ڕێبەر ئەحمەد لەدیداری سلێمانی وتی چی؟

17/04/2024

لەتیف فاتیح فەرەج



ئەمڕۆ لەدیداری سلێمانی یەکێک لەبگۆکان ڕێبەر ئەحمەدی وەزیری ناوخۆ بوو، من نامەوێ لێرەدا لەسەر تەواوی قسەکانی ئەو قسە بکەم، ئەو سەرەتا لەباسی پەکەکەدا وتی پێمانخۆش نیە لێرەن وکارەکانیانمان بەدڵ نیە، بەڵام ناڵێین تیرۆریستن، ئەم قسەیە ئەگەر کەم وکوڕیشی تیابێت، بەڵام هەڵوێستێکی ئاکاری و وەڵامێکی ئازایانە بوو بەئەردۆغان، من بەوکەسەی تەنیشتم وت ئەمەقسەیەکی کوردانەو باشە، پاش کەمێک و لەوەڵامێکی تردا ئەو دیسان گەڕایەوە سەر پارتی کرێکاران و ئەمجارە وتی لایەنە سیاسیەکانی ئێران مەبەستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، چەکیان داناوە، بەڵام پارتی کرێکاران ئەوە ناکەن و بەردەوام کێشە لەسنورەکان درووست دەکەن هەروەها ئەوەشی وت کە هەرچی کێشە هەیە لەئەستۆی ئەوانە، بێگومان ناوەڕۆکی قسەکان بەو جۆرە بوون شتی دیشی گوت.
بێبەری کردنی تورکیا لەهەموو ئەو تاوانانەی دەیکات و تۆمەتبارکردنی کوردەکە، ئەگەر حزبیەک بیڵێ ڕەنگە ئاسای بێت، لێ ڕێبەر وەزیری ناوخۆیە، دەبوو مادام ئەمەی گوت بەڕێوەبەرانی دیدارەکە بۆ گفت و گۆی دوولایەنە نوێنەر یان وتەبێژی پارتی کرێکارانیشیان گاز کردبا، ئەو دەم هەم هەقیقەت باشتر دەردەکەوت، هەم زەمینەی گفت و گۆش دەسازا، خۆ دکتۆر بەرهەم دیبلۆماتێکی ووردە سەیرە ئەم دیدارەی نەکردە جێگەیەک بۆ گفت و گۆی ئاشتی تورکیاو هەرێم و پارتی کرێکاران، ئەو دەم دەکرا هەموو لایەکیش قسەی دڵی خۆیان بکەن.
تورکیا لەچەندساڵی ڕابردودا جگە لەسوتاندنی سەدان ڕەز و باخ و دارستان و پەلەوەر ۱۷۰ هاوڵاتی سڤیلی شەهید کردوە، دەیان گێچەڵی بەهەرێمەکەی ڕێبەر کردوە دوکیلۆ مەتر لەولای ئەوشوێنەوەی ڕێبەر قسەی تێدا دەکرد،فڕگەی نێو دەوڵەتی سلێمانی هەیەو تورکیا لەمێژە دەرگای بەڕودا داخستوە، هەر ئێستاش بێوچان بیر لە داگیر کردنی هەرێم دەکاتەوە، کەچی بەوشەیەکیش ئاماژە بەوە نەدرا، قسە لەسەر ئەوەیە، وەک سەرزەنشتی تورکیا ناکەی، بۆ سەرزەنشتی هاوزمانەکەت دەکەی وێنە پێکەوەییەکەی مەخمورت بیر نیە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی