لە یادی پەنجاوچوارەمین ساڵەی(کۆمەڵە)دا

10/06/2024

هادی هەمەرەشید


هەرچەندە (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) قۆناغی شار و ململانێکانی دوای ڕاپەڕینی نەبینی، بەڵام کاریگەرترین ڕەوتی سیاسیی بوو لەسەر مێژووی ئێمە، کە لە ١٠ی حوزەیرانی ١٩٧٠دا  لە فەزایەکی پڕ لە مشتومڕدا دامەزرا.
مشتومڕ لەسەر ناو، پەیڕەو، ڕووگەی سیاسیی و دەستەی دامەزرێنەر و یەکەمین سکرتێر و یەکەمین مەفرەزەی چەکدار و تەنانەت هەڵوەشاندنەوە و سپاردنی بە مێژوو...تاد
ئەوەی بۆ ئەم نەوەیەی دوای ڕاپەڕین گرنگە؛
۱ـ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵە لە سەرەتای ڕاپەڕیندا، ئەو ڕێکخراوەی وەك لانکەی سەدان قارەمان و شەهیدی ڕاستەقیینە، بە پاکیی(لایەنی کەم لە قۆناغی دەرکەوتنی حوتەکاندا) هێشتەوە، هەر کەس و گرووپێك لە پشتی بڕیارەکەوە بووبێت، بوو بە خێر بۆ ناو و مێژووی ئەو ڕێکخراوە.
۲ـ کۆمەڵە، لە قۆناغی شاخدا(سەرباری کۆمەڵێك دەرگیربوونی ئایدۆلۆژیی لەگەڵ کۆمەڵگادا) ڕۆحی بەبەری ڕەوتی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکارییدا کردەوە و هەوڵێکی جدیی بوو بە ئاراستەی دوورخستنەوەی (خێڵگەرایی)و دواکەوتوویی و وابەستەیی بۆ ئیمپریالیزمی جیهانیی.
بەڵام ئەویش وەك هەر حیزب و ڕێکخراویتر ئالودەی دەیان دەرد و گرفتی ناوخۆیی بوو، کە ڕەنگە سەدان جار باس کرابن، بەڵام دەردێکی درێژخایەن  کە تا ئێستا بە جینات بۆ هەموو حیزبەکان ئەگوێزرێنەوە؛ بابەتی پشتگوێخستنی کارنامە و پەیڕەو و پڕۆگرامە!
کۆمەڵە؛ لە ئایاری ۱۹۸۱دا یەکەمین کۆنفرانسی خۆی گرێدا، لە پەیڕەوی ناوخۆدا، لە خاڵی چوارەمی ماددەی دووەمدا(کە ماددەی ئەندامێتیی) بوو، هاتووە((پێویستە هاوڕێی کۆمەڵە ناو و ناوبانگی باش و دەم و دەست و داوێنی پاك بێت)
لەکاتی گفتوگۆی ئەم خاڵەدا، نەوشیروان مستەفا ئەڵێ: بەڕێزان با ئێمە ئەم خاڵە لابەین، نەك لەبەرئەوەی کە خاڵێکی خراپە، بەڵکو لەبەرئەوەی کە ڕاستگۆ بین لەگەڵ خۆمان، بۆ وێنە؛ من بۆ خۆم (دەمم پیسە) برادەریترمان هەیە(دەستی پیسە)و هەشمانە(داوێنی پیسە)!
بەڵام هەر بۆ بابەت خاڵەکە جێگیر کرا!
بۆ دوای ڕاپەڕینیش، ئەگەر سەرکردە(فیوداڵ) و (وردە بۆژواز) و(دواکەوتوو)ەکان بە باڵایان ڕۆچووبن لە گەندەڵییدا، ئەوا بەشێکی زۆر لە سەرکردە(ڕۆشنگەر) و (ئەفەندیی)یەکانی کۆمەڵە فەنا و ئاوێزان بوون تیایدا!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە