چەند تێبینییەک لەسەر هێرشە موشەکی و درۆنییەکەی ئێران

16/04/2024

بەختیار ئەحمەد ساڵح



بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ڕۆژنامەی وڵستریت جۆڕناڵ بڵاویکردۆتەوە، ئێران لە  هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل 170 درۆن - فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 120 موشەکی بالستی و 30 موشەکی کروزی بەکار هێناوە و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا 60 تۆن چەکی بەسەر ئیسڕائیل و وڵاتانی دراوسێیدا داباراندووە بە تێچووی 63 ملیۆن دۆلار و لە بەرامبەرداو بۆ بێکاریگەر کردنی هێرشەکە، ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی یەک ملیارد و سێسەد ملیۆن دۆلاریان خەرج کردووە.
هاوشێوەی وەڵامی تیرۆر کردنەکەی قاسم سلێمانی لە لایەن ئەمەریکاوە، کە ئێران لە ڕێگەی عێراقەوە، ئەمەریکای لە کات و شوێنی هێرشەکەی ئاگادارکردەوە، ئەمجارەش ئێران بەر لە هێرشەکەی لە ڕێگەی کەناڵە دیبلۆماسییەکانەوە –بە پێی وتەی ناسڕ کەنعانی وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئێران- وڵاتانی ناوچەکەی لە هێرشەکەی ئاگادارکردەوە تا بە شێوەیەک لە شێوەکان ئامادەکاری بکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە، بەو مانایەی کە مەبەست لەهێرشەکە هێندەی ئەوەندەی کە گەیاندنی پەیام بوو، هێندە مەبەست لێی گەیاندنی زیانی فیزیک نەبوو.

شێوزای هێرشەکە
ئەم شێوازی هێرشکردنە پێشتر ئێران لە هێرشەکانی بۆ سەر هەولێر تاقیکرابوەوە، واتە بەکارهێنانی هاوکاتی درۆن و موشەک بەو ئامانجەی کە درۆنەکان هەستن بە سەرقاڵکردنی بەرگری ئاسمانی تا موشەکەکان بتوانن ئامانجەکانیان بە دروستی بپێکن، ئەڵبەتە بەو جیاوازییەی کە ئێران لەم هێرشەکەدا جگە لە بەکار هێنانی درۆنی شاهد 136، درۆنێکی دیکەی نوێشی بەکارهێنا لە جۆری شاهد 238، هەروەها موشەکی میان مەودای عیماد و موشەکی کروزی پاوە-ی بەکار هێناوە کە هەڵگری کڵاوەی هێشووی بوون کە لەگەڵ نزیک بوونەوەیان لە سنووری ئاسمانی ئیسرائیل، کڵاوەکە لە موشەکەکە جیابۆتەوە و تەقیوەتەوە تا بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل بە خۆیە سەرقاڵبکات و موشەکەکە بتوانێت خۆی بەدوور بگرێت لە بەئامانج گرتن، بە پێچەوانەی ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوکراوەتەوە، لە هێرشەکەدا موشەکی هایپەرسۆنیک-ی پێشکەتووی فاتحی 1، فاتحی 2 و موشەکی خوڕەمشەهر-ی بەکارنەهێنراوە.

زیانە ڕاگەیەنراوەکانی ئیسرائیل
 بە پێی زانیارییەکانی خودی ئیسرائیل، زۆرترین زیانی هێرشەکەی ئێران بەر ئەم پێگانە کەوتووە: بنکەی ئاسمانی نواتیم نزیک ناوەندی ئەتۆمی دیمۆنا، بنکەی ئاسمانی رامون و پێگەی هەواڵگری و نهێنی شاخی هرمون لە بەرزاییەکانی جۆلان، ئەڵبەتە بەهۆی گرتنەبەری ڕێکاری ئەمنی توند هیچ زانیارییەک سەبارەت بە زیانە گیانی و مادییەکانی پێگەکە ئاشکرا نەبووە.


پرسیاری سەرەکی، ئەگەر ئیسرائیل بە تەنها بوایە؟
دوای هێرشەکە بایدن لە لێدوانێکدا دەڵێت: بیهێننە پێش چاوتان کە ئەگەر ئیسڕائیل لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا بەتەنها بوایە چی ڕووی دەدا؟
لە بەرامبەر هێرشەکەی ئێران، ئەمریکا لە ڕێگەی هێزی ئاسیمانی و دەریایی (دوو کەشتی)،  بەریتانیا و فەڕەنسا لە ڕێگەی هێزی ئاسمانی جەنگی و ئەردەن ڕۆڵی سەرەکییان گێڕاوە لە بێکاریگەر کردنی هێرشەکەی ئێران، ئەڵبەتە سەرباری بوونی بەرگرییەکی ئاسمانی پێشکەوتووی ئیسرائیل، بەڵام ئەگەر ئەو هاوکارییە نەبوایە و پێشوەختە زانیاری لەسەر کات و شوێنی هێرشەکە نەدرایە و هاوکات لە یەمەن و عێراق و سوریا و لوبنانەوە بەرەی مقاوەمە هێرشی ئەنجامبدایە، بێگومان دەرەنجامەکان بە شێوەیەکی دیکە دەبوو.

دەرەنجام
لەم هێرشەدا ئێران بۆ یەکەمین جار لە خاکی خۆیەوە و بەبێ هاوکاری ڕاستەوخۆی هێزەکانی بەرەی مقاوەمە، ئیسرائیلی کردە ئامانج و پەیامی سەرەکیشی ئەمەبوو: لە داهاتوودا هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر خاک و بەرژەوەندییەکانی ئێران، بە هێرشێکی هاوشێوە وەڵام دەدرێتەوە، لە لایەکی دیکەوە ئەگەر چی ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئیسرائیل دایە، بەڵام لەبەر بوونی گوشارێکی زۆری ئەمریکا و لێکەوتەکانی، بەدوور دەزانرێت کە ئیسرائیل بەشێوەی ڕاستەوخۆ وەڵامی هێرشەکەی ئێران بداتەوە بەڵام ئەگەر هەیە کە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی لەبرییەکانی ئێران لە سوریا، عێراق و لوبنان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی