ئەمڕۆ شانزەی چوارە

16/04/2024

هۆمەر محەمەد


ئەمڕۆش یادی تاوانێکی تری بەعسیەکانە دژ بەخەڵکی مەدەنی کوردستان، لەمڕۆژەدا ١٦ی نیسانی ساڵی ١٩٨٧ "ساڵێک پێش هەڵەبجەو ئەنفال" هەردوک گوندی شێخ وەسان و بالیسان .. کەوتنە بەرپەلاماری دڕندانەی فرۆکەجەنگیەکانی سوپاو گازباران کران. چیرۆکی ئەم دوو گوندە و لێکەوتەکانی گازباران زۆرن و زۆریش تراژیدین ..بەداخەوە زۆر لەشایەتحاڵەکان مردن و کەمیان تۆمارکراون. بەهیوام ئەوەی میدیا وێرانی کردوون، رۆژێک بێت سینەما چاکیان بکاتەوە.
ئەگەر بڵێم ئەوانەی بەگازی کیمیایی مردن زۆر ئاسودەترن لەوانەی لە دوای تاوانەکە مانەوە، ئەمە زیادەڕۆیی نییە، بەئازارترینینان، ئازاری بریندارەکانیانە، کەمن هەندێکیانم بینیوە، ئەگەر دەسەڵاتێکی بەرپرسیارو حکومەتێکی ڕەشیدو سیاسەتمەداری حیکمەت هەبوایە. تەنها بەدڵنەوایی کردن و ڕێزگرتن لەو خەڵکەو گرنگی پێدانیان دەیتوانی ئارامی بۆ باری دەرونییان بگێڕێتەوە. 
ئەوەندەی تێگەیشتووم، ئازاری پشتگوێخستنی بریندارانی دۆڵی بالیسان هێندە و بگرە زیاتریش لە ئازاری برینەکانیان قورسترە، چونکە ئەوخەڵکە هەتا ئێستاش پابەندییەکی توندیان بەکلتورەوە هەیە، ئەوان هیچی وایان نەدەویست تەنها درۆیان لەگەڵدا نەکرایە، ئارام و ئاسودە دەبوون، بەڵام ئەم بێوەفایی و پشتگوێخستنە شۆکێکەو بەئاسانی بەریان نادات، بێگومان ناهەقیشیان نییە،چونکە ئامادەیی و قوربانیدانیان بۆ «شۆڕشێک!» کە ھیوایان لەسەر ھەڵچنی بوو، ئاسان نییە کە ببینن بەم شێوەیە لەهەموو ڕوویەکەوە دادەڕمێ.
رێزو خۆشەویستیم بۆ خەڵکە میهرەبان و میواندۆستەکەی دۆڵی بالیسان و شکۆ بۆشەهیدەکانیان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی