لەوکاتە دەترسێم کە
کوردستان لەلایەن کوردەوە داگیردەکرێت.{حەمەسەعیدحەسەن}
خەسڵەتی داگیرکەر{کۆلۆنیال}
بریتیە لە بەتاڵانبردنی هەرچی داهاتوبەروبوومی وڵاتی داگیرکراوە ،واتە هەرچیەک
سوودی هەبێت وەک کانزاوکانەکانی ژێرزەوی،بەروبوومی سەرزەوی و کشتوکاڵ،خاک و سەرخاک
و شتی دیکەی تر کە بکەوێتە خانەی ئابووریەوە و جێگەی بایەخبێت.
دەمێک وڵاتێکی داگیرکەر
وڵاتێکی دیکە یا دەڤەرێکی دیکە داگیر دەکات،پارەخەرج دەکات ،سوپا دەنێرێت ،پلان
دادەنێت ،تەنها لەپێناوی یەک ئامانجدا ،ئەویش
قازانجی ماددیە . [بۆگەشتن بەئامانج وڵاتی داگیرکەر هەموو ڕێگەیەک بەمەشروع
دەزانێت] کە ئەمەش{ مەبدەئێکی میکافیلییە} .
لەکن داگیرکەر ئەوەی
نرخی نیە مرۆڤەکانی وڵاتی داگیرکراوە، حسابی ئاژەڵیان بۆدەکرێت ،مافیان دەخورێت
،سوکایەتیان پێدەکرێت،زیندانی دەکرێن،دەکوژرێن،تەرۆردەکرێن .
گەر ئەم کوورتە
پێناسەیە بەراورد بکەین لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا ڕێک [کاڵا بەقەد باڵا]دەبێت.
ڕەفتارو سیاسەتی ئەم
دووحیزبە لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا لە گەڵ خەڵک و خاکدا تەواو داگیرکەرانەیە. شتێک
نیە وڵاتانی داگیرکەر کردبێتیان و یەکێتی و پارتی لەهەرێمی کوردستاندا
نەیانکردبێت.لەو دەمەوە تا ئێستا هەرچیان کردوە تەنها یەک ئامانجی لەپشت بووە
ئەویش دزی و تاڵانییە.
لەبەرئەوی خۆیان
دەسەڵاتداری ڕەهان، هەربۆیە دزی ،داگیرکردنی شوێنە بەنرخەکان،گەندەڵی، زەوتکردن ،
بێکێشە ئەنجامیان داوە.خۆگەر هەر تەگەرەیەکیش هاتبێتە ڕێگەیان ئەوە لەڕێگەی هێزو
هەڕەشەوە بەتەلەفۆنێک چارەسەریان کردوە.
باوەڕناکەم سەکتەرێک،بوارێک،پێگەیەک
،زەویەکی بەبەها و بایەخدار ،شوێنێکی ستراتیژ ، زەویەکی بەپیت و بەرهەمدار مابێت و
دەستی ئەم مافیایانەی پێنەگەشتبێت.ئەمانە
لە کۆنترۆڵکردنی وڵاتدا ، بەتاڵانبردنی بەروبووم و داهاتدا ،قۆرخکردنی کایە
ئابوریەکاندا، چەوساندنەوە و بێ کەرامەتکردنی خەڵکەکەیدا ،لە ئیستعمار ئیستعمارتر
و بێبەزەیترن.
دەبینین ئەم دووحیزبە
ڕەفتار ئیستعماریە بەردەوام بەبەرچاومانەوە،دارستانی سنەوبەر ئەسوتێنن و دەیکەنە پرۆژەی
کۆمپانیاکانیان،گوێچەم و گردو تەپۆڵکە تێکدەدەن و دەیکەنە ئەپارتمان،زەوی کشتوکاڵی
تەلبەند دەکەن و دەیکەن بەشوێنی ڕابواردن،{خانوو سینەما گەڕەکی کۆن گوند} دەڕوخێنن
و دەیکەنە مۆڵ و بازاڕ،گەراجی پاس و سایلۆ تێکدەدەن و دەیکەنە پرۆژەی بازرگانی،
قوتابخانەی تەمەن پتر لە{٦٠} ساڵ دەڕوخێنن و دەیکەنە گەراجی مۆڵەکەیان،تەجاوز
لەسەر کۆڵان،شەقام،ڕێگای دەرەوە ،یاریگا و باخچەو زەوی ڕووکن و داروبەرد دەکەن و
دەیانخەنەسەر ئەملاکەکانیان.بستێ زەوی کوردستان نەماوە بۆنەوت هەڵنەکەنرابێت
،شوێنی خۆش و بەرزایی و گردۆڵکە نەماوە بۆ
بارەگاو نیشتەجێبوون داگیر نەکرابێت.
کەواتە ئەتککردنی شاخی
گۆیژەش دەکەوێتە نێو هەمان پرۆژەی کۆلۆنیالیەوەو بەئاسانیش دەستبەرداری نابن.
کەی وازیان لەسرووشتی
داگیرکەرانەیان هێنا[کە مەحاڵە] ،ئەوکاتەش تەجاوازکردن لەسەر موڵک و سامانی گشی
کۆتایی دێت.
هەست دەکەم لەم
دۆسیەشدا کە گرنگ و بایەخدارە و پەیوەندی بەژینگەو سیمای سلیمانیەوە هەیە،خەڵکی
باژێڕ و و زۆرێک لەڕووناکبیرانی زۆر
خەمساردن، ئەم ئەرکە قورسە بەتەنها کەوتوەتە سەرشانی چەند بەڕێزێک ،وەک ئەوەی
دانیشتوانی سلیمانی هەر ئەوچەند کەسەبن.
پاڵپشتی ئەو گرووپە
ئەرکی هەمووانە ،چونکە تا فشارەکان زیاتربن و بازنەی بەشداربووان فراوانتر بێت
کاریگەری لەسەر ئەو کۆمپانیا حیزبیانەی گۆیژە ئەتک دەکەن زیاتر دەبێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی