نۆ ساڵ دوای بەشداریی گۆڕان لەحکومەتی خۆجێی

13/05/2024

رۆڤان سەروەت

بزوتنەوەی گۆڕان لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی 3ى 4ى 2014ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، سەرەڕای تەزویر و گوشاری هەردوو هێزە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم و دەستوەردانی دەرەکی؛ لە دەرەنجامدا توانی هێزی یەکەمی براوەی هەڵبژاردنەکان لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان بێت.

دواتر، لەدوای ساڵێک لە گفتوگۆ و دانوستان و سازان بەڕێکەوتنێک لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەشداری لە حکومەتەخۆجییەکانی سنوورەکە کرد، ئەمەش بە کۆمەڵێک هەوراز و نشێو و ئاڵنگاری سەخت تێپەری، هەر لەدەستپێکەوە شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن بەغدا و کێشەکانی نێوان لایەنەسیاسیەکان لە کوردستان و ویستی خەڵک و دەنگدەری گۆڕان لە نوێنەرەکانی گۆڕان لەحکومەت و کێشەناوخۆییەکانی بزوتنەوەکە و مانگرتن و بایکۆتی مووچە خۆران و نەبوونی خزمەتگوزاری و  دەست وەردانی یەکێتی لە کۆی جومگەکانی حوکمڕانی لە ناوچەکە و بە حزبیکردنی هێزەئەمنیەکان و حکومەت و بەرزی و نزمی پەیوەندیەکانی گۆڕان و یەکێتی و زۆر هۆکاری تر؛ بوونە هۆی ئەوەی بەشدارییەکە لە حکومەتی خۆجێی ئامانجەکانی خۆی نەپێکێت.

لەدوای ئەو هەموو کێشە کەڵەکەبووانەی کە لە ڕێکەوتنەکە هەیە، بە ئێستاشەوە ڕێکەوتنی نێوان هەردوولا وەک خۆی جێ بەجێ نەکرا ، بەتایبەت لەم کابینەی حکومەتە هێندەی تر  مۆرکی زەقی حیزب و هەژموونی بەسەر حکومەت زاڵ بوو. بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و پەکخستنی پەرلەمان و دواتر ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەمەش وایکرد هیچ دامەزراوەیەک چاودێر نەمێنیت بەسەر حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی.

لەدوای نۆساڵ لەم بەشدارییەی بزوتنەوەی گۆڕان، کە زۆر کاراکتەری خزمەتگوزار و خاکەڕا لەناو بەشدارییە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لەخزمەتی خەڵک، بەڵام ئایا ئەم لەئاست تموحی خەڵک و دەنگدەری گۆڕان بووە؟ بێگومان نەخێر و بەشێک لەخەڵک و دەنگدەری گۆڕان سزای داوین لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو بەشدارییە و کۆمەڵیک هۆکار گەلی تر، لەبەرئەوە ئێستا، کە نۆساڵ تێدەپەرێت بەسەر ئەو بەشدارییانە و گۆڕان لە قۆناغێکی تری خەباتی سیاسی خۆیەتی و گوشارێکی زۆرهەیە، کە پێداچوونەوە بکات بە جۆری بەشداری لە حکومەت و حکومەتی خۆجێی و میکانیزمەکانی کشانەوە لە کۆنفرانسی ناوخۆی کردە بڕیار، هێندە هەژموونی حزب و کۆمپانیا و داگیر کاری و وەبەرهێنان و بردنی نەوت و قاچاخچێتی لەم سنووری ئەم حکومەتە خۆجێیانە دەکرێن، کە مەعلومە کێ هێزی باڵادەستی ئەم زۆنەیە، بەڵام ئایا کاتی نەهاتووە ئێستا پێداچوونەوە بکات بە ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕانکاری بکات لە حکومەتەخۆجێەکان، کە هەندێکێان کورسیەکانیشیان لێیان بێزار بووە! بەشێوەیەک ڕێکەوتنەکە شۆڕتربکاتەوە بۆ ئاستی سەرجەم شار و شارۆچکەکان ، یان گوێ بۆ ویستی دەنگدەرانی خۆی بگرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی