ماوەی چەند ڕۆژێكە لە ڕێگای میدیاوپەیجەكان وكەسانی ترەوە باس باسی بەناو ئەو وێرانكاریانەیە كە گوایە لە لایەن كۆمپانیای قەیوانەوە دەكرێتە سەرشاخی ئەزمڕوگۆیژەو دەورو بەری . خەڵكی سلێمانی چیای ئەزمڕوگۆیژە بە ڕەمزێكی پیرۆزی شاری سلێمانی دادەنێن و پێیان وایە سلێمانی بێ بونی چیای ئەزمڕ ئەوخۆشی و جوانی و پیرۆزیەی ئەمڕوی نابێت . باسەكان بە جۆرێكە وەكو ئەوەی كە چیاكە هەر بونی نەمابێت و بە تەواوی لە بەین چوبێت . یەكێك دەڵی دڵی سلێمانیان هەڵكۆڵی ، یەكێك دەڵی سوكایەتی بە سڵێمانی دەكرێت ، یەكێك دەڵی سلێمانی ناشیرین دەكرێت .
پێشەكی من دەست خۆشی لە هەمو ئەوكەس و لایەن ومیدیاكارو خاوەن پەیجانە دەكەم كە لە ڕوانگەی خەمخۆری و پەرۆشیان بۆ شاری سلێمانی ئاوا بە حەماس و گەرم و گوڕیەوە هاتونە سەرخەت و داوادەكەن پارێزگاری لە جوانی و سیمای شاری سلێملنی بكەن . بۆیە بە پێویستم زانی منیش ڕاوبۆچونی خۆم سەبارەت بەم بابەتە بخەمە بەردیدی خوێنەران و هاوڵاتیانی خەمخۆری شاری سلێمانی و كۆی میدیامیدیاكان سەبارەت بەپڕۆژەكەی كۆمپانیای قەیوان بۆ ئەوەی بزانین شتی تری لەو بابەتە ڕویانداوە یانا؟.
ئەگەرپێشێلكاری تری لەو جۆرە پێشتر ڕویان دابێ ، كەس هاتۆتەدەنگ و وەكو ئەمە كراوەتە هەراو هۆریا؟. ئەی ئەگەر كەس قسەی لە سەر نەكردبێت و دیزە بە دەرخۆنە كرابن بۆچی و چی لە پشتی ئەو بێدەنگیانەوەبون ؟. ئەمانە هەمووپرسیارن و وەڵامیان دەوێت . بۆ ئەوەی وەڵامێكی دروستمان دەست كەوێت بە باشم زانی چەند نمونەیەكی زۆر كەمی ئەودەست درێژی و پێشێلكاریانەی لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵی حوكمڕانی كوردیدا كراوەتە سەر هەموو شارو شاڕۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و من لێرەدا شاری سلێمانی وەكو نمونە دەهێنمەوە و با هەمومان بە ویژدانەوە بەراورد كارییەكی تەندروست لە نێوان ئەو دەست درێژی و پێشێلكاریانەی لە ڕابردودا كراونە سەر شاری سڵیمانی و لە گەڵ پێشێلكاریەكەی ئەم جارەی كۆمپانیای قەیوان بكەین بۆ ئەوەی بزانین ئایا ئەو پێشێلكاریانەی لە ڕابوردودا كراونە سەر شاری سڵێمانی سوكایەتی پێكردن بون بە سڵێمانی و زیانی زۆرتریان بە سلێمانی گەیاندوە ، یان كردنی گردی هەڕوتە بە خانوو سەوزكردنی و گیان بە بەرداكردنی لە نوێوە . بۆ ئەوەی بچینە ناوكرۆكی باسەكەوە سەرەتا با باسی كەمێك لەو پێشێلكاریانەتان بۆ دەكەم كە پێشتر بەرامبەر بە شاری سلێمانی كراون :
هەندێ نمونە لە سەر ئەو دەست درێژیانەی لە لایەن بەرپرسانی حیزبی و كەسانی نزیك لەحیزبەوە كراوەتە سەر موڵك و ماڵی گشتی و هاوڵاتیان :
1-دڵنیام زوربەتان لە بیرتانە كە بەشێكی زۆری ئەو دار سنەوبەرانە كە لە سەرشەقامی گشتی نزیك تاسڵوجە سوتێنران كە تەمەنیان چەندین ساڵ بوو . دوایی دەركەوت كە ئەو دار سنەوبەرانە بە دەستی ئەنقەست سوتێنراون وبۆ ئەوە بوە ئەو سەر شەقامە بكەنە شوێنی بازرگانی و ئەو كارەیان بۆ ئەوە كردوە بەردەمی دوكانەكان چۆڵ بێت . دوایش دەركەوت كێن ئەوانەی ئەوكارەیان كردوە . بەڵام هیچ شتێكیان بەرامبەر نەكراو كارەكە دیزە بە دەرخۆنە كرا .دیارە كەسانی دەسەڵات داریان لە پشت بووە .
2- هەموتان دەزانن لە خەستەخانەی هەرێمەوە واتە لای شوقەكانی گۆیژە تا دەگاتە هۆتێل تایتانیك. ئەو مەسافەیە جوانترین شوێنی سلێمانیە. ئەگەر لە هەر وڵاتێكی تری دنیادابوایە چەندین لێژنەی بۆ دەگیرا بۆ ئەوەی بڕیار بدەن بیكەن بە چ شتێكی جوان . بۆ نمونە ڕێزێك هۆتێلی گەشتیاری هەمویان بە یەك بەرزی و یەك ڕەنگ . یان ڕێزێك ڕیستۆرانت و كافێ بە مەبەستی ڕاكێشانی سەرنجی گەشتیاران ئێستا بچن سەیركەن چۆن شێوێنراوە .
یەكەم جار بەنزینخانەیان لێ دروست كرد . جاری بپرسن خاوەنەكەی كێیەو كاتی خۆی چی هەبوەو ئێستا چییەو چی هەیە دوای ئەوە شوێنی فرۆشتنی ئوتومبێل ، دوای ئەوە داگیركردنی بەشێكیتری ئەو ناوە بە ناوی دانانی دوكانی فەڕش فرۆشتن .
3- بڕی چەندین دۆنم زەوی لەو شوێنە كە بایی 10 ملیۆن دۆلار زیاترە وەرگیرا بەناوی چایخانەو چێشتخانە و دوای بەقودرەتی قادر شوێنەكە كرا بە بالەخانەی نیشتەجێبون .
4-شوێنی مەسڵەحەی كۆن دانرابوو بكرێتە باخچە بۆ دانیشتوانی ئەو گەڕەكانە . دوایی بڕیاردرا بكرێتە باڵەخانەی نیشتەجێبون . خەڵكەكە چون خۆپیشاندانیان لەبەر دەم شارەوانی ئەنجامداو ناڕەزایی خۆیان دەبڕی و وتیان دروستكردنی ئەو تاوەرانە بە مانای هەراسان كردنی ماڵو مناڵمان دێت و ژیانمان نامێنێت . بەڵام نە شارەوانی وەڵامی دانەوە و نە كەسیش لەسەریان هاتە دەنگ .
5-لە شوقەكانی بەهاران بە مزگەوتی حاجی ئەحمەدو هۆتێل و بەنزینخانەو تا دەگاتە بەردەمی دادگای سلێمانی هەرچی لێی كراوە بە زیادەڕەوی بوە . شوێنی بەنزینخانەی چاڵەكە بڕیار وابو بكرێتە باخچە بۆ جوانكردنی مەدخەلی شار بەڵام سەیركەن ئێستا لەو شوێنە چەندین باڵەخانە دروستكراوە كار گەیشتۆتە ئەوەی بە زەحمەت سەیارە ڕی بكات .
6-گەراجی بەغدا كە لە ناوچەی پیشەسازیدابوو گواستیانەوە بۆ تاسڵوجە لە بەرخاتری چاوی كاڵی دوو كەس ، ئەو كەسەی شوێنی گەراجەكەی كردە دوكانی بازرگانی وئەو كەسەی خاوەنی ئەرزەكەیە لە تاسڵوجە . هەر چەندە دڵنیا نیم بەڵام بەدوور دەزانرێت ئەو ئەرزە كڕابێت . ئێستا سەیركەن و بزانن یەك كەس كە جاران لە گەراجە كۆنەكە سەفەری دەكرد بۆ چەمچەماڵ بە 4 هەزار دینار بوو . ئێستا دەبێ لەناو شارەوە 4 هەزار بدات بۆ تاسڵوجەو لە وێشەوە 4 هەزاری تر واتە دوو قات .
كەواتە هەر كەسێك ئێستا سەفەر بكات بۆ هەر شوێنێكی دەرەوەی سلێمانی دەبی 4 بۆ 5 هەزاری زیادە بدات تەنها بۆ یەك سەر . ئەمە حساب بكە بۆ ڕؤژێك و مانگێك و ساڵیك و بزانن چەند دەكات ، ئەم زیان گەیاندنە بە هاوڵاتیان بەردەوام دەبێت و خەڵكی تریش دەوڵەمەند دەبن . لە هەموو دنیادا شوێنی گواستنەوەی گشتی واتە بە پاس و قیتارو سەیارەی تری كرێ وەكو تەكسی دەبێ لە مەركەزی شار یان نزیكی مەركەزی شار بێت بۆ ئەوی خەڵك بە ئاسانی پێی بگەن ، لێرە بە پێچەوانەی دنیاوە براوەتە دەرەوەی شار ؟.
7-خوار مەكتەبەكانی یەكێتی لەكارێزە وشك سەرشەقامەكەی بەردەم قوتابخانەكان كە ئەرزی بەتاڵی لێبو دراوەتە كەسانێك كردویانە بە خەستەخانەی ئەهلی باشوور بۆ بەتاڵ كردنەوەی گیرفانی خەڵك . ئەرزەكە خەمڵێنراوە بایی نزیكەی 12 ملیۆن دۆلارە . من كاتی خۆی نوسراوێكم نوسی بۆ شارەوانی سلێمانی و پێم وتن ئەوە تاوانە . هەر بە تەنیشت ئەو خەستەخانەشەوە ئەرزێكی تری بەتاڵ هەیە ئەویش دەوری بەلەوح گیراوەو گڕیان داوە . ئێستا ئەو كەسانەی سەردانی خەستەخانەی ئەنوەر شێخە دەكەن سەیارەكانیان دێننە نزیك ئەم بینایانە چونكە شوێنیان نابێت لە خوارەوە . باشە ئەی ئەگەر ئەم خەستە خانەیە كەوتە كار لە كوێ سەیارەی كەس و كاری نەخۆشەكان رادەگیرێن ؟.
8-ناو خەستەخانەی شار ئەرزێكی بەتاڵی تیدابوو . ئێستا كراوە بە گەراجی سەیارە كە لە چەند قات پێك هاتوە . ئەگەر تەنها 5 دەقیقە بیتە ناوی نرخەكەی 1500 دینارە . پرسیار ئەمەیە : چۆن ڕێگا درا ئەم شوێنە بكرێتە گەراج ؟. ئەگەر بەیانی وتیان ئەوە پارەو خەستەخانەكە فراوان بكەن ، لە كوێ ئەرزی بۆ دێنن ؟. كێ ئیمزای لەسەر ئەوە كرد ئەو شوێنە بكرێتە گەراج و لە پێناوی چیدا ؟. دوا پرسیار كێ خاوەنی ئەم گەراجەیە ؟.
9- بچن سەیری ئەو شەقامەی هەواری شار بكەن و ببینن چۆن ئەمبەرو ئەوبەری شەقامەكە بەلەوح گیراوەو هەروەها ئەو زەویەی خوار سۆپەرماركێتی ئاڵتون كە دەوری بە لەوح گیراوە . جگە لەم زەویانە چەندین شوێنی تریش هەن كە بەو شێوە دەوریان بەلەوح گیراوە . ئەم جۆرە كارانە لە كوردەواریدا پێی دەگوترێت ، گڕی داوە بۆخۆی ، واتە داگیری كردوە . ئێستا بپرسن ئەم زەویانە بایی چەند ملێۆن دۆلار دەبن ، چۆنیان وەرگرتوە ، چەندیان پارە داوە لە بری ئەم زەویانە ؟.
10- ناوچەی بازیان باشترین شوێنی كشتوكاڵیە لە ناوچەی سلێمانی . كاتی خۆی برنجی بازیان بەناوبانگ بوو . ئێستا لەو شوێنە كشتوكاڵیە گرنگە بە پیتە ، 5 كارگەی چیمەنتۆو پاڵاوگەیەكی نەوت و دەیان كارگەی تری لێ دروست كراوە ، دانیشتوانەكەی خەریكن لە دوكەڵدا دەخنكێن .
11- بەناوی شەهیدانی شەڕی داعش و ئاسایش و دژە تیرۆر سەدان پارچە زەوی بێ وەرگرتنی مۆڵەت لە شارەوانی هەر بە هەوایی بەش بەش كران و دابەش كران و فرۆشران . بێ ئەوەی ڕەچاوی ڕێگاو بان و باخچەو شوێنی خەدەمات ڕەچاو بكرێت . ئەمەش جۆرێكە لە دەست درێژی و سوكایەتی بە شاری سلێمانی و مێژوەكەی .
12-بەناوی نادی پێشمەرگەو نادیەكانی ترەوە ئەگەر بەوردی بەدواداچون بكرێت بایی سەدان ملیۆن دۆلار موڵكی گشتی وەرگیراوە .، فەرمون بچن بەدواداچون بكەن و بزانن چەند نادی وەرزشی و گۆڕەپانی یاری دروستكراون ؟.
13- نزیكەی 132 دۆنم زەوی لە لایەن پارێزگاری پێشوی سلێمانی نەك ئەوەی ئێستا دیاریكرابوو بۆ گۆڕەپانی وەرزشی . هەر ئەوەندە زانرا بە شۆفڵ تەخت كراو خەت خەت كراو فرۆشرا . تەنانەت پاڕێزگاش لەسەری نەهاتە دەنگ .
13- تازەترین و گەورەترین تاوان كە بەسەرسلێمانیە حەیاتەكە هێنرا ئەوەیە ئەو زەویەی كە چەندین ساڵە دانراوە بۆ ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەو وانە لەسەر خوێندن . كە 182 دۆنمە بە ئیمزای سەرۆكی حكومەت دراوە بە وەبەرهێنێك كە بیكاتە باڵەخانەی نیشتەجێبون . ئەوەی لە سەری هاتە دەنگ بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بوو .
ئەم بابەتە زۆر پرسیار هەڵدەگرێت . دەبوو پاڕیزگارو سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پێش هەموو كەسێك لەسەرئەمە بێنە دەنگ . باشە ئەمە چ پەیوەندییەكی بە سەرۆكی حكومەتەوە هەیە كە ئیمزای كردوە بكرێتە باڵەخانە . باشە ئەی ئامادەیی كشتوكاڵ و كۆلیجی كشتوكاڵی سلێمانی ئیشیان پێی نییە ، ئەی بۆچی لەسەری نەهاتنە دەنگ . لەوانەیە سەرۆكی حكومەت ئەگەر ئیمزاشی كردبێت بەڵام باش لێی حاڵی نەبوەو بەسەریدا تیپەڕیبیت .
كاكی وەبەر هێنەر كەسێكی دۆزیەتەوە نزیك لە سەرۆكی حكومەت و لەگەڵ كۆمەڵیك نوسراویتر ئەمەشی خستبێتە بەردەمی و ئیمزای كردبێت . بەڵام ئەم كارە بە خۆرایی نەكراوە . من ئێستا پێشنیاربۆ پارێزگاری سڵێمانی و سەرۆكی كۆلیجی كشتوكاڵ و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەكەم كە بچن سەردانی سەرۆكی حكومەت بكەن و بۆی ڕون بكەنەوە كە ئەم زەویە چەند گرنگە بۆ كۆلێجی كشتوكاڵ و ئامادەی كشتوكاڵی بەكرەجۆ، دڵنیام لە ئیمزاكەی خۆشی پەشیمان دەبێتەوەو داوای لێبوردنیش دەكات .
15- وەكو زانیاریم هەبێت نزیكەی 132كۆڵان لەناو شاری سڵێمانی لە لایەن بەرپرسان و كەسانی نزیك بەرپرسان گیراون . تەنانەت لە سەر شەقامی 60 مەتری هۆتێل دروست كراوە كۆڵانێكی نزیك هۆتێلەكەی گرتوەو ژێری هۆتێلەكەشی كردوە بە بەنزین خانە كە برواناكەم لە جیهاندا شتی واكرابێت .
15- لە هیچ شارێكی جیهاندا ڕێگا پێدراو نییە لەناو گەڕەكێك كە خانوەكانی لە دوو نهۆم و سێ نهۆم زیاتر نەبن ، باڵەخانەی بەرزی نیشتە جێبون دروست بكرێت و ژیان و گوزەرانی خەڵك بخەیتە ناخۆشیەوە لە پێناوی بەرژەوەندی كەسێكدا . ئێستا بچن سەیری ماڵەكانی دەوری باڵەخانەكانی شوێنی مەسڵەحەی كۆن بكەن و بزانن چۆن گوزەرانی ئەو ماڵانە دەكەوێتە ناخۆشیەوە ، یان ئەو باڵەخانەی پشتی شوقەكانی ڕؤژ سیتی كە چەندین نهۆمەو گوزەرانی ماڵەكانی ئەو ناوەی ناخۆش كردوە .
16- بچن بەدواداچون بكەن لەناو شاری سلێمانی چەند بەنزینخانە لە شوێنی نەشیاو دروست كراون ، لەوەش خرابتر بزانن چەند بەنزینخانە هەن كە تا ئێستا مۆڵەتیان بە ڕەسمی نییەو بە كەڵەگایی دروستكراون .
17- بچن بە دوادا چون بكەن بۆ ئەوەی بزانن ئەو ستیانەی دروست كراون تا چەند پابەندبون بەو نەخشانەی لە سەرەتاوە پێشانی كڕیاریان داوە و كرڕیاریش لەسەربنەمای شوێن و ڕوی شوقەكەی پارەی داوە . بەڵام زۆرینەیان گۆڕانكاری گەورەیان لە نەخشەی ستیەكاندا كردوەو شوێنی خەدەماتەكانیان كردۆە بەشوقەی تر سیمای ستیەكەیان تێكداوەو كەسیش پرسینەوەی لەگەڵ نەكردون و خەڵك توشی زیان بون . سیتی هەیە كە سەدان شوقەیەودروست كراوە بەبێ ئەوەی مۆڵەتی وەبەرهێنان و شارەوانی هەبێت . وەبەرهێن هەیە دەچی زەوی وەردگرێت بۆ پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان و دوایی دەچێت هەموی یان بەەشێكی لێ دەفرۆشێتەوە پارەیەكی موفتی لەسەر حسابی گشتی دەستدەكەوێت .
18- ئەگەر بە وردی گوزەریك بكەی بە ناو شارد ا بەچاوی خۆت دەبینی كە زۆرینەی شەقامەكان بچوك كراونەوە . لە هەر شوێنێك بۆشاییەكی كەم هەبوێت ، چاوچنۆكێك چوە لە ڕێگای ئەم بەرپرسی حیزبی و ئەوفەرمانبەرەی پەیوەندیدارە بەو زەویەوە ، هەوڵی داوەو وەری گرتوە چونكە ئەم وڵاتەی ئێمە وڵاتی واسیتەیەو یاسا غائیبە و بێ گوێدانە ئەوەی ئەمە زیان بە بەرژەوەندی گشتی وهاوڵاتیان دەگەیەنێت .
ئەوچەند سەرپێچی و زیادەڕەویانەی كە لە سەرەوە وەكو نمونە باسمكردون ، وەكودڵۆپێك ئاو وان لەناو بەحرێكدا ، لە چاو هەموو ئەو سەرپێچی وزیادەڕەوی و داگیركاریەی لە سەر موڵك و ماڵی گشتی و هاوڵاتیان كراوە . ئێستا كاتی ئەوەیە بپرسین ئەوانەی لە سەرەوە باسمكردن سەرپێچی و پێشێلكاری و زیادەڕەوین لەسەر شاری سلێمانی یانا ؟.
ئەگەر ئەمانە هیچ كامێكیان نین و بە كاری ئاسایی دەزانرێن ، بۆچی دەبێت پڕۆژەكەی قەیوان لە سەر دوو گردی ڕوتی بێ سەوزایی ، كورد واتەنی كەری تێدا بكەوێت قاچی دەشكێ كە بڕیارە بكرێتە ڤێلاو ئەگەر هەر ماڵێك 10 درەخت بڕوێنێت هەڕوتەی ڕوت و قوت جارێكیتر بەرگی سەوزی لەبەر دەكڕێتەوەو زیندو دەبێتەوە ، بۆچی كارێكی نا یاسایەو ئەوهەموو هات و هاوارەی لە سەر دروست كرا . جێگەی پرسیارو گومانە ئەوانەی خۆیان بە دڵسۆزو خەمخۆری شاری سلێمانی دەزانن كە لەسەر ئەو هەموو پێشێلكاریانەی پێشتر بەرامبەر بە شارەكەیان كراوە ، بێدەنگ بون و ئاوا بە گەرم و گوڕی بەرامبەر بە پڕۆژەكەی قەیوان هاتنە دەنگ ؟.
زۆر بەلامەوە سەیرە خەڵك خۆی بە خەمخۆری شاری سلێمانی بزانێت ، بەڵام ئەو زەویەی بۆ گۆڕەپانی یاری نەوەكانی شار دانرابێت پارچە پارچە بكرێت و بفرۆشرێت ، ئەو زەویەی نەوەكانی داهاتوی شار وانەی كشتوكاڵی لەسەر بخوێنن و بە بەرچاویانەوە بكرێتە باڵەخانەی نیشتەحێبون و شەقامەكان بچوك بكرووێنەوەو دەورو بەریان بكرێنە بالەخانەی نیشتەجێبون و كۆڵانەكان بگێڕین و تاوەری نیشتەجێبونی بیست قاتی لەناوجەرگەی ئەو ماڵانە دروست بكرێن كە لە 3 نهۆم بەرزتر نین و ئەو شوێنانەی دانراون بكرنە باخچە بۆ هاوڵاتیان ، بكرێنە باڵەخانەی نیشتەجێبون و سنەوبەری تەمەن چەندین ساڵ بسوتێنرێن بۆ ئەوەی شوێنەكەیان بكرێتە شوێنی بازرگانی لەسەر ئەمانە هیچ كەس نەیەووتە دەنگ ، بەڵام لەسەر پڕۆژەیەك بێنە دنگ و وەكو سوكایەتی و پێشێلكاری و دەست درێژی بۆسەر شاری سلێمانی وێنای بكەن كە شاخێكی ڕەق و تەقی بێ ئاو بێ درەخت بكرێتە سەوزایی و ئاوەدانی و سیمای شارەكەی پێ جوان بكرێت ؟. من پرسیار دەكەم مانەوەی هەردوو گردی هەڕوتە بەم شێوەیەی ئێستای چ جوانیەك بە سلێمانی دەبەخشێت؟. زۆرن ئەوانەی كە بێ ئەوەی زانیاریەكی باشیان هەبێت لەسەر چۆنیەتی بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیەو هەر لە خۆیانەوە ڕەمڵ لێ دەدەن و هەر یەكەیان بە ئارەزوی خۆی قسە دەكات . با هەموان باش بزانن چۆن بڕێار درا ئەم پڕۆژەیە بدرێتە قەیوان ؟.
پێش هەموو شتێك ئەو دووگردە بە تەنیشت پڕۆژەی بەرزایەكانی قەیوانەوەیە . واتە ئەگەر ئەمە تەواو ببێت ئەمەش دەبێتە بەشێكی دانەبڕوا لەبەرزایەكانی قەیوان و سیمایەكی جوان بە شاری سلێمانی دەبەخسشێت . ئەم دوو گردە ناویان هەڕوتەیە نەك ئەزمڕ یان گۆیژە . كاتێك خاوەنی كۆمپانیای قەیوان داوا لە شارەوانی دەكەن ئەم دوو گردەیان پێ بدەن ، سەرەتا ئەنجومەنی شارەوانی كە كۆدەبنەوە ڕازی نابن بە داواكەیان .
بەڵام دوای قسەكردنی زۆر لەسەری دەگەنە ئەو ئەنجامەی كە هیچ درەختێك لەم گردانە سەوز نابێت چونكە تا قوڵایی 10 سانتیمەتر گڵەو لەوە بەدواوە شاخ و بەردە . كەواتە تا دنیا دنیابێت ئەم دوو گردە هەر ئاوا بە ڕوت و قوتی دەمێننەوە . بۆیە دواجار ڕەزامەندی دەر دەبڕن كە قەیوان بیكات بە پڕۆژە . ئەم دوو گردەش دەكەونە سنووری شارەوانی سلێمانی و چۆن ئەنجومەنی شارەوانی ڕەزامەندی دەردەبڕیت بۆ ئەوەی زەوی بدرێتە وەبەرهێنێك بۆ پڕۆژەیەك ، بۆ ئەمەش دەسەڵاتیان هەیە .
هەر چەندە شارەوانی بۆی نییە زەوی بفرۆشێت و هەموو ئەو زەویانەی دراون بە كەسانێك بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنان، ئەم دوو گردەش بە هەمان شێوەیە . بەڵام كۆمپانیای قەیوان بڕیاری داوی بڕی 50 ملیار دینار بداتە شارەوانی و ئەو ڕێگایەشی دەچێت بۆ تونێڵەكە باش بكات . بۆئاگاداری هەمولایەكیش دوای دروست بونی ئەوهەراو هۆریایە لەسەر ئەو پڕۆژەیەو هەر یەكە بە ئارەزوی خۆی و بێ ئەوەی بزانێت ئەمە چۆنەو زیان و قازانجی چییە قسەیان لەسەر دەكردو بەنزینیان دەكرد بە ئاگردا ، دوای ئەوە چەند كەسێك وەكو میدیاكارو نوێنەری كۆمەڵگای مەدەنی و خەڵكی ترڕۆژی 29/5/224بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی شاروانیان كردوە سەبارەت بەو بابەتەو قسەی خۆیان كردوە . بەڵام ئەوان شتێكی ئەو تۆیان پێ نەبوە كە بتونن ئەو پڕۆژەیەی پێ بوەستێنن كە هات و هاواریان لەسەر دروست كرد چونكە خۆشیان بۆیان ڕون بۆوە كە دروستكرنی ئەو پڕۆژەیە قازانجی زیاترە لە زیانی. بە بۆچونی من گەورە كردنی ئەم بابەتە بەو شێوەیە دەگەڕیتەوە بۆ ئەم هۆكارانەی خوارەوە :
یەكەم : بەڕاستی هەندێك كەس لە ڕوانگەی دڵسۆزی و خۆشەویستیانەوە بۆ شاری سلێمانی بەو گەرم و گوڕیە هاتونە دەنگ بەڵام نەیانزانیوە كە ئەوەندە مەترسیدار نییە وەكو تێێ گەیشتون .
دووەم :لەوانەیە پێشتر كەسانێكیتر هەبوبن بە نیازی وەرگرتنی ئەو گردانە كاریان كردبێت و دەستیان نەكەوتبێت و ئێستا بیانەوێت ئەو باسە گەرم و گوڕ بكەن .
سێیەم : كەسانێك تەنها لە ڕوانگەی بەغیلیەوە ئەم باسەیان ئاوا گەورە كردوە
4- لە هەمویان گرنگترو گوماناویتر ئەوەیە كە كاتی هەڵبژاردنەو زۆر لایەن هەن دژی یەكترن و دەیانەوێت ئەم جۆرە بابەتانە لەبەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوەو خۆیان بكەنە پاڵەوان و خەمخۆری شارەكە و بەدووریش نازانرێت كە پارەشیان دابێت بەم و بەو بۆ ئەوەی باسەكە گەرم و گوڕتر بكەن . بۆ نمونە تەلەفزیۆنەكەی شاسوار قسە لەسەر ئەو پڕۆژەی قەیوان دەكات ، لە كاتێكدا یەكێكە لە گەندەڵ كارەكان و دەستی خەڵكانی زۆریشی بڕیوە .
5-هەندێك پەیج هەن لەوانەیە هەر نەشزانن ئەم پڕۆژەیە قازانجی هەیە یان زیان و هەر لە سەر دەمی خەڵكانیتر قسەبكەن بۆ گەرمكردنی بازأری خۆیان .
لە كۆتاییدا ئەوەی ماوەتەوە بیڵیم ئەمەیە : ئەگەرسەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی پێشتر بڕیاڕی نابەجێشیان دابێت ، ئەم بڕیارەیان پڕ بە پێستی خۆیەتی و لە جێگەی خۆیدایەو سیمایەكی جوانی تر دەدات بە شارەكە .
ئەگەر لەسەر نوسینی ئەم بابەتە هەر كەس و لایەنێك هەرسەرنج و بۆچونێكیان بەرامبەر بە خۆم یان ئەم نوسینەم هەبێت من ئامادەم لە گەڵیان دانیشم لە هەر كەناڵێكی تەلەفزیۆنیەوە بێت بۆ ئەوەی هەموان لە ڕاستییەكان بگەن.
1/6/2024
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی