ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت چی روودەدات؟ لێكەوتە یاساییەكانی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لەرووی یاساییەوە

01/04/2024

پارێزەر ئاوات خەیروڵڵا

هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی زۆر هەستیار تێدەپەڕێت و ئەگەری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن دۆخەكە زۆر مەترسیدار دەكات و سیستمی سیاسی شەرعییەتی نابێت.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەم قۆناغەدا بۆ هەرێمی كوردستان زۆرگرنگ و پێویستیی هەنووكەیییە، بەتایبەت بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەروەها بۆچوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی كیانی هەرێمەوە بگرە تا پێكهێنانیی حكومەت و كۆتاییهێنان بەكاربەڕێكەریی حكومەتەكە.
لەماوەی رابردوو چەندبارە دووبارەبوونەوەی دواخستنی هەڵبژاردن، بۆشایییەكی زۆری لە هەرێم دروستكرد، كە وابكات ئەو سكاڵا یاساییانەی لە دادگای فیدراڵی تۆمار كرابن، دادگاكە بڕیارە یاساییەكانی خۆی بدات و ئەم لێكەوتانە بەدوای خۆیدا بهێنێت، لەكاتێكدا دەكرا پێشتر لە هەرێم ئەوكارانە بكرانایە بە كۆدەنگی لایەن و دامەزراوەكان، نەك بەمشێوەی لەبەغداوە بەسەر هەرێمی كوردستان بسەپێندرێت.     

دوای بایكۆتەكەی پارتی ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت، ئەوا مەترسییەکی زۆر گەورە هەیە کە دادگەی فیدراڵی عێراق شەرعیەتی دامەزراوە رەسمییەكانی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، بەهۆی ئەوەی هەرێم دەستوورێكی نییە."

ئەوەش هەرێم دەخاتە بەردەم دووڕیانێكی نادیار كە ئایا ئەوكات هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی و عیراقی مامەڵە لەگەڵ دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەكەن یاخود نا؟. بەوەش زەبرێكی تری كوشندە بەر هەرێم دەكەوێت، كە لە لێكەوتەكانی ریفراندۆم كەمتر نابێت. بەتایبەت ئێستا دۆخی هەرێم جیاوازترە لەوكات، بەهۆی ئەوەی خۆی گرفتی ئابوریی هەیە و کارتی گوشاری نییە و نەوت نافرۆشێت، لەكاتێكدا پێشتر بە پرسی نەوت و ئابورییی سەربەخۆ دەیتوانی وەكو گوشار بەكاریان بهێنێت.

 بۆیە ئێستا زەبرەكە كوشندەتر دەبێت، لەناوخۆشدا متمانەی جەماوەریی لەدەستداوە و تادێت قەرزەكانی سەر هەرێم كەڵەكە دەبن و هەرێمیش هیچ بەدیلێكی نەوتی نییە. بۆیە، باشترین بژاردە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكەیە، بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی و یاسایی هەرێم و مانەوەی شەرعیەتی دامەزراوەكانی هەرێم و ئەو بەدەمەوە هاتنەی كۆمەڵگەی كوردی بۆ قەزیەی كۆرد هەیان بووە. چونكە ئەگەر هەڵبژاردنەكە نەكرێت ئەوەی دەیان ساڵ خەبات و قوربانی بۆدرا دەبێتە قوربانی ئینكاریی سیاسیی و لایەنێك لێی بەرپرسیار دەبێت، كە درووشمە سەرەكییەكانی "دەوڵەتی كوردی و پارێزگاریی لە قەوارەی هەرێم بووە".

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە