ئایا مردنی سەرۆك کۆماری ئێران هیچ دەگۆڕێ؟

20/05/2024

none




سەرۆك کۆماری ئێران ڕەئیسی لە هێلیکۆپتەرێکی بە کێشەدا دوێنی مرد.

مردن و کوشتن چارەسەری هیچ پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نین، ڕەنگە سەرۆك کۆماری دوای ڕەئیسی توندڕەوتر بێ. زۆرجار مردن یان کوشتن ژیان ئاڵۆزتر دەکات. لە ڕژێمی نازی، سەدام و دەوڵەتی تورك بڕوانە!

کۆمەڵ پێویستە سیاسەتی خۆی لەسەر ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دابڕێژی، نەك مەرگ و کوشتن.

زۆر کەس کە سەرکردەیەکی سیاسی دەمرێ یان دەکوژرێ، هەڵدەچن و بە بێ هیچ بەڵگەیەك داهاتوویەکی گەش یان جودا بۆ وڵات دەبینین. وەکیتر پەنا بۆ "تیۆری پیلانگێڕان" دەبەن و چەندین سێنارۆ، بە مەزەنەی ئەقڵ، دادەڕێژن، کە چۆن ئەم سەرکردەیە بە پیلانی سەرکردەی دیکە کوژراوە. زۆر کەس هەتا ئەمڕۆ مەرگی گەلێك لە سەرکردەی سیاسی کورد بە کوشتن لە قەڵەمدەدات، بەبێ هیچ بەڵگەیەك و بەبێ هیچ لێکۆڵینەوەیەك. هەر ئەمڕۆ خوێندمەوە، گوایە نەوشیروان مستەفا کوژراوە. بە چ بەڵگەیەك! نازانم و نایڵێن. پەیڤێکە فڕێدەدرێ بۆ گەرمکردنی بازاڕی ساردی سیاسی کورد.

لە زۆر کۆمەڵدا بە تایبەت ئەوانی خۆرهەڵات، لێکۆڵینەوە یان توێژینەوە زۆر کەم لە مەرگێك دەکرێ، تەنانەت ئەوی خەڵکی ئاساییش. زانیاری ئازاد نیە و لایەنی پەیوەندار، وەك پەڕلەمان، دادوەری و میدیا، بۆیان نیە و ناتوانن زانیاری بە دەست بهێنن تا بەرچاوی خەڵك ڕۆشن بکەنەوە. لە هەرێمی کوردستاندا تەنیا چەند بنەماڵەیەك و چەند کەسێکی دەستڕۆیشتوو، بە هاووڵات دەڵێن چی باشە بۆیان و پێویستە چی بزانن. زانیاری بە فلتەری چەند کەسێك و میدیای دەسەڵاتدا دەڕوات، ئەمان دەیشێوێنن و بڵاوی دەکەنەوە؛ لە زۆر باردا، لە ڕاستیەوە فرسەقێك دوورە. خۆ گەر خوانەخواستە ڕۆژنامەنووسێك، هەندێك زانیاری دروستی دەستبکەوێ و بڵاوی بکاتەوە، ئەوا بە قانون حوکم دەدرێ. دوو ڕۆژ لەمەوبەر شاکار ستاری ڕۆژنامەنووس لە بازگەی ”ئاشتی” كۆیە لە لایەن هێزێکی ئەمنی یەکێتیەوە ڕفێنرا. شاکار لەگەڵ هاوسەر و منداڵانیدا بوو. گەر تۆمەتبارە، ئایا نەدەکرا نامەی دادوەری بدرێتی و پێی ڕابگەیەنرێ پێویستە لە ڕۆژێکی دیارکراودا لە دادگا یان بنکەی پۆلیسێك ئامادەبێ؟ بۆچی هەموو دەبێ بڕفێنرێن! پاراستنی پارتی خانمێکی لاوی ناسك ناڵە سوپەر، لە پارکی ڕێستوڕانتێك لە دهۆك دەڕفێنێ و ٢٦ ڕۆژ بێسەروشوێن، زۆر شەو بە کەلەپچەی دەستیەوە دەینوێنن! کە لەم خانمە بۆ دەیان ڕۆژ دەپێچنەوە کەلەپچەی لە دەستە و چاوی بەستراوە. بۆچی! تەنیا هۆیەك بێتە خەیاڵم ئەوەیە، دەسەڵاتی کورد تەنیا ئەزمونی ڕژێمی بەعسی هەیە و ڕێڕەوەی ئەو دەگرێ؛ ناتوانن لێی دووربکەونەوە.

کوشتن یان مردنی بەرچاو، سەرکردەی سیاسی دەخەنە ژێر فشارەوە، بە تایبەت لە مڕۆی جیهانی ئینتەرنێتدا. هەرکە ڕژێمێك دەکەوێتە ژێر فشارەوە، جا ناوخۆ بێ یان نێودەوڵەتی، سەرکردەکانی سێناریۆی بێمانا دادەڕێژن. سەدام حسێن لە کۆمەڵ کوژی شیوعیەکانی عێراقدا، لە هەفتاکاندا، پاساوی ئەوە بوو، کە بە ڕێی قانون و دادوەرانە هەموو لە سێدار دراون. ئەم دەرئەنجامە، گاڵتەجاڕیە یەکەم بە خۆی، ئەمجار بە داد و دادوەری. پارتی گوایە بنکۆڵی تاوانی کوشتنی سەردەشت کرد و ڕاپۆرتێکی نووسی کە گوایە کاری بۆ ڕێکخراوێکی ئیسلامی کردووە. چ دابەزینێکی مرۆڤایەتیە! چا هەرزانفرۆشی دەسەڵاتی دادوەریە.

ڕەنگە ڕێیەکی ڕاستر ئەوە بێ، لە مەرگ یان کوشتن ڕابمێنین و دەمودەست کاردانەوەمان نەبێ. لە مەرگی ڕەئیسیدا، دوو سێناریۆ دەکرێ لەبەرچاو بگرین. یەکەم، ئایا فڕۆکەیەك سەرکردەی سیاسی تێدا بێ، دەکەوێتە خوارەوە؟ بەڵێ، لەوەتەی ئەو تەکنەلۆجیە لە کاردایە، بەردەوام کارەسات ڕوویداوە. عەبدولسەلام عارف - سەرۆك کۆمارێکی عێراق، لە شەستەکاندا لە فڕۆکەیەکدا کەوتە خوارەوە. بیرمە فێرگە داخرا و بە ڕێمدا بۆ ماڵەوە، خانمان هەڵدەپەڕین و ئاهەنگیان دەگێڕا، وەك ئەوەی ئەم مەرگە سەرەتای ژیانێکی بەختەوەر بێ. کەچی عێراق بەرەو خراپتر چوو. لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حسێنیشدا عەدنان خێروڵا توڵفاح لە هێلیکۆپتەردا مرد. ئەمجارەیان کەس نەیوێرا ئاهەنگ بگێڕێ. لە ڕژێمی نوێی عێراقدا پێویست بوو لەم مەرگانە بکۆڵرایەتەوە. هەڵبەت لە ڕۆژهەڵات ژیان بێباخە و لە مەرگەوە فێر نابین.

ئایا پێدەچێ ڕەئیسی کوژرابێ؟ ئەمیان پرسێکی ئاڵۆزترە، گەر کەسێك شارەزا نەبێ لە پێکهاتەی ڕژێمی ئێران بە هەموو ئەو کێشانەوە لەخۆیگرتووە - ناوخۆ بن یان دەرەکی، گەیشتنە دەرئەنجامی کرچوکاڵ، پێشێلکردنی مۆڕاڵ و خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی.

مەرگی ڕەئیسی هیچ لە سیستمی سیاسی ئێران ناگۆڕێ، گەر توندڕەوتری نەکات.

دکتۆر ڕێبوار فەتاح سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانی ڕاوێژکاری خزمەتگوزاری ڕۆژهەڵاتی نێوینە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە