لە ڕۆژی ژینگەی کوردستاندا، ئاوڕێک لە خۆت بدەرەوە

16/04/2024

خالد سلێمان



-لە ڕۆژی ژینگەی کوردستاندا، پێویست ناکات چەند دێرێک لەسەر ژینگە بنووسیت وێنەیەکی سروشتی کوردستانی لەگەڵدا بڵاوبکەیتەوە، ئەگەر ئەتوانی نیوەی ڕۆژەکە ئۆتۆمبێل بەکار مەهێنەو نیوەی کارەبای ماڵەکەت کەم بکەرەوە. 
-با پاروویەک خواردنی زیاد لەسەر سفرەکەت نەمێنێتەوەو نەبێتە پاشەڕۆ، لەبیریشت نەچێت با سفرەکەت نایلۆنی ئێرانی و تورکی نەبێت و جەلاتینە کۆنەکەی دایکت بەکار بێنە: پاککردنەوەی دووای نانخواردن زۆر ئاسانە. 
-بە سەرۆکی حکومەت بڵێ دوکەڵی کەژاوەی ئۆتۆمبێلەکانت ژینگە دەخنکێنێت، پێی بڵێ ڕێگا سەلامەتەو با ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان کەمبکاتەوە.
-بە خاوەن ڕیستۆرانتەکان بڵێ، سەفتە نایلۆنەکانی سەر مێزی نانخواردنەکانیان لا بدەن، پێیان بڵێ ئەمە عەیبەیەکی گەورەیە، پێیان بڵێ ئەو خواردنانەی بە نایلۆنەکانەوە دەیانپێچنەوە، هەر بەنایلۆنەکانەوە دەچنە گەرووی ئاژەڵانەوە؛ پێیان بڵێ خواناسیی لەوێوە دەست پێدەکات کە ئەزیەتی گیانەوەران نەدرێت و ئەوەی ئەوان دەیکەن گوناهێکی گەورەیە. 
-بە سەرۆک و بەڕێوەبەران و ئەندازیارانی خانووبەرە بڵێ، ئەگەر لە ئێستاوە سنوورێک بۆ تەماحەکانیان دانەنێن، ڕۆژێک دێت خۆیان لەسەر چیایەک لەزبڵ دەبیننەوە.
لە ڕۆژی ژینگەی کوردستاندا، چاوێکت لەسەر خاک بێت، چونکە تا سەر گەوهەر نابێت و ڕەتاندنی بەدەرمانی قڕکەرو نایلۆنی بەجێماوە، ڕووحی سەوزایی لێدەبڕێت.
-بەشێنەیی ئاوڕ لە ڕابوردووی خۆت بدەرەوە، بۆ ساتێک سەرت لەسەر شاشەی مۆبایلەکەت بەرز بکەرەوەو تەماشایەکی دەورو بەرت بکە، بیر لەو هەوایە بکەرەوە کە هەڵیدەمژیت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی