پرسێکی بێ سۆراخ لەنێو غوباری جەنگدا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەڤاڵ عارف




لەکاتێکدا تەپوتۆزی جەنگ و تەمومژی ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە ئاسۆی دیدگای سیاسییان لێڵ کردووە وەک بڵێی غوبار و دوکەڵی ئەم جەنگە ئیقلیمییە بەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نیشتبێتەوە ئەم پرسە چارەنووسسازە لەنێو جەنجاڵی ڕووداوەکان و هاوکێشەی هێزە گەورەکاندا بە ونی و نادیاری ماوەتەوە، ئێستا مۆتەکەی جەنگ نەک هەر نەخشەی ناوچەکە  بەڵکو وردەکارییەکانی کاتی لەدایکبوونی کابینەی نوێشی وا قووتداوە هیچ سەرەداو و تارمایی و ئاماژەیەکی ڕوونی بۆ دەربازبوون لەم  بێسۆراخیە سیاسییە بەجێنەهێشتووە.

لەم ساتەوەختەدا ڕەنگە لە ڕوواڵەتدا وروژاندنی پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێ لەنێو کڵپەی ئاگری جەنگی ناوچەکەدا وەک ئیشکالییەتێکی لۆژیکی دەربکەوێت بەڵام بە پێچەوانەی ئەو دیدگانەی ئەم هەنگاوە وەک ئەولەوییەتێکی دواخراو وێنا دەکەن لەم هاوکێشەیەدا هەوڵدان بۆ هەڵواسینی چارەنووسی ناوخۆ بە بەرۆکی گۆڕانکارییە دەرەکییەکان تەنها بەمانای ملکەچییە بۆ هەڵچوون و داچوونە سیاسییەکانی ناوچەکە و خۆبەدەستەوەدانە بەو قەدەرە نادیارەی، کە بەرژەوەندی جەنگەکان دەیسەپێنن بۆیە بۆ دەرچوون لەئینتیزاری پێکهینانی کابینەی نوێ دەبێت سەیری کاتژمێری هەولێر بکرێت نەک کاتژمێری تاران و واشنتۆن، واقیعە سیاسییەکەش دەری دەخات ئێستا گونجاوترین دەرفەتە بۆ خۆکۆکردنەوە لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکی نوێی حوکمڕانیدا چونکە لێکەوتەی پەرەسەندنە سەربازییەکان سازانێکی خۆرسک و کۆدەنگییەکی درووست کردووە، کە پێشتر لە غیابی ئەم هاوئاراستەییەدا پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت گەیشتبووە بنبەست، ئەم هاوڕاییەش لەپاڵ مامەڵەی ژیرانەی هەرێم  بۆ خۆپاراستن لە گێچەڵی تێوەگلان لە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کاتێک دەگاتە ئەنجامی کۆتایی، کە لێکتێگەیشتنی سیاسی ببێتە بنەمایەک بۆ دامەزراوەسازی دەسەڵات و پڕۆسەی حوکمڕانی لە قاڵبێکی نوێدا بەرجەستە ببێت کەواتە دەکرێت هەڵکشانە سیاسییەکانی ئێستا بکرێتە دەرفەت و داینەمۆی کردنەوەی گرێ و گۆڵەکانی کابینەی داهاتوو و نوێکردنەوەی پڕۆسەی دەسەڵات نەک زیاتر پەکخستنی، بەو پێیەی ئێستا ئێمە لە قۆناغی دیموکراسی هەڵپەسێردراوداین، کە تێیدا دەنگدەر ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەنجامەکان لەناو پرۆسەی هەرسکردنی جەنگدا گیریان خواردووە.

ئەم پێویستییە لۆژیکییەی نێوان پاراستنی قەوارە و نوێکردنەوەی شەرعییەت تەنها گریمانەیەکی تیۆری نییە بەڵکو ئەزموونێکی بەرجەستەی حکومڕانییە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە ستراتیژییەش تاران وەک نموونەیەکی زیندوو لە ناو ئاگر و ئاسن و لە ژێر هێرشی مووشەک و فرۆکەو درۆنداو لەژێر دارووپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا پڕۆسەی دیاریکردنی ڕابەری نوێ و یەکلاکردنەوەی سەری دەسەڵاتی دوا نەخست بۆ ئەوەی پیشانی بدات کە دامەزراوەی بەهێز لە ناو تەنگژەدا قاڵ دەبێتەوە نەک ئیفلیج بکرێت کەچی لێرە بە پێچەوانەوەیە هەمان ئەو جەنگەی لە تاران بووەتە بزوێنەری شەرعییەت دەکرێتە پاساوی بێ بنەما بۆ دواخستنی پێکهێنانی حکومەت، خاڵی جەوهەری ئەم پارادۆکسەش ئەوەیە لە نێو قوڵایی جەنگی تاراندا شەرعییەت نۆژەن دەکرێتەوە و لێرەش لەژێر سێبەری هەمان تەمومژدا ئیرادەی سیاسی پەک دەخرێت، بۆیە بژاردەی ئەقڵانی و جەوهەری لەم تەوقیتەدا  ئەوەیە چیتر بونیادی دەسەڵات نەکرێتە پاشکۆی ئەگەرە دەرەکییەکان تا دامەزراوە نیشتمانییەکان خاوەن بڕیاری یەکلاکەرەوەبن نەک تەنها چاوڕوانی ئەنجامی یەکڵابوونەوەی جەنگەکان.

لەکۆتاییدا ئەم دۆخە نالۆژیکییەی ئێستا، کە تێیدا حکومەت بەرهەمی هەڵبژاردنی زەمەن و سەردەمێکە هیچ باڵانسێکی سیاسی و یاسایی تێدا نەماوەو پەرلەمانیش خاوەنی شەرعییەتی هەڵبژاردنێکی نوێیە جۆرێک لە دابڕانی سیاسی و یاسایی دروست کردووە، کە هیچ بنەمایەکی هاوبەشی یاسایی و  شەرعییەت لە نێوانیاندا نەماوە و هیچ سەرەداوێکی یاسایی ئەم دوو قۆناغە جیاوازە پێکەوە نابەستێتە ملنەدانی سیاسی نەبێت، بەردەوامیی ئەم بۆشاییە نەک هەر نالۆژیکییە زیانێکی گەورەشە بە پێگەی یاسایی و ناوبانگی سیاسی هەرێم چونکە مەحاڵە پڕۆسەی حوکمڕانی لەسەر بنەمای دوو دامەزراوەی جیاواز بەڕێوەبچێت، کە هی دوو سەردەمی سیاسیی جیاواز و دوو ئیرادەی جەماوەریی جیاواز بن.
ئەم دابڕانەش لە ناو جەوهەری دەسەڵاتدا تەنها بە پێکهێنانی خێرای کابینەی نوێ چاک دەکرێتەوە تاوەکو متمانەی سیاسی و یاسایی لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاساداناندا هاوسەنگ ببێتەوە، ئەم ئیزدیواجیەتە حوکمڕانییە وەکوو پەتایەکی مۆدێرن عێراقیشی گرتووەتەوە، کە تێیدا دەوڵەت لە نێوان دوو زەمەنی سیاسیی دژبەیەکدا دابەش بووە، جەستەیەکی جێبەجێکردن بە ئیرادەی ڕابردوو حوکم دەکات و سەرێکی یاسادانانیش بە حەقیقەتی ئێستا بیردەکاتەوە ئەم پێکدادانە نالۆژیکییە وای کردووە قەوارەکە لە ناوەڕۆکدا ببێتە پانتاییەکی بێ بڕیار، کە تێیدا دەقی یاسا و واقیعی سیاسی هەرگیز بەیەک ناگەن، بۆیە وا دەردەکەوێت لەناو غوباری ئەم جەنگەدا گەورەترین خاڵی هاوبەشی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئێستادا تەنها کۆدەنگی و بێ بڕیاری بێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی