تورکیا و سیاسەتی مارە بەجاش

23/04/2024

ئەحمەدى مەلا

واژوو کردنی ئەو هەموو رێککەوتن و لێکتێگەیشتانەی کە لە بەغدا کران، لە رووکەشدا کارێکی خراپ نییە، هێڵی گەشەسەندن کەنداو بە تورکیاوە گرێ بدات، بە عێراقدا تێپەڕێ، دواتر بگاتە ئەوروپا. ئەی بۆچی هەوڵ دەدرێ هەرێم لە دەرەوەی هاوکێشەکە بێت؟ یا تەنها چوار کیلۆمەتر بەر هەرێم بکەوێت، بەڵام لە ناواخندا بڕوا ناکرێت هیچی ئەوتۆی بۆ کورد پێ بێ، بەڵکو هەوڵ دەدرێت بەو بەنداوانە کوردی هەرێم لە رۆژئاوا دابپچڕێندرێت، هەرچەندە گوتوویانە ئاو بەربەست نییە، بەڵکو پردە.
خۆی گرێکوێرەکە کوردی تورکیان، واتە باکوری کوردستان کە تورکیا جورئەت ناکات پیاوێکی مێژوویی تیا سەرهەڵبدات، لە جیاتی ئەو هەموو دیزە بە دەرخۆنەکردنە، یەک کاغەزی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کوردانی خۆی ئیمزا بکات، نەک تەنها ئەمە، بەڵکو هەوڵێکی مێژوویی بدرێت بۆ دروستکردنی کۆنفیدرالییەکی هەرێمایەتی بۆ ئەوەی سەدەی بیست و یەک بکا بە دەرچەیەک بەرەو فەزایەکی بەرینتر.
فەزایەک گرێدراوی ئەوروپا بێت، بازێک بێت بەسەر ئەو ساتمانەی کە هەن، کردنەوەی دەیان گرێکوێرەی مێژوویی بن کە بە ئیهمالکردنی کورد بڕوا ناکرێت سەربگرێت، سەریش بگرێت، ئاخر چی لەو هەموو کوردە دەکەیت کە سیاسەتی سەد ساڵی رابردوو نەیتوانی لە ناو رەگەزی تورکاندا ئەسیمیلەیان بکات. کورد بە ئاواز دەژێ کە قەبرغەی مێژوو تەی دەکات و زاکیرەی دەبووژێنێتەوە.
ئێردوگان لە بەغداوە دەڵێ دەچمە هەولێر، سەرەتا سەر لە برا تورکمانەکان دەدەم، دواتر دەڵێ لە لای ئێمە فەرقیان نییە هەموویان عێراقین، ئەی ئەم پێداگرییە چی بوو لەسەر رەگەزی تورکمان!
گەشەسەندنی ئابووریی لە هەرێمی ئێمە، واتە لە رۆژهەڵاتی ناوەند پێویستی بە ئەقڵێکی گەورەترە لەوەی کە هەیە...گەورەتر بە بارتاقای کێشەکان...
ئاشتبوونەوەی راستەقینە لە نێوان پێکهاتەکان بە سەربڕینی برا بچووکەکە نایەتە دی.
پیاوی مێژووبی ئەو پیاوەیە درک بە ئێستا دەکا، داهاتوو دەخوێنێتەوە، بڕیارە سەختەکە دەدات، سەیری دوور دەکات و تێدەگات!!!
حەیف ئەمەمان نییە!
سیاسەت پیاوی گەورەی دەوێ!
ئەحمەدی مەلا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی