاوخەسڵەتی خۆی !! کۆیلەیەک کە چوبێتە ناو
قاوغی دەسترێژیکار یان مۆرکی یەکگرتن بە دەستدریژیکاری وەرگرتبێت ، پێویستیان بە
چارەسەری دەروونیە ، جۆرێکی تری کۆیلە کە چۆتە قاوغی دەستدرێژیکار کە لە واقیعدا هەیە
و ، لەناو چەندین کەسایەتی کورد بەرجەستە دەبێت ، ئەوانەی کە « مستعرب »ن واتە
بوونە بە عەرەب ، نموونەیەک لەوان «طه
ياسين رمضان - طه جزراوي » و چەندانی تر لەو کوردانەی خۆیان کردە عەرەب ، کە زۆر بە
پەرۆشی و تووندیەوە یەکیگرتووە «توحد»ی کردووە بە غەیرە خۆیان و خەسڵەتی دەستدریژیکاریان
لە ڕووخساریان بەدیدەکرێت و ، بەمە لەڕووی - سایکۆلۆژی- لەڕێگەی یەکگرتن لەگەڵ ئەوەی
دەستدرێژیکردۆتەسەری دەگۆڕێت بۆ دەستدرێژیکار بۆسەر کەسانی تر ، ئەمانە چونەتە ناو
قاغی جەلادەکانیان و ، زۆر بێشەرمانە دەڵێن
( من تەنها لە ڕووکەشدا کوردم ، ئەگینا لە قووڵایدا من عەرەبم » ئەوە جگەلەوە کە
تا دواهەناسە بەهەموو ڕقلێبوونەوەی قووڵەوە دوژمنایەتی کوردیان کردووە .
لەجیهانی ئەوڕۆی دیگیتاڵی
و زیرەکی دەستکردا ، پەیوەندی نێوان کۆیلە و ئاغا شێوازێکی تری نوێی وەرگرتووە کە ڕەنگدانەوەی سەردەمەکەیە ، مرۆڤ یان هاوڵاتی
لەو سەردەمەی ئێستادا بۆتە کۆیلەی زەمەن و ئایندەی نادیار و تەکنۆلۆژیا و سۆشیالمیدیا….تاد
، کۆیلەی ئاغای نوێ لە سامانداران و تەکنۆکرات و ئاییندارەکان و سیاسیەکان ، مرۆڤی
ئێستا دووچاری کۆیلایەتیەکی نوێی دووجا بۆتەوە .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی