-هەست و هەڵوێست!
کاتێک
درۆنێک لە ئێرانەوە یاخود لە لایەن گرووپە شیعەکانی سەر بە ئێران لە عێراق خۆی دەکات بە ناو کەمپێکی پێشمەرگە و خێزانی
خزمانی ڕۆژهەڵاتدا، لە باشور. کاتێک لاشەی کوڕ و کچی نازدار لەت و پەت ئەکات. نە کامێرای
چاودێری هەیە وێنەیان بگرێ و نە کەسیش چاوی بە ساتی تەقینەوەکە و هەلاهەلابوونی
درونەکە و مردن و بریندابوونی مرۆڤەکان دەبینێ، تا لە مێشکی خۆیدا وێنای ئەو ئافات
و کارەساتە تراژیدییە بکات. مەگەر هەر ئەو هەڤاڵ و هاوڕێ زیندووانە بتوانن ئەو
وێنانەمان بۆبکێشن ، ئەمە ئەگەر بواردرا یان مایک و کامێرا زۆر و زەوەندەکان
ئارەزوویان کرد و سەرێکیان لە زڕکۆێزەڵە و کۆیە یان هەرچ شوێنێکی دیکە کەمپی
ئاوارەکان کرد.
هەڵبەتە درۆنی
تورکی و کادر و چالاکوانی پەکەکە و کەمپی مەخمووریش ساڵانێکی زۆر هەمان دەرد و
کارەساتیان بەسەردا داهات.
گەر مرۆڤ ساتێک لە گەڵ خۆیدا دابنیشێ و بیرێک
لەو ساتەوەختە کارەساتبارانە بکاتەوە، دەکرێ هەم هەست و شعوری بجووڵێ و هەمیش هەڵویستی
لێ ببینرێ. بەڵام ئەم کارە هەم مرۆڤی بە هەست و هەم پڕ خەیاڵ و هەم بە هەڵوێستیشی
گەرەکە.
-مرۆڤ و کامێراکانی
چاودێری!
مرۆڤەکانی
ئەمڕۆ، وەک چۆن تا ژەمە خواردنێکی ماڵەوە ئەخۆن، دە ژەمە فاست فوودی دەرەوەی ئەکەن
بە سەردا، ئاوهاش تا کارەساتێکی ڕاستەقینەی بێ ڕیکلام و بێ وێنە و بێ ڤیدیۆ ئەیانجووڵێنێ،
دەیان ڕووداوی بەر کامێراکانی چاودێری ماڵان و سەرشەقامەکان باوکەڕۆیان پێ ئەکەن.
مرۆڤەکان توانای بیرکردنەوە و هەڵوێست وەرگرتنیان نەماوە، مەگەر سۆشیاڵ میدیا و
وێنە و ڤیدیۆی فەیک کۆمەکیان پێ بکات، تا هەڵوێستێک بنوێنن.
-سیاسەت لە باشور،
پەرادۆکسێکە لە هەڵوێست!
تۆ
تەماشا ئەو هەموو کوڕ و کچە نازدارەی ڕۆژهەڵات ئەمڕۆ و ئەو هەموو قوربانیانەی
باکور لە دوێنێ، تۆ تەماشای ئەو هەموو پەلامارە مووشەکی و درۆنییانەی دوێنی کەمپی
مەخموور و ئەمڕۆی کەمپەکانی خزمانی ڕۆژهەڵات و ئەو هەموو تیرۆرانەی بە درۆن و ئەو
هەموو بۆمبە ماگنێتانەی بە ئۆتۆمبیلەکاندا تەقینەوە، نە نەخۆشخانەیەکی هەولێر یان سێمانی خستە
ئامادەباشیەوە و نە سەرۆک و سەرکردەیەکی پارتی یان یەکێتی هێنایە قسە. نە پیاوانی
حزبی ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکان کرد و نە سەرۆک و سەرکردەکانی ناچار بە خوێن بەخشین
کرد.
چونکە بۆ
ئەم جۆرە لە هەڵویست دۆستی حزب و سەرکردەکان ودوژمنی کۆمەڵانی خەڵکی توڕە دەکرد،
بۆیە ناکرێ هیچ جۆرە هەڵوێستێک بنوێنن. هەڵبەت بۆ تانە و تەشەر و ململانێی حزبی ماشێنی
زەبەڵاحی ڕاگەیاندن ئەخنە گەر گەر درۆنێک لە دەڤەر ئەم بەر و ئەو بەر یان تیرۆرێک
لەم بەر یان ئەو بەر ڕووبدات.
بەڵام
تەماشاکەن چۆن بارهەگرێک لە کەرکوک و ئەو حاڵەتەی ڕووداوی هاتووچۆ، هەرچی
نەخۆشخانە و هەرچی سەرۆک و حزب هەیە خستە هەلەکە سەماوخوێن بەخشین و ئامادەباشییەوە
بۆ ئافەرینێکی پارێزگارە تورکمانەکەی کەرکوک و سەرۆک وەزیرانە عەرەبەکەی بەغدا.
-دوو ڕووداو و دوو هەڵوێست!
هەموو
کات لە ڕووداوی دڵتەزێنی لە وێنەی ئەوەی
کەرکووکدا، هەم هەڵویست و هەم بە هاناچوونییەوە گرنگە و ئەرکیشە. نەک لە بەر ئەوەی
زۆرینەی قوربانییەکان کوردبوون، بەڵام لە بەر ڕووە مڕۆڤایەتییەکەیشی. بەڵام تۆ بڵێی
شەهیدکردن و تیرۆرکردنی غەزاڵەکان و عەگیدەکان و دەنیزەکان بە درۆنی تورکی و
ئێرانی و بە هاناوەچوونیان ئەرکێکی پیرۆز و گرنگ و کوردانە و مرۆڤانە نەبێت؟
وەڵامی
ئەم پرسیارە بۆ نەخۆشخانە ئامادەباشەکانی سلێمانی و هەولێر و پارتی و یەکێتی و
هەرچی سەرۆک و سەرکرد و پارێزگار و کادرە حزبییەکانیان بەجێ دەهێڵین کە لە دوێنێوە
ئامادەن بۆ وەرگرتنی بریندارەکانی بارهەڵگرە سەرلێشێواوەکە!؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی