پارتی، بەرەو مەرگی سیاسیی، یان مانەوەی لە لوتكە..

03/04/2024

كوردۆ فەرەج




پرۆسەی هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان دەچێتە دۆخی سڕبوونەوە، بڕیار بوو لەمانگی شەشی ئەمساڵدا لەپاش چوار جار دواخستن لەرێگای كۆمسیۆنی عێراقەوە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی مەترسی دۆخی پارتی لە ئێستاو لەدەستدانی یانزە كورسیی كۆتاكان و بوونی فشاری ناوچەیی، كاریگەرییەكانی دادگای فیدراڵی، بوێری ئەوە ناكات بچێتە هەڵبژاردنێکەوە کە دەزانێت لە بەژەوەندی ئەودا نییە.
پارتی، کۆتا بڕیاری خۆیداوە کە لەژێر هیچ فشارێکدا ئامادە نییە بچێتە هەڵبژاردنەوە لەدوای لەدەستدانی یانزە کورسیی کۆتاکان و بوونی کێشە لەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران و فشارەكانی ناوخۆیی و ناوچەکە لەبەژەوەندی پارتیدا نییە، لەپاش ئەوەی پارتی لەسەکردایەتی خۆیدا ئەوەی یەکلایی کردەوە، بە پێچەوانەوە یەکێتی لەرێگای ئەندامانی سەکردایەتی و ووتەبێژەکەیەوە ئامادەن بەشداری هەڵبژاردنێک بکەن کە پارتی هاوحیزبی دەسەڵاتییان، بەشدار نابێت.
لەئێستادا یەكێتی گفتوگۆی ژێربەژێری هەیە کە دژی دواخستی هەڵبژاردن نابێت و هەر کاتێک پارتی پێ باش بوو ئەوان ڕازین، بەڵام بە هۆی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ بە نایاسایی و زیاتر لەساڵێكە لە بۆشایی یاسایدا ماوەتەوە، خراپی كابینەیەكەی مەسرور بارزانی و دروستبوونی قەیران بۆ هاوڵاتییان و موچەخۆران، دەستگرتن بەسەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەسایەی كۆمسیۆنی عێراقدا بە شكستهێنانی خۆی دەزانێت و ناچێتە پرۆسەكەوە.
سیناریۆکانی پارتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن:
1. هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا نەکرێت، دوابخرێت بۆ مانگی ١٠ ی ئەمساڵ، بەڵام بەو مەرجەی كە چاكسازی لە پرۆسەی دەنگدەراندا بكرێت و گۆرانكاری لەناو كۆمسیۆن ئەنجام بدرێت.
2. هەڵبژاردن بخرێتە مانگی ١١ی ساڵی داهاتوو، لەگەڵ هەڵبژاردنی عێراقدا ئەنجامبدرێت، کە دیار نییە هەڵبژاردنی عێراقیش لەکاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، یان نا.
3. هەڵبژادنێک ئەنجامبدرێت کە زەمانی مانەوەی پارتی لەدەسەڵات بکات و هەر بە حیزبی یەکەم بمێنێتەوە و گۆارنکارییەکانی ناو كۆمسیۆن بە دڵی ئەوان بێت و دوور بێت لەدیاریكردنی پێشوەختەی كورسی حیزبەكان.
4. ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت لە ژێر کاریگەرییە ناوخۆی و دەرەکییەکاندا، ئەنجامەکەی بە دڵی پارتی نەبێت، ئامادە نییە قبوڵی بکات، لەکاتێکدا لەم دۆخەی پارتی پێویستی بە مانەوەی پارتەکەی ئەردۆغان هەبوو، بەڵام خودی دادو گەشەپێدان دۆخی باش نییە و ئەمەش مەترسییەکانی سەر پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر دەکات، بۆیە ئامادە نییە بچێتە هەڵبژاردنێکەوە کە لە لێواری مەرگ نزیکی بکاتەوە.
دەرئەنجامەكانی، ئەنجامنەدانی هەڵبژادن:
1. قەواری هەرێمی کوردستان بە هۆی ئەوەی کە لە ئێستادا حکومەتی کاربەرێکەر بەرێوەی دەبات و کۆمسیۆن و پەرلەمانەکەی بەسەرچوو، بە ناچاری دەبێت کۆمسیۆنی عێراق هەڵبژاردنەکان بەرێوەبەرێت، بەمەش دۆخەکە بەهۆی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و فشارە ناوخۆی و دەرەکییەکان، هەڵبژاردن لە مانگی شەشی ئەمساڵدا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لەبار نییە و بەرەو تونێلێکی دەیبات کە کۆتاییەکەی دیار نییە و پێوایە پشتر خشتەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان دانراوەو پارتی تێیدا شکستدەهێنێت.
2. ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت، هەندێک لایەن ئامادەن سکاڵا لەسەر پارتی تۆمار بکەن و بەمەش لەوانەیە دادگای فیدراڵی لە وەها سکاڵایەکدا کۆتایی بە قەواری هەرێمی کوردستان بهێنێت و ئەمەش دۆخی هەرێمی کوردستان بباتە دۆخێکەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پشتگیری لەمانەوەی قەوارەکە نەکرێت.
3. ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت و کۆتایی بەو پرۆسەیە بهێنرێت، هەرێمی کوردستان سنور و قەوارەکەی دەچێتە دۆخێکەوە کە لێکەوتەی خراپی دەبێت و خەڵکەکەی باجی دەدات، لەدوای مانگی شەشەوە قۆناغ بە قۆناغ کاریگەرییەکانی دەردەکەوێت و ئەو کاتە دەبێت بۆ مێژوو باس بکرێت کە پارتی لە پێناو مانەوەی خۆیدا، دۆخی کوردستان بە ئاستێک گەیاندووە کە هیچ دەوڵەتێک پشگیری نەکات.
4. هەندێکجاریش رێککەوتنە سیاسییە ژێربەژێرەكان، لەگەڵ هەر یەكە لەووڵاتانی تورکیا و ئێران، هەندێك حیزبی ناوخۆیی، وادەكات پارتی لەدواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن سەركەوتوو بێت.
لەكاتێكدا، هەموو خوێندنەوەکان بۆ ئەوەن كە گۆرانکاری گەورە لەناوچەکەدا ڕوودەدات و دۆخی کوردستان و عێراقیش لەم ئاستەی ئێستادا نامێنێتەوە، بە تایبەتیش لەپاش زیاتر لە 32 ساڵ لەحكومڕانی یەكێـتی و پارتی، وا نابینرێت تەمەنیان زۆری مابێت، چونكە كورد لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، پاشەكشەیەكی سیاسیی گەورەی كرد و دواخستی هەڵبژاردنیش لەژێر هەموو فشارە نێودەوڵەتییەكان، دەرئەنجامی باشی لێناكەوێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە