لە ۳۷ ساڵیادی یەکەمین کیمیابارانی دۆڵی بالیسان و گوندی هەڵەدن

17/04/2024

ئارام هەڵەدنی



حکومەتی بەعسیی ڕوخاو ساڵێک بەر لە کیمیابارانی شاری هەڵەبجە و تاوانی ئەنفالی کوردستان بۆ یەکەمین جار  هێرشی کیمیایی بۆ سەر کوردستان دەست پێکرد.

ئێوارەی 16ی نیسانی ساڵی 1987 ڕژێمی به‌عسی عێراق ھێرشی کیمیایی کردە سەر دۆڵی بالیسان و گوندەکانی خۆشناوەتی کە بە یەکەمین هێرشیی کیمیاویی ڕژێمی بەعس بۆ سەر کوردستان دادەنرێت 263  هاووڵاتیی شەهیدبوون و 800 هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

دوای هێرشەکە ئەو بریندارانەی بۆ چارەسەر گەیەندرانە نەخۆشخانەکانی هەولێر لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی بەعسەوە ڕفێندران و بێ سەروشوێن کران تا ئێستاش چارەنوسییان نادیارە.

هەر وەک ڕێزلێنانێک بۆ شەهیدان و قوربانیانی کیمیابارانەکەی دۆڵی خۆشناوەتی په‌رله‌مانی 
کوردستان لە دانیشتنی ڕۆژی 7ی نیسانی ساڵی 2008 بە بڕیاری ژمارە یه‌كی ساڵی 2008، ڕۆژی 16ی نیسانی هەموو ساڵێكی بە ڕۆژی ژینگەی کوردستان دیاری کرد.
ڕۆژێک دوای کیمیابارانی دۆڵی بالیسان و خۆشناوەتی بەعس  ژەهری ناخی پیسی خۆی بە سەر گوندی هەڵەدندا هەڵڕشت 

هەرچەندە دانیشتوانی گوندی هەڵەدن لە بەر مەترسی تۆپباران و فڕۆکە جەنگیەکان ماوەی ساڵێک بوو ناو گوندیان چۆل کردبوو ژیانیان لە ناو ئەشکەوت و بناری شاخەکان بەڕێ دەکرد بەعس بەوەش نەوەستا لە ڕۆژیی 17/4/1987 بەشێک لە هاوڵاتیان بە دووری چەند کیلۆمەترێک لە ناو گوند  لە بناری شاخی نسێ ژیانی نائاساییان بەڕێ دەکرد لە پڕ گوێ بیستی گرمە و ناڵەی تەقینەوەی ئەو بۆمبانەبوون کە ئاخنرابوون بە مادەی کیمیایی  و بۆ یەکەمینجار ناوچەی ئازدکراوی کردە ئامانج و دوکەڵ و باروت تارماییەکی ترسناکی ژەهرێکی ترسناک بەسەر بەشێک لە گوندەکەدا پۆشی  کەبووە هۆی شەهید بوونی هاوڵاتیەکی بە ساڵاچو بەناوی حاجی محمدعبدالله ناسراو بە(حاجی حەمەزلە) و برینداربوونی سەختی سێ هاوڵاتی بەناوەکانی ( مام عبدالرحمن دەروێش عبداللە و پورە ئامینەی خوشکی و جمال گوروون ) بەداخەوە بە هۆی کاریگەری  کاریگەری ئەوچە هەریەک لە ما عبدرالرحمن و پورە ئامینی خوشکی کە گیانیان سپارد  .
دوای مانگێک جارێکیتر لە ۱٥ی ئایاری ۱۹٨۷ گوندەکانی( هەڵەدن ، یاخسەمەر ، کانیتو و چنارنە ) بەر شاڵاوی کیمیابارانی ڕژێمی بەعس کەوتن کە بووە هۆی  ئەوەی چەندین هاوڵاتی شەهید و برینداربن.
لە کاتێکدا ساڵیادی ئەو تاوانەگەورانەدەکەینەوە جێی خۆیەتی داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق بکەین قەرەبووی هەموو ئەو تاوانانە بکاتەوە کە بەرامبەر گەلی کورد کراون چونکە
بە گوێرەی ماددەکانی 112 و 132ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، حکوومەتی فیدراڵی وەک میراتگرەوەی ڕژێمی پێشووتری عێراق دەبێت پابەند بێت بە گەشەپێدانی ناوچە کارەساتبارەکان و قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعس، بەڵام تا وەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق پابەند نەبووە بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی