کاملای گوریسەکە بگیرێ

14/04/2024

سامانی وەستا بەکر



هێرشە ڕاستەوخۆکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بوێرییەکی زۆری پێویست بوو تا ئێران ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل ئەگەرچی سنوردار و بەپێێ ئاگادارکردنەوەی پێشتریش بوو.
ئێران:
دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، بەگوێرەی بۆچوونی ئێرانییەکان چیتر بۆ ئەو وڵاتە نەئەگونجا لەڕێی گرووپە چەکدارە توندڕەوەکانەوە وەڵام باتەوە، چونکە هێرشکردنە سەر باڵوێزخانە بە هێرشکردنی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خاکی وڵاتی هێرشکراو ئەژمارەکرێ ئەگەرچی بەپێی هەواڵگری ئیسرائیل باڵوێزخانەکە وەک بنکەیەکی سەربازی وکاری سیخوڕی بەکارهێنراوە، بەڵام ڕۆژگار ئەیسەلمێنێ کە ئێران هەڵەشەیی و پەلەی کردووە لەو بڕیارەیا.
* ئەوترێ هێرشە ڕاستەخۆکەی ئێران بەپێی ڕێکەوتن و ئاگاداری پێشووتری ئەمریکا و ئیسرائیل کراوە، ئەویش بە مەبەستی پاراستنی شکۆی سەربازی و سیاسی ئێران کە چەندینجار لەلایەن ئیسرائیلەوە شکێنراوە و ئێران بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی سنورداری هەبووە.
* ئەگەر ئێران ڕاستەوخۆ هێرشی نەکرادایە چیتر لەلایەن هێزە هاوسۆزەکانییەوە لە دەرەوەی سنوری ئێران متمانەی ئەوەیان نەئەما کە ئێران توانای پاراستی ئەوانی هەیە، چونکوم ئەگەر ئێران توانای پاراستنی زەوی و خاکی خۆی نەبێ بێگومان توانای پاراستنی کەسی تریشی نابێ.
* ئەگەرچی باس لەوە ئەکرێ کە ئێران لەڕێی باڵوێزخانەی سویسراوە نەخشە و کاتی هێرشەکەی گەیاندۆتە ئەمریکا و ئیسرائیل بەڵام ئەگەر ئەو گریمانەیەش لاوازبێ بەڵام ئێران بەردەوام لەڕێی بڵاوکردنەوەی بەیانامەو ڕاگەیاندنە فەرمی و نافەرمییەکانیەوە  ئاگایاری ئەیا بە ئێسرائیل کە نیازی هێرشی هەیە، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی ئیسرائیل ئامادەسازی بکا و کەمترین زیانی بەرکەوێ چونکە ئێران و ئابورییەکەی بەرگەی کاردانەوەی توندی ئیسرائیل ناگرێ.
* هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە شکستی ئەو ولاتە کۆتای هات و سەرەنجام بۆ ئێران و هەموو هێزە هاوسۆزەکانیشی سەلمێنرا کە موشەکەکانی ئێران ناتوانێ بەسەر تەکنۆلۆجیای ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیا زاڵبێت.
* ترسی ئێران لەو کارەی و کاردانەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا هێندە زۆربوو هێشتا موشەکەکانی ئێران بە ئاسمانەوە بوون کە ئێران ڕایگەیاند ئەوان کۆتاییان بە هێرشیکە هێناوە ئەمەش ئەوە ئەسەلمێنێ کە ئێران ئەوە ئەزانێ کە تەکنۆلۆجیای سەربازی ئەو وڵاتانە توانای خستەنخوارەوەی موشەک وهێزە دەریایی و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلی نییە.
* بەم کاردانەوە و هێرشە هەڵەشەیەی ئێران هاوکاری و سودێکی زۆری بە ئیسرائیل گەیاند و جارێکی تر کردیەوە بە مناڵە خۆشەویستەکەی ڕۆژئاوا.
ئیسرائیل:
ساڵانێکە  ئیسرائیل بە چەندین هۆکار لە هەوڵی ئەوەیایە کە ئێران لە شەڕێکی ڕاستەوخۆ تێوەگلێنێ لەبەرچەن هۆکارێک:
* تا بتوانێ ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر پێگەی چەکە ئەتۆمییەکانی ئێران و کۆتای بە دڵەڕاوکێی بەدەستهێنای چەکی ئەتۆمی ئەو وڵاتە نەیارەی خۆی بهێنێ.
*  تا جبەخانەی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران پشانی جیهان بەگشتی و بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو بات کە ئێران چ جبەخانەیەکی کۆکردۆتەوەو چەندیش مەترسییە بۆ سەر جیهان بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو.
*  ئیسرائیل توانی پشتگیری بێ مەرجی ڕۆژئاوا و زۆربەی وهەرەزۆری وڵاتانی جیهان بەدەستبهێنێتەوە و ئەوەش بۆ ئێران و هەموو ئەوانە بسەلمێنێ کە بەهەڵە لە لێکدانەوەیان بۆ پشتگیری مرۆڤدۆستانی جیهان بۆ خەڵکی سیڤیل غەزە ئەکرد.
* لە دوای هێرشە تیرۆرستییەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی ئیسرائیل کار بۆئەوەئەکا بیسەلمێنێ کە بزوتنەوەی حەماسی فەلەستین  باڵی ڕانەگەینراوی سوپای قودسی ئێرانەوە، بۆیە  ئیسرائیل کار لەسەر ئەوە ئەکات کە خودی ئێران ڕاپێچی جەنگێکی ڕاستەوخۆ بکات لەبری هاوسۆزەکانی، لەمەشا سەرکەوتوبوو.
ئیسرائیل بێ وەڵام نابێ، چونکوم لەلای ئیسرائیل کار بەو هاوکێشەیەک ئەکرێ کە لاوازی بەواتای نەمان و کۆتای ئەو وڵاتەیە بۆیە وەڵامیان ئەبێت، ئێستاش کاتە گونجاو ئاڵتونییەکەی ئیسرائیلە کە هێرشی ڕاستەوخۆو بێ پەردە بکاتە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران و تواناکانی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی بەرچاو لاوازبکات، هەر ئەوەشنا بگرە ئەگەر بەگونجاوی بزانن دوورنییە هێرش بکەنە سەر مۆڵگەی موشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و ژێرخانی ئابوری ئەو وڵاتە و تونای سەربازی و ئابوری ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو لاوازبکەن بەڵام ئەم کارە بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەمریکا نابێ و ناکرێ.
ئەگەر بەهێزەکە ئەوەیە کە ئیسرائیل هێرشی سایبەری بکاتە سەر ئێران ولە ڕێگەیەوە زیانی زۆر و گەورە بگەیەنێتە ئێران و لەم کارەشا پێویستی بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکی نییە و لە هەمانکاتیشا ئەتوانێ سود لە تواناکانی کۆی وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی وەرگرێ بەبێ ئەوەی توشی کاردانەوەی ئێرانیان بکات.

USA:
لەبەر ئەوەی ئەمریکا و وە بەتایبەتی دیموکراتەکان و جۆن بایدن هەلبژاردنیان لە پێشە کار بۆ ئەوە ئەکەن کە کارلەکار نەترازێت و ئیسرائیل وەڵامی نەبێ، هەروەک چۆن لە پێشووتریشا هەوڵی زۆریان ئەیا کە ئیسرائیل هێرشی سنوردار بکاتە سەر کەرتی غەزە، چونکوم  بەشی هەرە زۆری دەنگدەری عەرەب و ئیسلامەکانی ئەمریکا دەنگ بە دیموکراتەکان ئەیەن بۆ نمونە ولایەتی "میشیگان"، وە بەشێوەیەکی گشتیش بنکەی جەماوەری دیموکراتەکان دژی هەلگیرسانی جەنگ و تیوەگلانی ئەو وڵاتەن.
 لەئەگەری تێوەگلانی ئەمریکا لە جەنگێکی ڕاستەوخۆیا لەبەرژەوەندی دیموکراتەکان و جۆن بایدن نییە و کارەکە لەبەرژەوەندی دۆناڵد تراپم و کۆمارییەکان کۆتاییەت، لەبەر ئەو هۆکارە لە ئێستایا تیمەکەی جۆن بایدن هەوڵێکی زۆرئەیەن کە ئیسرائیل وەڵامی نەبێ، بەڵام:
سترایجی قوڵی ئەمریکا و بەرژەوەندی ئەو وڵاتە شتێکی ترەو لەسەرو جۆن بایدن و هەڵبژاردنەکانەوەیە و پاراستنی ئیسرائیل بۆ ئەوان پاراستنی ڕاستەوخۆی ئەمریکایە و نەمانی ئیسرائیل نەمانی کۆتای بەرژەوەندییەکانێتی ئەو وڵاتەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بگرە ئاسیا و بەشێکی رۆژهەڵاتی ئەوروپاش.
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هیچ بژاردەیەکی تریان نییە جگە لەوەی کە پاڵپشتی سەربازی و ستراتیژی ئیسرائیل بکەن و شەوی ڕابردووش بەکردار ئەوەیان سەلمان.
ئەمریکا خودی خۆی هێرشی ڕاستەوخۆ ناکاتە سەر خاکی ئێران بەڵام چەن کارێکیتری زۆر گرنگ و یەکلایکەرەوە بۆ ئیسرائیل ئەکا، لەوانە:
١. هێرش ئەکاتە سەر هەر هێزێکی هاوسۆزی ئێران کە بیانەوێ زیان بە ئیسرائیل بگەیەنن.
٢. سنوری ئیسرائیل ئەپارێزن و ڕێگەنایەن هیچ موشەک و فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان ببێتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ئیسرائیل.
٣. چەک و جبەخانەی زۆر و بەهێز و نوێترین تەکنۆلۆژی ئەگەیەننە ئیسرائیل کە ئەبێتە هۆکاری یەکلاکەرەوە لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی ڕاستەوخۆیا.
٤. دروستکردنی هاوپەیمان دژی ئێران و توندکردنەوەی گەمارۆی ئابوری لەسەری.

G7:
کۆی ئەو وڵاتانە پشتگیری خۆیان بۆ ئیسرائیل ڕاگەیاند و ئەمەش هەنگاوێکی ترە کە بەسودی ئیسرائیل و  شکستی ئێران ئەشکێتەوە، ئەمە لەکاتێکایە کە پێش هێرشیکەی دوێنێ شەوی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کۆی ئەو وڵاتانە ‌هەڵوێستێکی جیاوازتریان هەبوو بەرامبەر شێوازی مامەڵەکردن و جێبەجێکردنی پلانی سەربازی ئیسرائیل لە غەزە، بەڵام کورتبینی ئێران ئەم هاوکێشەیەی پێچەوانە کردەوە و گەڕانییەوە سەر ڕێچکەی پێشوو و هەمیشەیی خۆی.

وڵاتانی کەنداو:
وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی سعودییە سیاسەتێکی زۆر زیرەکانە پەیڕەوئەکەن و خۆیان تێوەناگلێنن.
سعودیە، ئیمارات، بەحرەین، عومان و کوەیت تا ئاستێک یەک ستراتییژ و یەک سیاسەتیان هەیە و لەسەرەتای هێڕشە تیرۆرستیەکەی حەماسەوە بۆ سەر خەڵکی سڤیلی ئیسرائیل ئەوان بێدەنگن، ئەگەرچی ناوبەناو سەرکۆنەی کوژرانی خەڵکی سڤیل ئەکەن لە کەرتی غەزە بەڵام هیچ کاردانەوەیەکی وایان نییە بەرامبەر ئیسرائیل کە ببێتە هۆکاری خراپبوونی بەرژەوەندییەهاوبەشەکانیان لەبەر چەن هۆکارێک:
١. ئەوان بزوتنەوەی حەماس، حیزبوڵای لوبنانی، حوسییەکانی یەمەن و هێزە شیعیە یاخیەکانی ئێراق  بەباڵی سەربازی ئێران ئەزانن و ئێرانیش نەیاری سەرسەختی ئەو وڵاتانەیە و سەرکەوتنی ئیسرائیل لە بەرژەوەندی ئەوانیشە.
٢. حەماس، حیزبوڵای لوبنانی، حوسییەکانی یەمەن و هێزە شیعیە یاخیەکانی ئێراق  چەن هێزێکی ئیسلامی جیهادین کە ئەوان بەنەیاری بەرژەوەندییە سیاسیە ناوخۆییەکانی خۆیانی ئەیبینن.
٣. بەهێزبوونی ئێران بەواتای لاوازی ئەوانە.
٤. سەرکەوتنی ئێران ئەبێتە هۆکاری دەستبەسەراگرتنی سنورە ئاوییە هاوبەشەکان و سەرەنجام پاشەکشێی ئابوری ئەو وڵاتانەی لێئەکەوێتەوانێ.
٥. ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلێکی بەهێزا بۆئەوان گرنگتر و ستراتیژی ترە لە ئێرانێکی نەیاری شیعی ودژ.
٦. وڵاتانی کەنداو ئامادەنین دەست لە پرۆژەی ئاشتەوایی ئاینە ئیبراهیمییەکانی نێوان ئەوان و ئیسرائیل هەڵگرن و بگەڕێنەوە چوراگۆشەی یەکەم.

ڕوسیا:
ڕوسیا گەورەترین سودمەندی کۆی ئەم هەموو پشێوی و جەنگە نەخوازراوەی ناوچەکەیە چونکە سەرنجی کۆی جیهان لە ئۆکرانیاوە گواستراوەتەوە بۆ ئیسرائیل-غەزە و ئیران. لە ئەگەری فراوانبوونی جەنکەیا ڕوسیا دەسی واڵائەبێت کە چەنگی ئۆکرانیا-ڕوسیا لە بەرژەوەندی خۆی کۆتای پێبێنێت و هەژموونی خۆی بەسەر ئەوروپایا بسەپێنێ.

هەرێمی کوردستان:
ئەزموونەکان ئەوەیان سەلمانووە کە کورد و کوردستان هیچ بەرژەوەندییەکی ستراتیژی و درێژخایەنی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی هەرێمی و نێودەوڵەتیا نییە بەڵکو کۆی ئەو وڵاتانە کورد و خاکەکەشی لە بەرژەوەندی خۆیان بەکارئەهێنن، بۆیە گرنگە کورد بە دوورییەکی یەکسان لەکۆی لایەنەکانی ئەو جەنگانە بوەستێ و بگرە هەوڵبا باشترین پەیوەندی لەگەڵیانا هەبێ و کاربکا بۆ دروستکردنی بەرژەوەندی ستراتیژی بەجۆرێک کە زلهێزەکان و وڵاتانی هەرێمی پاراستنی کورد و کوردستان بە بەشێک لە ئاسایش و بەرژەوەندی خۆیان ئەژمارکەن، نمونەی ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئیسرائیلی ئەکەن.
گرنگە کورد بەگشتی بە تایبەتی هەرێمی کوردستان لەناوخۆیا یەک و یەکگرتووبێ و دەست بەناوەڕاستی گوریسەکەوە بگرێ.
                        ١٤-٤-٢٠٢٤                           سوید-ستۆکهۆڵم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی