بەشێک لە سیاسیەکان و وەزیرەکان، وتارەکانیشیان بۆ دەنوسن و نایخوێننەوەو هەر نازانن چی نوسراوە، ئەوە سەختترین قەیرانی نەخوێندەواریی و نوسین و ڕۆژنامەوانیی ئێستایە.
نوسەری ڕاستەقینەی ئەو وتارانە دیار نیە کێیە بەس زانراوە فەرمانبەرو ملکەچێکی شەبەحە، کاتبێکی خەیاڵی و وەهمیە، پەیجەوان و نوسەری سەرەکی وەزیرەکەیە بۆ کاروباری ڕۆژنامەوانی و میدیایی و پینەدۆزیی و بەڕێوەبردنی خەیاڵی وەزیرەکان، بەخواستی خۆی شەن و کەو دەکات و دەنوسێت و بڵاوی دەکاتەوە بەناوی گەورەو سەردارەکەیەوە، تەنها بۆ شاباش و ئافەرینێک. ناوی خۆی و هزرو جیهانبینیەکانی دەشارێتەوە.
ئەو جۆرە مۆدێلە ڕۆژنامەوانیە، مۆدێلی ئەتککردنی نوسین و وێژەو ئەدەبیات و دنیای مۆڕاڵی خوێندنەوەو فەرهەنگسازیە، قەیرانی سەختی نوسین و خوێندنەوەی ئەم وڵاتەیەو بەناوی خەڵکەوە کتێب دەنوسن و وتار دادەڕێژن و بڵاوی دەکەنەوە، بۆیە کاتێ وەزیرەکە دێتە گۆ، دەبینی هیچ لەو وشەو زاراوەو چەمکانەی لەوتارەکانیدا باسی کردوە یان بۆیان نوسیوە نایزانێ و مێشکی تەقەی یەت، باسی ڕێنیسانسی کردوە وادەزانێ ڕێنیسانس شارە، کاتێ باسی شۆڕشی فەڕەنسی کردوە وادەزانێ باستیل ئەم شکاندویەتی و مێژوەکەشی لەزاکیرەدا نیە، لەباسی ڕاسیزم و ئەپارتایدو ڕەشپێستدا وادەزانێ خۆر ڕەشی کردونەتەوە.
ئەها کوێخاو ئاغای گوند، کاتی خۆی چۆن بە بیری خێڵگەریی و فیوداڵیانەوە، زۆردارانە بەردەست و مەئمورو فەلاحەکانی دەچەوسانەوەو دەخستە سەر ئەرزو ئاوەکان و لەوەڕگاو بژوێن و دەشت و کێڵگەکان و دواتر بەرهەمەکەی بە کۆکراوەیی و مۆڵ دەخواردو دەفڕۆشت و فلسێکی سوریشی ئەدا بە جوتیارەکە، ئێستاش هەندێک کاراکتەری سیاسی و وەزیرو مەندوبی هەڵتۆقیو، بەو عەقڵ و لۆژیکە بەرهەمی فیکرو ئەندێشەو نوسینی ئەدیبان و نوسەران و ڕۆژنامەنووسان دەخۆن و ئەمەیان من ناوم ناوە فیوداڵیزمی نوسین و بەڵێ نوسەرەکانیش تاوانباری سەرەکین.
چونکە نوسین عیشق و جیهانبینی و ڕوئیایە، هەتا کامڵ و کارا نەبیت ناتوانی بەتەواوی بنوسیت، هەتا خۆت لێوڕێژنەکەیت لە خوێندنەوەو تقوسە فەردانیەکان و ڕاستگۆنەبیت لەگەڵ چەمک و بیرکردنەوەی خۆت و مەعریفەسازیی و کەڵکەڵە فیکریەکانت ناتوانی بنوسیت، ئینجا کۆیلە نوسەر نییە، دەبێ سەرەتا مرۆڤ بیت و لەو دووڕوویی و فەنتازیا مۆدێرن و شکڵگەرا دونیایی و ڕیابازی و حیلەو مەکرو زاهیرەسازیی و عیللەتانە خۆت ڕزگار بکەیت ئینجا بنوسیت، خۆئەگەر بۆ کەسێکی ترت نوسی و تۆ دیار نەبوویت ئەوە جەهل و بەدبەختی و سەرگەردانیەو دەمێکە ڕۆحی خۆت و بیرکردنەوەکانت هەڕاج کردوە.
نوسین، بەشێکی سەرەکی بەرهەمی ئەقڵ و ئاگایی و خوێندنەوەیە، بەشەکەی تری زادەی میدیتەیشنێکی عیرفانی و سلوکێکی سۆفیگەرانەیەو نابێ بیخەیتە خزمەتی ئەویتر با ئەوەکەی تر وەزیرو بەرپرسیشت بێ، ئەڵبەت، باسی نوسین دەکەین نەک داڕشتنی ڕۆژنامەوانی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی