سەپاندنی "الغدیر" چیمان پێدەڵێت؟

18/05/2024

شیركۆ كرمانج

لە ١٩٢١ ەوە عێراق وەک ئەوەی سوننەکان وێنەیان لە خەیاڵدانی خۆیان دەکرد، داڕێژرابوو. بە ھەرێم (قطر) لەقەڵەمدانی عێراق (القطر العراقی) و کردنی بە بەشێک لە نەتەوەی عەرەب و ئومەی عەرەبی، وەک نادی ئەلموسەنا و حیزبی ئیستیقلال و حیزبی بەعس ھەوڵیان بۆ دەدا، ھاوکات، دروستکردنی پەیکەر بۆ ئەبو جەعفەری مەنسور و ناونانی سەدام حوسێن وەک ئەلمنسور باللە، ھەموویان بەسەر یەکەوە و دەیان کردار و تێگەیشتنی دیکە، نیشانەی ڕاستیی ئەوەن کە عێراق لە ١٩٢١ ەوە بۆ ٢٠٠٣ وەک چۆن سوننەکان وێنەیان دەکرد، بنیاد دەنرا.
بەھەمان شێوە، ڕازاندنەوەی عێراق، بەناوچە سوننە نشینەکانیشەوە، بە ئاڵای "یا ابا عبداللە الحسین" و "یا عباس" و دانانی وێنەی ئیمامە شیعییە کۆن و نوێکان لە ھەموو شوێنێکی عێراق، بێجگە لە کوردستان، لانیکەم تا ئێستا، لەگەڵ ڕوخاندنی چەندینجارەی پەیکەری ئەبو جەعفەری مەنسور و سەپاندنی ڕۆژی الغدیر وەک جەژنێکی "نیشتیمانی"، دیسان ھەمووی بەسەریەکەوە، نیشانەی ئەوەیە کە شیعەکان لە ٢٠٠٣ ەوە تا ئێستا دەیانەوێت عێراق لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژنەوە کە لە خەیاڵدانی خۆیان دایە.
ھەموو ئەمانەش پێمان دەڵێن کە عێراق ھیچ کاتێک ھی عێراقییەکان نەبووە و نابێت. ھاوکات، ئەوەمان پێدەڵێت ئەگەر عێراق ڕۆژێک لە ڕۆژان ھی شیعەکان یان سوننەکان بوو بێت، ئەوە ھیچ کاتێک ھی کورد نەبووە و نابێت.
وردەکاری ئەم بیروبۆچوون و تێگەیشتنانە زۆر بە وردی لە کتێبی شوناسی عێراق (بە کوردی)، الھویە والامە فی العراق (بە عەرەبی)، ھەروەھا Identity and nation in Iraq (بە ئینگلیزی) باسکراون.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە