کەی گسک لە کڕیاران و ساختەکارانی بڕوانامەکان دەدرێن !!

01/06/2024

محمد خۆشناو

لەیەکێک لە بەرنامە تەلەفزیۆنەکانی خۆمان ، مامۆستایەکی دکتۆر گووتی : (40) هەزار بڕوانامەی دکتۆرا لە هەرێمی کوردستان هەن ، من نازانم ئەو ڕێژەیە ڕاستە یان نا ! بەڵام لەدوای ڕاپەڕینەوە دیاردەی ترسناکی زیادبوونی ڕێژەی بڕوانامەکانی دکتۆرا و ماجستێر و بەکەلۆریۆس لەگەڵیدا ساختەکاریکرن تێیدا سەریهەڵدا و ئێستا دەتوانی زۆر بەئاسانی بڕوانامەت هەبێت ، بەڵام ئەوەی جێگای کارەساتە ئەوەیە کە لەمیانی ئەم دوو دەیەدا دیاردەی هێنانی دکتۆرای حازربەدەست بە پارە پەیدابووە و بەردەوامە و ، زۆر ئاساییە لە هەرێمی کوردستان ، ئەگەر وابێت  دەبێت ئێمە بەراورد بە ژمارەمان گەلێکی پایەبەرزی زانستی لە ژمارەی هەڵگرانی بڕوانامەکانی زانکۆ و  دکتۆرا و ماجستێر هەبێت !!!
چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان بەدەست دەیان کێشە و تێکدان دەناڵێنێت ، هەر لە تێکدانی مرۆڤ و  نێو ماڵی کوردوە بگرە تا دەگاتە تێکدانی موڵکی گشتی و شاخ و گردۆلکە و ،   تێکدانەکانیش بەردەوامن ، کە بوونەتە بەربەست لەبەردەم پێشکەوتنەکەی ، کوردستان پێویستی بە هەڵمەتێکی گەورەی خاوێنکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو تێکدان و پشێویە هەیە کە دووچاری بووە کە وای لەو نیشتیمانە کردووە چەقببەستێت و بێمتمانەیی و بێزارای و بێئینتیمایی باڵ بکێشێت ، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی  بەرانبەر ئەو گەل و خاکە ، کە یەکێک لەو تێکدانە کڕینی بڕوانامەی بەرزە لە دوکانەکانی تورکیا و لوبنان و ئێران و سودان و قوبرس و وڵاتانی ئەوروپای سەر بە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو…تاد .
بەداخەوە بەرنامەی پیشەیی بۆ بەکەلۆریۆس و دکتۆرا و ماجستەر لەزۆربەی زانکۆکانی ئەهلی و تایبەت بۆتە گۆڕەپانێک کە سیستەمی چاودێری ڕاستەقینە تێیدا زۆر لاوازە و مەیلی بازرگانیەکی چڵێس زاڵە و ئاسانکاریەکی لەڕادەبەدەر لە مەرجەکانی قبوڵکردن و ڕێساکانی تاقیکردنەوە و نامەی زانستی … تاد هەیە ، دامەزراوەکانی فێرکردنی باڵا بونەتە کارگەی دروستکردنی بڕوانامە و زانکۆکان بونەتە دامەزراوەی بەرهەمهێنانی نەهێشتنی نەخوێنەدەواری  « محو الامیة »، ئەمە ڕاستگۆیی سیستەمی فێرکردنی باڵا دەخاتە ژێر پرسیارەوە ،  دیاردەی کڕینی بڕوانەمە  هەروا گەشە دەکات و کەس بەکەس نیە !! جا بۆشم دەرکەوت کە عەقلیەتی زۆربەی نازناوەکانی « د » ئەوە نیە و ، هەمیشە تێبینی ئەوەشم کردووە کە زۆربەی خاوەن دکتۆرا ڕاستەقینەکان ، نەک ساختەکارەکان ، زانیاری و توانایان زیاتر نیە لە کەسانی تر ، تەنها لەبواری لێکۆڵینەوە سنووردارەکەی خۆی نەبێت ، پێویستە بڕوانامەی دکتۆرا مانای ئەوە بێت کە « شتێکی نوێ » لە کایەکەی و ئیزافەیەکی مەعریفی مرۆیی بدات ، دکتۆرا بەرزترین پلەی زانستیە کە مرۆڤ وەدیدەهێنێت و ئسوڵ و ڕێبازی زانستی خۆی هەیە ، ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانی تەعلیم دەگوزەرێت هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی گەشەپێدان و ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستان ، ترسناکترین شت کە بەروەڕووی هەر کۆمەڵگەیەک دەبێتەوە بریتیە لە گەمەکردن بە دووشت ئەوانیش : تەعلیم و دادوەریە ، کە هەردووکی ئەگەر ئیرادە هەبێت پێویستی بە تەدەخولێکی ستراتیژی یەکلاکەرەوە لە بەرزترین ئاستدا هەیە .ـ

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی