مرۆڤ بەهۆی بەرزی
خەرجی بژێوی و زیادبوونی مەسروفات و بێکاری و بێبازاڕی و ئاستی خەراپی خزمەتگوزاری
دووچاری تەنگدەستی دارایی دەبێت ، ئەمە گەورەترین ئازارە لە ژیانی گوزەرانی خەلکی
، ئێستا کە سەیری گەنجانی خۆمان دەکەین زۆربەیان بێکاران و بۆ خەرجیەکانیان پشت بە
خێزانەکانیان دەبەستن و ، داوادەکەن کە خێزانەکانیان کار-یان بۆ بدۆزنەوە .
دایک و باوکان
قوربانی بەهەموو ئەو خۆشەویستیەی کە هەیانە لە کات و توانایان دەدەن بۆئەوەی منداڵەکانیان
بتوانن بەتەنێ و بەخۆیان بەروەڕووی بارگرانایی ژیانیان ببنەوە ، زۆربەی دایک و
باوکان داوا لە منداڵەکانیان ناکەن یارمەتیان بدەن لەکاتی پیربوون ، بەڵکە دەیانەوێت
پشت بەخۆیان ببەستن و ڕێگای ژیان بە سەربەخۆیی خۆیان ببڕن ، بەڵام بەداخەوە دۆخی
قورسی ژیان لێناگەڕێت ئەوە بکەیت !! ئێمە قسە لەسەر ئەو گەنجانە دەکەین کە تازە
زانکۆ و پەیمانگاکانیان تەواو کردوە و لە کار دەگەڕێن ، هەندێ لەوانە تەمەنیان بۆتە
چل ساڵ داوا لە باوکیان دەکەن یارمەتیان بدات ، پارەی تەلەفۆن و کرێی خانوو و خەرجی
ماڵەوە و هاتا پارەی چوونە بازاڕ !! تەبعەن ئەو گەنجانەی کە پشت بە دایک و باوکیان
دەبەستن بیانۆی خۆیان هەیە ، چونکە کاتێک لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەردەچن کار-یان
دەستناکەوێت و ئەگەر دەستیشیان کەوێت ، دەچنە ناو بازاڕێکی کار-ی دڕندە و تەماحکار
و چڵێس بە پلەیەک زۆربەیان ناتوانن مامڵەی لەگەڵدابکەن ، چونکە ئەوان ئامادەنەکراون
و چەکدار نەکراون بەو ئامرازانەی کە شیاون
بۆیان ، لەبەرانبەردا هەندێک هەن ڕاهاتوون لەسەر ئەوەی کە بەتەواوی پشت بە خێزانەکانیان
ببەستن ، ئەوە نابینن کە ئەوان دەتوانن هەوڵ و تەقەلا و ئارەقە بڕێژن بۆ گەیشتن بە
ئاواتەکانیان و ، هەر داوا دەکەن….ئەو ڕۆشنبیریە دارایەش نیە تا بتوانن نەخوێندەواری
دارایی بسڕنەوە و ، ئەوە نازانن ئەو پارەیە چۆن دێت و ، نازانن کە باوکەکە کاری ڕەها
دەکات بۆئەوەی خێزانەکەی بژینێت ، بەڵام کاتێک ئەو منداڵە ژن دەهێنێت ئەوسا تەنگوچەلەمەکان
بەڕوویدا دەتەقنەوە و بەمەش ڕێژەی تەلاق و تووندوتتژی و ڕەفتاری ناڕێک زیاد دەبێت
، ئەم دۆخە ئابووریە گرانە بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی گەنجان بیروبۆچوونی خۆیان سەبارەت
پەیوەندیەکانیان لەگەڵ خێزانەکانیان دەگۆڕن ، ئێمە لە چاوەڕوانی نەوەیەکی وابەستەکراوین
کە لەکنیان شتێک نیە تەنها خودی خۆی و دابینکردنی پێداویستیەکانی نەبێت .
زانایانی کۆمەڵناسی
و پسپۆرانی ئابووری وایدەبینن کە قەیرانی ئابووری دووبارە کۆمەڵگە و بەهاکان و ڕەفتارەکانی
بەشێوەیەکی تووند دادەڕێژێتەوە بەشیوەیەک کە پێشبینی نەکرێت ، بۆیە ئێمە پێویستمان
بە ئاگادارکردنەوە هەیە !! .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی