نامەیەک بۆ سەرۆک "سەرۆک پارێزەری دەستورە

02/06/2024

سلێمان مستەفا


بەپێ ماددەی ( ٤٧ ) دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ ی پەسەند کراو ،دەسەڵاتی فیدراڵی لە سێ دەسەڵاتی یاسادانان و ڕاپەراندن و دادوەری پێکدێت ، ئەرکەکانی خۆی لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان پیادە دەکات ، هەروەها بەپێی ماددەی ( ٦٧) سەرۆک کۆمار سەرۆکی وڵات ونیشانەی یەکپارچەیی نیشتیمان و سەروەری وڵاتە ،هەوڵدەدات بۆ پابەندبون بە دەستورو پارێزگاری لە سەربەخۆیی و سەروەری یەکێتیی پاراستنی خاکی عێراق بە پیی بڕگەکانی دەستور، لە ماددەی (٥٠) دەستوریش سەرۆک کۆمار سوێند دەدرێت کە پارێزگاری لە سەروەری یاسا و سەربەخۆی دادگاکان و جێبەجێکردنی یاساکان  بە ئەمانەتەوە بکات . 
بەپێی ماددەی (٨٩)ی دەستور ، دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵی پێکدێت لە ( ئەنجومەنی دادوەری باڵاو دادگای فیدراڵی باڵا و دادگای تێهەڵچونەوەی فیدراڵی و دەزگای داواکاری گشتی و دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری و دادگای فیدراڵیەکانی) تر کە بە پێی یاسا رێکدەخرێن ، لە ماددەی ( ٩٠ و ٩١ ) تایبەتمەندی ئەنجومەنی دادوەری باڵا باس دەکات ، وە لە ماددەی (٩٢ و ٩٣ ) تایبەتمندیەکانی دادگای فیدراڵی باڵا باس دەکات ، لە ماددەی (٩٤) پلەی بالایی داوەتە دادگای فیدراڵی کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی  یەکلاکەروەیە ودەبێت سەرجەم دەسەڵاتەکان پێوە پابەندبن .
لە غیابی یاسایەکی نوێ بۆ ( دادگای باڵای فیدراڵی ) دوای پەسەندکردنی دەستوری هەمیشەیی پرسیارك و ڕای جیاواز لەسەر خودی یاساکە و دادگاکەی دروستکردوە ، کە نابێت و گونجاو  نیە ڕای جیاواز وگومان لەسەر یاساکە و دادگاکەهەبێت ، چونکە یاساکە هەمان یاسای سەردەمی راگوزەرە ، بەشیک لە یاساناسان و سیاسەکانێش پەنا بۆ ماددەی ( ١٣٠ )دەستور دەبەن  وەڵامی ئەو پرسیارو بۆچونانە دەدەنەوە ، بەمەش خۆیان لە حوکمی ماددەی (٩٢) دەستور دەدزنەوە کە  بە پاساوێکی دروست و یاسایی و دەستوری  نابێنم ، چونکە هەم یاساکە پێش پەسەنکردنی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ پەسەند کراوە ، یاساکە لەبنەرەتەوە بۆ یاسای کاتی بەریوەبردنی دەوڵەتەوە دەرکراوە بە فەرمانێک لە لایەن سەرەک وەزیرانی ئەو کات ، بەدەر لەوەش یاساکە لەکاتی هەمورکردنەکەیدا خۆی لە گەلێک پرسی هەستیار بەدور گرتوە ، ڕەواو یاسایی نییە هەندێ پرسی یاسایی و گرنگ بە پەیرەوی ناوخۆ رێکبخرێن .
بەپێی دەستور سەرۆک کۆمار پارێزەری دەستورە ؟ 
بە وورد بونەوە بۆ دەقی مادەکانی (٥٠ و٦٧ ) سەرۆک کۆمار پارێزەری دەستورە ، بۆیە لەکاتی دروست بونی پێشەلکاری لە لایەن هەر دەسەڵاتێکەوە بێت ، دەسەڵاتی سەرۆکی وڵاتە بێتە دەنگ لە بەرامبەر هەرەش و پێشلکاریە دەستوری و یاساییەکان ، بەر مەبنای ئەم دەقە دەستوریانە کاتی ئەوە هاتوە سەرۆک قسەی خۆیبکات و پارێزگاری لە جەوهەرو فەلسەفەی دەستوربکات کە لە ماددەی ( ٤٧) جەخت لەسەر جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی فیدراڵ کراوەتەوە ، ئەو بارو دۆخەی هاتۆتە ئارا لە بەرامبەر دادگای باڵای فیدراڵ لە نەبونی یاسایەکی پەسەندکراوی دوای پەسەند کردنی دەستور ، هەروەها شەری نێوان دادگای باڵای فیدراڵ و دادگای تەمیزی باڵای عێراق ،لە پێشهاتێکی چاوەروان نەکراودا بە بڕیاری ژمارە (٤) لە ٢٩ / ٥ / ٢٠٢٤ ی دا بڕیاری دادگای فیدراڵی بە نەبووی لەقەلەم دەدات ، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانێش بێتە دەنگ و بە بڕیاری ژمارە (٣٥٤ ) لە ١٦ / ٥ / ٢٠٢٤ بەزمانێکی یاسایانە و دەستوریانە بە دادگای فیدراڵ بڵێت ئەوە دەسەڵاتی ئێوە نییە ، بەرامبەر بەهەرێمێش یاسای نەوت وگازی بە نادەستوری ئەژمار کرد  ، بۆیە گەر بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بنبڕبن و قابێلی تانە لێدان نەبن ، بەڵام ئەوە بە مانی ئەوە نایەت پێچەوانەی حوکمەکانی ماددەی ( ١٣ ) بڕیار بدات لەچوارچێوەی تایبتمەندیەکانی خۆی دەربچێت وەک لە ماددەی (٩٣) دەستوردا بۆی دیاریکراوە ، مەکانەتی دەسەڵاتی دادوەری لای سەرجەم عێراقیەکان شاراوە نەیە و ڕێز لێگیراوە چونکە بە پارێزەری دەستوری بونی یاسای و رێکارەکان دادەنرێت، بونی دادگای فیدراڵێش یەکێکە لە پایەکانی پاراستنی سیستەمی حوکمڕانی ومافی پێکهاتەکان ، بە کورد و عەربەوە بە پێکهاتە ئاینی و مەزهەبیەکانەوە ، بۆیە کاتی خۆیەتی داداگاکان لە جوارچێوەی ملمڵانێی کەسی و بەرژەوەند خوازی سیاسی دەرباز بکرێن و هەمیشە پەناگەی سەروەری یاسا و ماف و دەوڵەتی یاسابن ، بۆیە دەسەڵاتی سەرۆک بە پشت بەستن بە دەقە دەستوریەکان دادگاکان و دەسەلاتەکانی تر لە تایبەتمەندیەکانیان ئاگادار بکاتەوە و دڵنیایی بداتە هاونیشتیمانیان لەسەر سەروەری یاسا و پابەندبوون بە دەستورەو ، کاتی ئەوەش هاتوە بەرێزیان بە پشت بەستن بە ماددەی ( ٦٠ ) دەستور پرۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی و یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی بداتە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسەند کردنیان و پاراستنی مافی پیکهاتەکان و بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی