كۆمەڵگەی فەڕەنسی مۆدێرنترین كۆمەڵگەی جیهانە، وەك حكومەتیش لانی كەم لە دوای جەنگی جیهانی دوەمەوە هەرە دیموكراسی ترین حكومەتی دنیایە ، پرسگەلی دیموكراتی ، مافی مرۆڤ، ئازادی و ئازادی ڕادەربڕین ، لە ئاستێكی كەم وێنەدایە ، لە گەڵ ئەوەشدا بە گشتی لە تەواوی دنیادا هێشتا ئەم بارو دۆخە نەیتوانیوە وەڵامی تەواو بە خواست و پێویستی مرۆڤ بداتەوە ئەمە بۆ فەڕەنساش وەسایە ، فەڕەنسا ئێستا بەتەنێ وڵاتی فەڕەنسیە ڕەسەنەكان یان ڕیشەییەكان نیە ، فەڕەنسای زۆربەی ڕەگەو و ڕەنگ و ئاینەكانی دنیایە.
بەوانەشەوە كە ڕۆژگارێك لە بن دەستی فەڕەنسیەكان بوونەو ئێستا هەرلەو وڵاتە هەست بە بوون و ئازادی خۆیان دەكەن ، بە دەر لەهەموو ئەمانەش فەڕەنسا لە بواری سیاسەت و ئازادی و دیموكراسی و هەروەها پێشەنگایەتی وڵاتانی دیكەی ئەوروپیدا وەك ڕوگەیەكە بۆ ئەوانی دیكە ، ئەو بارو دۆخەی ئێستا لە فەڕەنسا دەگوزەرێت لە لایەك و ئەوەی میدیا یان بەشی زۆری میدیا كاری لە سەر دەكات هەوڵێكە بۆ هەڵوەشانەوەی پێكەوەیی ، ڕاستە ئەمە بەشێكی پەیوەندی بە نەبوونی گیانی تێكەڵبوون و بە فەڕەنسی بوونەوە هەیە ، یانی بە جۆرێك هێشتا بەشی زۆری ئاسیای و ئەفریقیەكان كە چوونەتە ئەوێ نەیانتوانیوە ببنە فەڕەنسی تەواو " بە فەڕەنسی بوون " تێكەڵ بوون و خاوەندارێتی و بەر پرسیارەتیە ، ئەمە دروست نەبووە ، بۆیە ڕەنگە بیانوو بدرێتە بەرانبەرەكەش كە بە دوی كاردانەوەدا بگەڕێت .
ئەگەر خواستی فێرخوازان و دایباب و مامۆستایان ڕەواو بە جێبوو ، یان هەقیقەتی تیا بوو ، لێ گۆڕینی شێوازەكە و ئەو دەنگۆیانەی لێرەو لەوێ دەگوترێن و ئەو دیمەنانەی نیشاندەدرێن شتێكی دیكە دەڵێن ، لە دەرەوەی فەڕەنسا جۆرێك لە دەستوەردان هەیە لە بارو دۆخەكە ، ئەوە میدیا بە جۆرێك و خەڵكی دیكەش دەیكەن ، بۆ نمونە ترەمپ كە دێت قسە لە بارەی دۆخەكەوە دەكات وەك دەستوەردان و ئاگر خۆشكردن قسە دەكات ، گوازتنەوەی كۆی دیمەنی سەرڕەش و ڕەش پێستەكان وەك پەلامار دەرو تاڵانچی میدیای دەرەوەی فەڕەنسا دەیەوێت پەیام بۆ خەڵك و وڵاتانی دیكە بنێرێت ، پێچەوانەی هەموو ئەو زەناو هەرایەوە پۆلیسی فەڕەنسی زۆر ئاوەزیانەو دیموكراسیانە مامەڵە لە گەڵ خۆپیشاندەران دەكات، رستەیەك سەرنجی ڕاكێشام گوایە كەسێك گوتویەتی جگە لە شەراب و بەراز هەموو شتێك تاڵاندەكرێت ، ئەمە هەر ئەوەیە كە نەیارانی دیموكراسی و پێكەوە ژیان كاری بۆ دەكەن ، ئەم ڕستەیە ڕاست بێت یان نا هیچ لەوە ناگۆڕێت كە هەوڵێكی لێبڕاوانە هەیە بۆ ئەوەی فەڕەنسا یەكەم لە پێشەنگایەتی دیموكراسی و ئازادی بخرێت ، دوەم دەست بەرداری دروشمەكانی شۆڕشی فەڕەنسی بێت ، ئێ لە ناو فەرەنساشدا، ئێستا گەشەی فەڕەنسی گەرایی بە مانا لۆپێنیێكەی لە هەڵكشاندایە ، كەواتە كێ لەم بارو دۆخە قازانج دەكات ، ئەمە ئەو پرسیارەیە كە پێویستی بە وەڵامێكی ئاوەزی و وردە.
ئەگەر خواست ئەوەیە كە نابێت درزی نێوان بەشەكانی كۆمەڵگە ئەوەندە گەورە بكرێنەوە ، نابێت بێكاری دەستبناتە بینەقاقای خەڵك ، نابێت قوتی خەڵك لە بری بۆ خزمەتی وڵاتەكە خەرجبكرێت بۆ شەڕی وڵاتێكی تر بە هەدەر بدرێت ، دەیان خاڵی دیكەش هەن ، ئەوە دەبێت بە دوای شێوازی دەربڕینێكی ئاكاری و ئاوەزیانەدا بگەڕێن نەك شەراب و بەرازەكە بهێڵرێتەوەو ئەوانی تر هەمووی ببرێت ، داخوازی ئاوەزیانە و خۆپیشاندان سیما گەشەكانی دیموكراسین ، ئەمە ئەگەر ئاوی هەنگاوەكان شلوێ و لێڵ نەكرێًت ، وەك ئەوەی لە دنیا باوە .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی